سلێمان تاشان – ههولێر
یەکێک لە کارەساتبارترین ڕووداوە سیاسییەکان بۆ گەلی کورد کە لە جەنگەی جەنگی یەکەمی جیهانیدا ڕووی دا، مۆرکردنی ڕێککەوتننامەیەک بوو لە لایەن بەریتانیا و فەڕەنسا کە دوای جەنگەکە جێبەجێ کرا و دابەشبوونی جارێکی تری کوردستانی لێ کەوتەوە و، کوردستانی بندەستی ئیمپراتۆری عوسمانیی بەسەر سێ وڵاتی نوێی عێراق و سووریا و تورکیادا دابەش کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، ١٦ی ئایار، ١٠٦ ساڵ بەسەر ڕێککەوتننامەی سایکس پیکۆدا تێدەپەڕێت؛ سەرەڕای تێپەڕینی ئەو ماوە درێژە لە جێبەجێکردنی پیلانی کۆلۆنیالیستی، هێشتا کوردستان نەبووەتە خاوەنی دەوڵەت و دوژمنان چاویان تێبڕیوە و ئامانجیانە بۆ پارچەی بچووکتریش دابەشی بکەن.
دوو ساڵ بوو یەكەم جەنگی جیهانی دەستی پێکردبوو، کە وڵاتانی زلهێز و هاوپەیمان کە دەیانزانی جەنگەکە دەبەنەوە دەستیان کرد بە داڕشتنی سیاسەتێک کە بە هۆیەوە ئیمپراتۆری عوسمانی لە نێوان خۆیاندا دابەش بکەن.
رێکەوتننامەیەک کە دواتر ناوی سایکس پیکۆی لێنرا لە ١٦ی ئایاری ساڵی ١٩١٦ لە نێوان وڵاتانی بەریتانیا و فەرەنسا و بە ڕەزامەندنی ڕووسیا مۆر کرا. ساڵی ١٩١٧ و سەرهەڵدانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر، ڕووسیا لەو پرسەیە خۆی بە دوور گرت، بەڵام دوو وڵاتەکەی دی جێبەجێیان کرد.
رێکەوتننامەکە بۆیە ناوی سایکس پیکۆی لێنرا، چونکە لەو دانیشتنەدا نوێنەری بەریتانیا مارک سایکس و نوێنەری فەرەنساش ژۆرژ پیکۆ بەشدار بوون، کە هەردووکیان شارەزاییەکی تەواویان لە ناوچەکە هەبوو و، پیشتر چەندین ساڵ وەکوو نوێنەری وڵاتەکانیان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و لەوانەش عوسمانییەکان لە پێوندیدابوون. ئەوان لەسەر کاغەز نەخشەی جیهانیان گۆڕی کە دواتر چەندین وڵاتی نوێی لێکەوتەوە.
سەرجەم ئەو ناوچانەی لە سەرەتاکانی سەدەی شازدەوە لە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتی عوسمانیدابوون دوای کۆتاییهاتنی یەکەم جەنگی جیهانی لە ساڵی ١٩١٨ـدا و لەسەر بنەمای ڕێککەوتننامەی سایکس پیکۆ لەبەریەکهەڵوەشان و، کۆمەڵێک دەوڵەتی نوێیان لەسەر بنیات نرا. لەوانە سووریا و لوبنانی ژێر دەسەڵاتی فەرەنسا، عێراق، ئوردن و فەلەستینی ژێر دەسەڵاتی بەریتانیا. ساڵی ١٩١٦ ناوچەکانی باکووری ئەفریقا کە لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکاندابوو دابەش نەکران، بەڵام دواتر ئەوانیش هەرکەوتنە ژێردەسەڵاتی فەرەنسا و بەریتانیا. بۆ نموونە فەڕەنسا بەسەر توونس و جەزایر و مەغریبدا زاڵ بوو، بەریتانیاش بەسەر میسردا زاڵ بوو.
پەیماننامەی سایکس پیکۆ کە پەیمانێکی نهێنی بوو، بریتی بوو لە ١٢ خاڵ کە خاڵەکانی چۆنیەتیی دابەشکارییەکانیان بە گوێرەی ئەو زۆنانە دەستنیشان کردبوو کە خۆیان کێشابوویان.
پێشتریش، لە ساڵی ١٥١٤ـدا لە ئاکامی سەرکەوتنی عوسمانییەکان بەسەر سەفەوییەکان لە جەنگی چاڵدراندا بۆ یەکەم جار کوردستانی گەورە دابەش ببوو و ڕێککەوتننامەی سایکس پیکۆش، ساڵی ١٩١٦ برینەکەی قووڵتر کردەوە و کوردستانی كردە چوار بەش.
لە ئاکامی ڕێکەوتننامەی سایکس پیکۆ چەندین دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ عەرەبەکان هاتە کایەوە و بە شێوەیەک چەندین دەوڵەت لەسەر بنەمای بنەماڵە عەرەبەکان دروست بوون، بەڵام کوردستان پارچەپارچە کرا و بوو بە پاشکۆی وڵاتە عەرەبییەکان و وڵاتی نوێی تورکیاوە.
لەو کاتەوە ئەو سێ پارچەیەی کوردستان کوردستان لە ژێر زوڵم و زۆریی دەسەڵاتدارانی تورک و عەرەب ناڵاندوویانە، هەروەک چۆن براکانیان لە کوردستانەکەی سەفەویش بەدەستی ڕژێمە یەک لەدوا یەکەکانی ئێرانەوە ناڵاندوویانە.
هەرچەندە لە هەرێمی کوردستان لە دوای جەنگی یەکەمی کەنداوەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراوە و شەرعییەتی نێودەوڵەتیشی هەیە و لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسیش لە ساڵی ٢٠٠٣ـەوە لەچوارچێوەی سیستمی فیدراڵی دەسەڵاتەکانی زیاتر بووە، بەڵام بە ئامانجە سەرەکییەی نەگەیشتووە کە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆیە.
ساڵی ١٩١٧ هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ئەم هەنگاوە گرنگەی نا، بەڵام بەهۆی ناپاکی ناوخۆیی و پیلانە دوژمنکارییەکان بە ئاکام نەگەیشت. کورد وازی لەم خەونە مێژووییەی خۆی نەهێناوە و گرنگترین هەنگاو کە لەو ئامانجەی نزیک دەکاتەوە یەکگرتوویی و هاوگوتاریی گەلی کوردە.