نێچیرڤان بارزانی : مامۆستایان كلیل و بناغەی سەركەوتنی هەر كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوون 

نێچیرڤان بارزانی،سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكی پیرۆزباییدا بە بۆنەی شەستەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان،رایدەگەێنێت، مامۆستایانی دڵسۆزی كوردستان بەرگەی هەموو تەحەدییەكانیان گرتووە و لە ئەركی پیرۆزی پەروەردەكاری و فێركردن بەردەوام بوون و كۆڵیان نەداوە.
لە شەستەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، بە گەرمی لە تەواوی مامۆستایانی كوردستان پیرۆز دەكەم، هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم. بەوپەڕی ڕێز و پێزانینەوە ڕۆڵی گرنگ و پیرۆزی مامۆستایان و هەوڵ و كۆششیان بۆ فێركردن، پەروەردەكردن و پێگەیاندنی نەوەكانی ئێستا و داهاتووی كوردستان، بەرز دەنرخێنین.
بەرپرسیاریەتی، ئامادەیی و ڕۆڵی پێشەنگانەی مامۆستایان بۆ پەروەردەكردن و پێگەیاندنی تاك، لە ڕۆژانی سەختی شۆڕش و لە ئێستای ئازادیشدا، مایەی دەستخۆشی و پێزانینە. لە ڕۆژگارە هەرە سەختەكانیشدا، مامۆستایانی دڵسۆزی كوردستان بەرگەی هەموو تەحەدییەكانیان گرتووە و لە ئەركی پیرۆزی پەروەردەكاری و فێركردن بەردەوام بوون و كۆڵیان نەداوە.
نەوەكانی ئێستا و داهاتوو ئەمانەتی مامۆستایانن، بۆیە مامۆستایان كلیل و بناغەی سەركەوتنی هەر كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوون و ڕۆڵیان لە برەودان بە كولتووری یەكترقبووڵكردن و لێبوردەیی و پێكەوەژیان هەیە. مامۆستایانی كوردستان شایستەی گوزران و ژیانێكی باشترن، هەموو پشتگیرییەك بۆ ماف و داواكاری و شایستەكانیان دووپات دەكەینەوە و بە ڕێز و پێزانینەوە لە ڕۆڵ و خزمەتی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان دەڕوانین.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان

ھەواڵی زیاتر