کونسوڵی ئیمارات سوپاسی گەل و سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان دەکات

کونسوڵی گشتی ئیمارات لە هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو پەیامانەی سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان ئاراستەی ئیماراتیان کردووە، بۆ کۆچی دوایی خەلیفە بن زاید، سەرۆکی ئیمارات، سوپاسی سەرکردایەتی و گەلی کوردستانی کرد و دووپاتیشیکردەوە کە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات پەیوەندیی مێژووین و ستایشی سەرۆک بارزانی کرد کە هۆکاری سەرەکییە لە بنیاتنان و بەهێزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئیمارات و هەرێمی کوردستان.
ئەحمەد ئەلزاهیری، کونسوڵی گشتی ئیمارات لە هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: “بەناوی کونسوڵخانەی ئیماراتەوە سوپاسی هەرێمی کوردستان دەکەین، کە لەسەر ئاستی سەرکردایەتی و گەلەکەیان هاوخەمی خۆیان بۆ کۆچی دوایی شێخ خەلیفە بن زاید سەرۆکی ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو دەربڕی”.
گوتیشی: “پەیوەندییەکانی ئیمارات و هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی باشدایە و بەهێزە، ئەمەش بۆ کەسایەتی بە‌هێزی سەرۆک مەسعود بارزانی دەگەڕێتەوە، کە پەیوەندییەکی بە‌هێزی لەگەڵ ئیمارات هەیە، هیوادارین ئەو پەیوەندییانە لە داهاتووشدا بەردەوام بێت”.
کونسوڵی ئیمارات، ئاماژەی بەوەشکرد: “شێخ خەلیفە کەسایەتییەکی خۆشەویست بوو لەلایەن هەموو گەلانی ناوچەکە دامەزراوەی ئەلنەهیان پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ دامەزراوە مرۆییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، بەتایبەتی دەزگای خێرخوازی بارزانی، ئەو پەیوەندییەش لەسەر بنەمای دۆستایەتی و هاوکاری هەردوولا دروستبووە، سەرکردایەتی ئیمارات پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ سەرکردایەتی هەموو جیهان هەیە، لەنێویاندا سەرکردایەتی و گەلی هەرێمی کوردستان، وەک کونسوڵخانەی ئیمارات لەگەڵ دەزگای خێرخوازی بارزانی کاری هاوبەشمان هەیە، چەندین پڕۆژەی هاوبەشمان بۆ منداڵانی ئاوارە و بێسەرپەرشت هەیە، کە بە سوپاسەوە هەرێمی کوردستان میوانداری کردون”.
جەختیکردەوە: “جارێکی دیکە پابەندبوونی خۆمان بۆ ئەو هاوکاری و دۆستایەتییە دووپات دەکەینەوە، لە بواری هاوکاری مرۆیی دا”.

ھەواڵی زیاتر