تەنیا ٢٠%ی کارگەکانی عێراق چالاکن، ئەوانەی تر لەکار کەوتوون

عێراق لە دوو دەیەی ڕابردوودا لە ڕووی پیشەسازی و بەرهەمهێنان نەک نەیتوانیوە هەنگاوی جددی بنێت بگرە پاشەکشەیشی کردووە و زۆرێک لەو کارگانەی پێشتر بەرهەمیان هەبووە و پێداویستییەکانی ناوخۆیان پڕ کردۆتەوە داخراون و کرێکارەکانیشیان ڕەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە و خەرجییان خستووەتە سەر شانی حکوومەت، بەڵام بە پێچەوانەی عێراق لە کوردستان هەنگاوەکان بەرەو گەشەسەندنی زیاتر ڕۆیشتوون.

تا پێش ڕزگارکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ـدا، بەهۆی کاریگەرییەکانی جەنگ لە لایەک و سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر عێراق لە لایەکی تر، بەشێک لە کەرتی پیشەسازی و بەرهەمهێنان لە عێراق پەکی کەوتبوو بەڵام بەشی زۆری چالاک بوون و هەموو ئومێدەکان بۆ ئەوە بوون دوای ڕزگارکردنی عێراق و دامەزراندنی حکوومەتێکی نوێی فیدراڵی کەرتی پیشەسازی و سەرجەم کەرتەکانی بەرهەمهێنان گەشە بکەنەوە، ئەمە هەرگیز ڕووی نەدا و لە سایەی ناکۆکی و ململانێی ناوخۆیی و جەنگی تایفی، لە جیاتی ئاوەدانکردنەوەی کارگەکان، زیاتر داخران.
خەریکبوونی عێراق بە ململانێی سیاسی و ڕژانی زۆری پارە بۆ بازاڕەکانی عێراق لە دوای ڕزگاربوونی ئەو وڵاتە لە جیاتی ئەوەی کەرتە جیاوازەکان ببووژێنێتەوە، بووە هۆی پەرەسەندنی زیاتری گەندەڵی کە بە پێی هەندێک ئامار بە سەدان ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێن. ئەگەر ئەو داهاتە زۆرە لە سیستمێکی تۆکمەی سیاسی لە عێراق و لە چوارچێوەی شەفافیەتی دارایی سوودی لێ وەرگیرابا ئەوا عێراق یەکێک دەبوو لە وڵاتە بەرەمهێنەرەکانی ناوچەکە، بەڵام پێچەوانەکەی ڕووی داوە و بۆ وڵاتێکی بەستراوە و چاولەدەستی ئابووری گۆڕدراوە.
سەرووی ٩٠%ی داهاتی عێراق پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەسترێت و هەموو ئەو پارەیەش کە لە ناوخۆ بە هەر هۆکارێک خەرج دەکرێت زیاتر بۆ بەشی بەکاربردنە و ئامارە فەرمییەکان دەری دەخەن ساڵانە لانی کەم ٥٠ ملیار دۆلار لە عێراق بۆ دابینکردنی پێداویستی ناوخۆ بەرەو وڵاتانی دەرەوە دەڕوات و سوودەکەی بۆ ئەو وڵاتانەیە کە پێداویستییەکانی عێراق دابین دەکەن.
بە گوێرەی عەرەبیە کێشەی عێراق هەر ئەوە نییە کارگەکانی داخراون و کەس نەیتوانیوە ئاوەدانیان بکاتەوە، بەڵکو کێشەیەکی تری هاتووەتە سەر و مانگانە بە ملیۆنان دۆلار پارە دەچێتە گیرفانی ئەو کرێکار و کارمەندانەی پێشتر لەو کارگەیانە کاریان دەکرد و ئێستا لە ماڵەوە دانیشتون یان بە کارێکی تایبەتی خۆیانەوە خەریکن.
