٥٦ ساڵ بەسەر داستانی ھەندرێندا تێپەڕ دەبێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

یەکێک لە داستانە ھەر بەناوبانگەکانی شۆڕشی ئەیلوول، داستانی ھەندرێنە، یەکێک لەو داستانە کەموێنە و پڕشکۆیانەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، کە ڕۆژی ١٢/٥/١٩٦٦بە دروشمی (کوردستان یان نەمان)، ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، توانی لە شەڕێکی دەستەویەخە لە چیای ھەندرێن، گورزێکی کوشندە لە سوپای ئەوکاتەی ڕژێمی بەغدا بدەن و سەرکەوتنێکی مەزنیش لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان تۆمار بکەن، کە ئێستاش نەوە دوای نەوە بۆ یەکتری دەیگێڕنەوە.

پێشمەرگەکانی شۆڕشی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر، توانیان پلانێکی مەترسیداری دوژمن دژ بە ھەرێمی کوردستان شکەست پێ بھێنن، داستانەکە بە خاڵێکی وەچەرخان دادەنرێت لە مێژووی شۆڕش و بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان.
ئەو داستانە بە بەشداری ١٥٠ پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان و حزبی شیوعی تۆمار کرا و توانیان ھێرشی پێنج ھەزار سەربازی پڕچەک و مەشقپێکراوی ئەوسای عێراق بە خوێنی سێ پێشمەرگە تێک بشکێنن و، خەونی لە نێوبردنی شۆڕشی باشووری کوردستان لەنێو ببەن.
ئەو داستانە بە خوێنی سێ ڕۆڵەی کوردستان بەناوەکانی خدر عەبدوڵڵا بەگ دەرگەڵەیی، شەھید ساڵح مام ئەلیاس ڕواندزی، عەریف یونس تۆمار کرا، سەرکەوتنی پێشمەرگە لەو شەڕەدا، وڵاتی ناوچەکەی تووشی سەرسووڕمان کرد و دەسەڵاتدارانی ئەوکاتی عێراقیشی ناچار بە دانووستاندن کرد.
بۆ کپکردنی شۆڕشی باشووری کوردستان، ڕژێمی عێراق لە شەوی ٢ لەسەر ٣ی مانگی ٥ ساڵی ١٩٦٦ بە پێنج ھەزار سەربازی پڕچەک و پاڵپشی فڕۆکەی شەڕکەر، لە چیای ھەندرێن ھێرشیان کردە سەر ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، دوای ١٠ ڕۆژ ڕووبەڕووبونەوە لە ١٢/٥/١٩٦٦ ھێزێکی ھاوبەشی پارتی دیموکراتی کوردستان و حزبی شیوعی عێراق بە ١٥٠ پێشمەرگە لە دژە ھێرشێکدا بە ‌ماوەی سێ کاتژمێر توانیان ئەو ھێزە زۆرەی عێراق تێک بشکێنن و سەرکەوتن بەسەر ھێرشی فراوانی بەعس ڕابگەیەنن.
جێگای باسە داستانی ھەندرێن لە ١٢ی ئایاری ١٩٦٦ لە کێوی ھەندرێن تۆمار کرا و گەورەترین سەرکەوتن بۆ شۆڕش و مێژووی گەلی کورد تۆمار کرا؛ کە ڕژێمی ناچار کرد ڕێککەوتننامەی ٢٩ی حوزەیرانی ھەمان ساڵ ئیمزا بکات، ھەروەھا لەو داستانەدا لیوایەک و فەوجێکی ڕژێم بە یەکجاری لەناوچوون و وێڕای کوشتن و بەدیلگرتنی سەدان سەرباز و دەستکەوتی یەکجار زۆری کەرستەی سەربازی”.

ھەواڵی زیاتر