هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

بڵند محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان: لە هه‌رێمی كوردستان ٣١ هەزار و٢٧ كۆمپانیا تۆمار كراون

سەعد هەورامی – هەولێر

بڵند محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان ڕایگەیاند، لە ڕابردوودا هه‌ر ناوێكی بازرگانی ئه‌گه‌ر كوردی بوایە یان عه‌ره‌بی، نزیكه‌ی ٦٠٠ هه‌زار دیناری وه‌ك ڕسوومات لێ وەردەگیرا و ئه‌گه‌ر ناوه‌كەش‌ بیانی بوایه‌ ملیۆنێك و ٢٠٠ هه‌زار دینار وه‌رده‌گیرا، به‌ڵام ئێستا پڕۆسه‌ی تێچووی ناوی بازرگانی بۆ كوردی و عه‌ره‌بی و بیانیش ته‌نیا ٥٠ هه‌زار دیناره‌.

بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ”پێشتر تۆمارکردنی ناوی بازرگانی مانگێک زیاتری پێ دەچوو‌، به‌ڵام ئێستا به‌ ٢٤ كاتژمێر ناوی بازرگانی تۆمار ده‌كرێت. ده‌توانین بڵێین كه‌ كه‌متر له‌ 24 كاتژمێر و بە ماوەی ١٨ كاتژمێر ئه‌م پرۆسه‌یه‌ جێبەجێ دەكرێت و تۆماری كۆمانیایش له‌ ٢٤ بۆ ٤٨ كاتژمێردا ته‌واو ده‌بێت.”
بڵند محەمەد ئاماژە بەوەش دەکات، کە له‌ ڕابردوودا چالاكییه‌كانی بواری بازرگانی و بابه‌تی تۆماری ناوی بازرگانی و تۆماری كۆمپانیا ئاسته‌نگی زۆری لەبەردەمدا بوو، كه‌ جاری وا هه‌بووه‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ مانگێكی پێ چووه‌؛ ئه‌مه‌ ته‌نیا له‌ پرۆسه‌ی تۆماری ناوی بازرگانی، پاشان له‌ قۆناغی دووه‌م كه‌ قۆناغی تۆماری كۆمپانیایه‌ ئه‌ویش ١٠ بۆ ١٥ڕۆژی پێ چووه‌، به‌ڵام ئێستا هه‌ر دوو پرۆسه‌كه‌ به‌ ٥ ڕۆژ ته‌واو ده‌بێت.
سەبارەت بە ئاسانکاری بۆ تۆماری کۆمپانیاکان، بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان دەڵێت: ”پێشتر له‌ تۆماری كۆمپانیا ده‌بوو گرێبه‌ستی پارێزه‌ر هه‌بێت و گرێبه‌ستی ژمێریار بهێنێت و هه‌ر گرێیه‌ستێكی تر، هه‌روه‌ها دامه‌زراندنی به‌ڕێوه‌به‌ری ڕێگه‌پێدراویش (مدیر المفوچیە) بێگومان دوای پڕۆسه‌ی پێدانی تۆمار بووه‌، ئێمه‌ له‌ لایه‌ن خۆمانه‌وه‌ وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتی، تا بڕوانامه‌ی كۆمپانیا ده‌رده‌چێت پێویست به‌ گرێیه‌ستی پارێزه‌ر و گرێبه‌ستی ژمێریار ناكات، به‌ڵام دوای ده‌رچوون و وه‌رگرتنی پڕوانامه‌ی كۆمپانیا كه‌ كۆمپانیا ئاماده‌ بوو بۆ كاركردن، ئه‌و كات پێویست به‌ گرێبه‌ستی پارێزه‌ر یان ژمێریار هه‌ر گرێبه‌ستێكی تر ده‌كات. هاوكات ئێمه‌ قۆناغه‌كانی كاركردنمان زۆر خێرا كردووه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی نیوه‌ی ئه‌و ڕێكارانه‌مان به‌ئه‌لیكترۆنی كردوون، به‌ڵام پلانی نوێمان هه‌یه‌ كه‌ سه‌رجه‌م ئه‌م ڕێكارانه‌ بكه‌ینه‌ ئه‌لیكترۆنی.”