بەرپرسانی وەزارەتی پیشەسازی عێراق هۆکاری سەرەکیی ئەو دۆخەیان لە لایەک بۆ بێتوانایی لۆجستیکی بۆ دووبارە نۆژەنکردنەوەی کارگەکان و کەمی بودجە و لە لایەکی تر بۆ هۆکاری ساسیی گەڕاندۆتەوە.
هەندێک ئامانجی سیاسیی کە لە لایەن هەندێک بەرپرسی باڵای عێراقەوە کاری بۆ دەکرێت ئەوەندەی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی بازرگانی کەسی و گرووپییە، لە ڕاستای بەرژەوەندیی نیشتمانی نییە و قازانجی ئەو کەسانە لەوەدایە هاوردەی بە لێشاو لە وڵاتانی دەرەوە بەردەوام بێت و هیچ جێگرەوەیەکی ناوخۆیی بۆ نەدۆزرێتەوە.
هەر بە پێی ئاماری وەزارەتەکە کەرتی پیشەسازی عێراق پێش ڕووخانی ڕژێمی بەعس زۆر باشتر بوو و کۆمەڵێک کارگە لە بوارەکانی ڕستن و چنین، بەرهەمهێنانی پەینی کیمیایی، چیمەنتۆ و ئاسن و پۆڵا و ئارد و پێداویستی خۆراکی و بەرهەمەکانی شیر کاریان دەکرد کە ٢٣%ی کۆی داهاتی نەپاڵاوتووی ناوخۆیی عێراقیان پێک دەهێنا. لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە هەزار کارگە داخراون و بە گشتی ٢٠%ی کۆی کارگەکان چالاکن.
دکتور بارق شەبەر کە ڕێکخەری تۆڕی ئابووریناسانی عێراقییە بۆ سەرچاوەکە باسی لەوە کردووە کە حکوومەتی عێراق مانگانە بڕە پارەیەکی زۆر لە بری دابینکردنی مووچەی کرێکارەکان و کارمەندانی ئەو کارگانە دەداتە وەزارەتیی بازرگانی و پیشەسازی بەو هیوایەی ڕۆژێک چالاک ببنەوە و بچنە سەر کاری خۆیان بەڵام ساڵ بەساڵ دۆخەکە خراپتر بووە و ساڵانەی خەرجی ئەو کارگانە لەسەر حکوومەت دەگاتە سەرووی ٥٠٠ ملیۆن دۆلار.
هەروەها ئاماژەی داوە لە عێراق نە بە سیستمی سەرمایەداری و نە بە سیستمی سۆسیالیستی کار ناکرێت، بە هەر کامێکیان کار کرابا ئەوا دەزانرا چۆن چارەسەریی دۆخەکە بکرێت.
پێویستە ئاماژە بەو ڕاستییە بکرێت بە پێچەوانەی عێراق لە هەرێمی کوردستان دۆخەکە زۆر باش بووە و ژمارەی کارگەکانی پیشەسازی بە تایبەتی لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە بە خێرایی پەرەیان سەند و یاسای وەبەرهێنان هۆکار بوو لەوەی خەڵکێکی زۆر لە کەرتی پیشەسازی وەبەرهێنان بکات و ساڵانە کارگەی نوێ بکرێنەوە و بەرهەمەکانیان لە بازارەکانی عێراق و کوردستان ساغ بکەنەوە. هەرێمی کوردستان لە کەرتی پیشەسازی هەنگاوی باشی ناوە و بۆ نموونە ٣٠%ی کۆی کارگە پیشەسازییەکانی عێراق لە پارێزگای سلێمانین و توانراوە هەندێک پێداویستی عێراقیش لە ئاسن و چیمەنتۆ و چەندین بەرهەمی تر هەر لە هەرێمی کوردستانەوە دابین بکرێت و ئەگەر سزا داراییەکانی بەغدا بۆ سەر هەرێم و بڕینی شایستە داراییەکانی کوردستان نەبوایە دۆخەکە لەمەی ئێستا زۆر باشتر دەبوو.

ھەواڵی زیاتر