بەشی وەرگێڕانی گووگڵ، كوردیە سۆرانیەکەیشی پێ زیاد کرا

بە فەرمی زمانی كوردی سۆرانی چووە لیستی زمانەكانی وەرگێڕی گووگڵ و بووە 133 زمان لە جیهاندا؛ واتە دەتوانن وەرگێڕان لە كوردی سۆرانی بكەن بۆ 133 زمان و بە پێچەوانەشەوە.

ئەندازیار “بۆكان جاف”، دامەزرێنەری كۆمەڵەی گووگڵ كراودسۆرس لە عێراق و هەرێمی كوردستان كە ئەندازیارێكی كوردە و خەڵكی شاری هەڵەبجەی شەهیدە و ئەو كەسە بوو كە ماوەی حەوت ساڵە سەرقاڵی دانانی زمانی كوردی سۆرانیە لە بەشی وەرگێرانی گۆگڵ.
كۆنسوڵخانەی ئەمریكا لە شاری هەولێر بەیاننامەیەكی لەم بارەیەوە بڵاوكردووەتەوە و نووسیویەتی : “كۆمپانیای گوگڵ زیادكردنی شێوەزاری سۆرانیی زمانی كوردی بۆ خزمەتگوزاریی وەرگێڕانی ئەلیكترۆنیی كۆمپانیاكە كە بە گوگڵ تڕانسلەیت ناسراوە (Google Translate) ڕاگەیاند. پیرۆزباییەكی گەرم لە هەموو ئەوانەی بە شێوەزاری سۆرانی دەدوێن و كۆمەڵگای فراوانی هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی تری جیهان دەكەین بەم بۆنە تایبەتەوە.
(د. مۆئمین زەڵمی) كە پسۆڕێكی زمانی كوردییە خۆشحاڵی خۆی دەربارەی دانانی دیالێكتی سۆرانی لە بەشی وەرگێڕانی گووگڵدا دەڕبڕیوە و دەڵێت: زیادكرانی زمانی كوردی سۆرانی بۆ وەرگێڕانی گووگڵ یەكێكە لە هەواڵە جوانەكانی ٢٠٢٢، ئەمە دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ كوردەكان، بۆ كوردستان و ئەو گەنجە سەربەرزانەش چەند ساڵێكە سەرقاڵی ئەم پرۆژەیەن.
هەروەها (ڕەحیم ڕەشیدی) ڕۆژنامەنووس و چالاكوانێكی كوردی دانیشتووی ئەمریكایە دەڵێت لە ساڵی 2016وە، زاراوەی كرمانجی لە بەشی وەرگێڕانی گووگڵ هەیە، بە خۆشحاڵییەوە ئیدی لەمەوپاش زارەوەی سۆرانی بۆ وەگێران لەم تۆرە كۆمەڵایەتیەدا بەردەستە. هەنووكە نزیكەی ٢میلیۆن و ٥٠٠هەزار وشە و دەستەواژەی كوردی لە بەشی زانیاری گووگڵدا هەیە، بەردەوامیش لە لایەن سەدان خۆبەخشەوە كاری تێدا دەكرێ و زیاد دەبێ.. بە شانازییەوە خۆبەخشانە لەو پڕۆژەیەدا كارم كردوە و یارمەتیم داوە. دیسان پیرۆزە لە هەمووان و ماندوونەبوون و دەستخۆشی بۆ گشت ئەو تێكۆشەرانەی خۆبەخشانە لەم بوارەدا كاریان كردوە و دەیكەن. زمان بڕبرەی پشتە و هەرچەندە خەباتەكەمان دژوار بێ دەبێ بە زمانی خۆمان بیگێڕینەوە و تۆماری بكەین…

ھەواڵی زیاتر