بڵند محەمەد ڕایگەیاند، لە ڕابردوودا هه‌ر ناوێكی بازرگانی ئه‌گه‌ر كوردی بێت یان عه‌ره‌بی نزیكه‌ی ٦٠٠ هه‌زار دینار وه‌ك ڕسوومات وه‌رده‌گیرا، ئه‌گه‌ر ناوه‌كه‌ بیانی بووایه‌ ملیۆنێك و ٢٠٠ هه‌زار دینار وه‌رده‌گیرا، به‌ڵام ئێستا پڕۆسه‌ی تێچووی ناوی بازرگانی بۆ كوردی و عه‌ره‌بی و بیانیش ته‌نها ٥٠ هه‌زار دیناره‌، هه‌روه‌ها پڕۆسه‌ی تۆماری كۆمپانیا پێشتر ١٥٣ هه‌زار دینار ڕسووماتی مه‌قتوع بوو. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر كۆمانپایه‌كیش سه‌رمایه‌كه‌ی له‌ سه‌رووی ملیۆنێك بوو، بۆ هه‌ر ملیۆنێك ٤ هەزار و ٥٠٠ هەزار دینارمان وه‌رده‌گرت، ئێستا بووه‌ته‌ ٦٢ هه‌زار دینار، هه‌روه‌ها له‌ بری وه‌رگرتنی ٤ هەزار و ٥٠٠ دیناره‌كه‌ ئێستا ته‌نیا بڕی ٢هەزار و٥٠٠ دینار وه‌رده‌گیرێت، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات كۆمپانیا به‌ كه‌مترین تێچوو دابمه‌زرێت، كه‌ ئه‌مه‌ش ڕێخۆشکەر بووە بۆ ئەوەی زۆرترین وه‌به‌رهێنه‌ر له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ ڕوو له‌ هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، چونكه‌ له‌ حكوومه‌تی فیدڕاڵ تێچووی تۆماری كۆمپانیا چوار هێنده‌ی تێچووی هه‌رێمی كوردستانه‌. هه‌روه‌ها زه‌مینه‌یه‌كی باشمان بۆ وه‌به‌رهێنه‌ری بیانی ڕه‌خساندووه‌ و به‌ پێی یاسای ژماره‌ ٢١ی ساڵی ١٩٩٧ كۆمپانیای بیانی ده‌توانێت ١٠٠٪ كۆمپانیاكه‌ی به‌ ناوی خۆی تۆمار بكات، به‌ڵام له‌ حكوومه‌تی عێراق ده‌بێت ٤٩% کۆمپانیاکەی به‌ ناوی خۆی تۆمار بکات، هه‌روه‌ها دوای گشتاندنه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، مه‌رجە ده‌بێت ٧٠%ـی ده‌ستی كاری ناوخۆیی كار له‌ كۆمپانیاكان بكه‌ن، ئێمه‌ به‌رده‌وام هۆشداری به‌ كۆمپانیاكان ده‌ده‌ین له‌ كاتی دامه‌رزاندنیان كه‌ ده‌بێت زۆرینه‌ی كارمه‌نده‌كانیان ده‌ستی كاری ناوخۆیی بێت.
لەبارەی بە بابەتی باجیش بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان ڕاشیگەیاند: ”باج له‌سه‌ر قازانج وه‌رده‌گیرێت، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ به‌ پێی یاسای ژماره‌ ٢١ی ساڵی ١٩٩٧ ڕێگه‌ دراوه‌ له‌ ماوه‌ی ٩ مانگ تا ١٠ مانگ ڕاپۆرتی دارایی خۆی ئاماده‌ بكات و پێشكه‌شی بكات، به‌ڵام خاوه‌نی كۆمپانیا ده‌بێت ٢ مانگ جارێك سه‌ردانمان بكات بۆ ئه‌وه‌ی ڕاپۆرتمان پێ بدات، بۆ ئه‌وه‌ی مانگی ٩ میزانییه‌ی خۆی ئاماده‌ بكات، بۆیه‌ ئێمه‌ ڕێگه‌مان پێ داون كه‌ ٢ مانگ جارێك ڕاپۆرتی خۆیان پێشكه‌ش بكه‌ن”.
بە گوتەی بڵند محەمەد، تا ئێستا له‌ هه‌رێمی كوردستان ٣١ هەزار و٢٧ كۆمپانیا تۆمار كراون کە ٢٧ هەزار و ٧١٣ کۆمپانیایان خۆماڵین و ٣هەزار و ٣١٤ کۆمپانیایان بیانین و كۆمپانیا توركییه‌كانیش له‌ سه‌رووی ڕیزبه‌ندی كۆمپانیا بیانییه‌كاندان، پاشان ئێرانی و ئینجا ئه‌مریكییه‌كان، دواتریش بریتانیا و ئوردنییه‌كان له‌ ڕیزبه‌ندییه‌ دێن.
بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان دەشڵێت، تا ئێستا ٤ هەزار و ٥٠٠ كۆمپانیا خۆیان پاكتاو كردووه‌، نه‌ك ئیفلاس، كه‌ زۆرترین ڕێژه‌ی هی سێ ساڵی كۆتاییه‌، به‌هۆی ئه‌و دۆخه‌ ناله‌باره‌ی به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا هات‌.