ئەو دەشڵێت: “بۆ گەلی کورد و هەموو هاونیشتمانییانم ئەمە دەستکەوتێکی مەزنە، لەگەڵ ئەوەی جێی خۆیەتی سوپاسی زۆری کونسوڵخانەی ئەمریکا بکەم کە زۆر هاوکارم بوون لەو سەرکەوتنە و لەرووی مەعنەوییەوە تەواو پشتگیرییان کردین.” کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە پەیجی خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی: “دەمانەوێت بە تایبەتیش پیرۆزبایی لە بۆکان جاف، کە گەنجێکی شاری هەڵەبجەیە و یەکێکە لەوانەی بە شێوەیەکی سەرەکی کاری لەسەر ئەم پڕۆژەیە کردووە، بکەین. بۆ خۆتەرخانکردن و کاری جیددی بۆ پڕۆژەکە کە هەوڵەکانی بوونە هۆی گەیشتن بەم پێشهاتە گرنگە بۆ زمانی کوردی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی”. بۆکان، کە بەقسەی خۆی ماوەی حەوت ساڵ دەبێت، جگە لە ماندووبوونی خۆی دەیان هەزار دۆلاری بۆ گەیشتنە ئامانجەکەی خەرجکردووە، هەروەها قسەی بۆ حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش هەیە و دەڵێت: “پێویستە هەموو هەوڵێکی لەو جۆرە پشتیوانی لێبکرێت، داوا دەکەم حکومەت و لایەنەکانی پەیوەندیدار هاوکاربن بۆ ئەوەی کارەکە بەردەوام بێت و سەرپێ بخرێت و خەسڵەتی دەنگیش زیادبکرێت کە ئێستا لە هەوڵداین، هەندێک کار هەیە پێویستی بە هاوکاریی زیاتر هەیە و توانای باشتری دەوێت.” زیاتر لە 300 ملیۆن کەس بەو زمانە نوێیانە قسە دەکەن کە گووگڵ زیادی کردوون، لەوانە زمانی میزۆ کە لەلایەن 800 هەزار کەسەوە لە باکووری رۆژهەڵاتی هیندستان بەکاردەهێندرێت. بۆکان جاف لەساڵی 2015ەوە بووەتە ئەندامی کۆمەڵگەی گووگڵ و لەساڵی 2019 کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق و هەرێمی کوردستانی دامەزراندووە، سەبارەت بە وشە و رستەکانی نێو وەرگێڕانە کوردییەکە دەڵێت: “نزیکەی 90٪ی وشە و رستەکان لەنێو وەرگێڕانەکە هەیە و هەوڵدەدەین زیاتری بکەین، لەو ئەندامانەی لە کۆمەڵەکەماندا هەبوون بەشێکیان کاری زۆر باشیان کردووە و زۆر ماندووبوون و دەقی زۆریان وەرگێڕاوە.” لە پای ماندووبوونیان کۆمپانیای گووگڵ سوپاسی ئەو کەسانەی کردووە، کە زۆرترین رۆڵیان هەبووە لە زیادکردنی ئەو زمانە بۆ خزمەتگوزاریی وەرگێڕان. بۆکان دەڵێت: “کۆمپانیای گووگڵ بەڕەسمی پیرۆزبایی لە بەندە کرد و لە چەند رۆژی داهاتوودا بە هەموو بەکارهێنەرانی کورد دەگات.” شێوەزاری سۆرانیی زمانی کوردی، زمانی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. بەشێوەیەکی سەرەکی لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین لە هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە باشووری کوردستان بەکاردەهێندرێت. لە بەشێکی رۆژهەڵاتی کوردستانیش بەهەمانشێوە شێوەزاری کرمانجیی خواروو بەکاردەهێندرێت. لیستی بەشێک لەو زمانە نوێیانەی زیادکراون بەمشێوەیەن: – کوردی (سۆرانی): لەلایەن نزیکەی هەشت ملیۆن کەسەوە بەکاردەهێندرێت. – ئاسامێسێ: لەلایەن نزیکەی 25 ملیۆن کەسەوە لە باکووری رۆژهەڵاتی هیندستان بەکاردێت. – ئەیمارا: لەلایەن نزیکەی دوو ملیۆن کەسەوە بەکاردەهێندرێت لە چیلی و پیرۆ – بامبارا: لەلایەن 14 ملیۆن کەسەوە لە مالی بەکاردەهێندرێت. – بهۆجپوری: لەلایەن نزیکەی 50 ملیۆن کەسەوە لە هیندستان، نیپاڵ و فیجی بەکاردێت – کریۆ: لەلایەن نزیکەی چوار ملیۆن کەسەوە لە سیێرالیۆن بەکاردەهێندرێت – مەیسیلی: لەلایەن نزیکەی 34 ملیۆن کەسەوە لە باکووری هیندستان بەکاردەهێندرێت – لینگالا: لەلایەن نزیکەی 45 ملیۆن کەسەوە لە کۆماری کۆنگۆ، کۆماری ئەفریقای نێوەڕاست و ئەنگۆلا و باشووری سوودان بەکاردەهێندرێت
چوارشەممەی رابردوو کۆمپانیای گووگڵ زیادکردنی 24 زمانی دیکەی بۆ خزمەتگوزاریی وەرگێڕانی گووگڵ راگەیاند، یەکێک لەو زمانانەش شێوزاری سۆرانی (کرمانجی خواروو)ـی زمانی کوردی بوو. یەکێک لە بەشداربووانی پڕۆژەکەش دەڵێت: “لەنێو 127 زماندا زمانی کوردی شێوەزاری سۆرانی زۆرترین داتای هەبوو، بۆیە خرایە خزمەتگوزاریی وەرگێڕانەوە.” بۆکان جاف، لە دایکبووی 1991ە و دانیشتووی هەڵەبجەیە، لە یەکێک لە کۆمپانیاکانی بواری ئینتەرنێت لە هەڵەبجە کار دەکات، سەبارەت بەو دەستکەوتەیان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “ماوەی حەوت ساڵ دەبێت هەوڵەکانمان بۆ ناساناندنی زمانی کوردی (سۆرانی) دەستپێکردووە بۆ ئەوەی بیخەینە نێو خزمەتگوزاریی وەرگێڕانی گووگڵەوە، لە کۆتاییدا توانیمان رۆژی 11ی ئەم مانگە بگەینە ئامانجەکەمان. گووگڵ لە کۆی 127 زمان، 24 زمانی هەڵبژارد بۆ ئەوەی بیانخاتە نێو خزمەتگوزاریی وەرگێڕانەوە، یەکێک لەوانە زمانی کوردی (شێوەزاری سۆرانی) بوو.” بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق و هەرێمی کوردستان، کە کاریان لەو پرۆژەیەدا کردووە. بۆکان لەو بارەیەوە دەڵێت: “ئێمە لە کۆمەڵەی گووگڵەوە دەستمانپێکرد و لەو کۆمەڵەی کە داممەزراند نزیکەی 7 بۆ 8 هەزار کەس ئەندام بووین، ئیدی رۆژانە هەوڵی داخڵکردنی وشە و رستە و وەرگێڕان بووین، داتایەکی زۆرمان خستووەتە نێو سیستمەکەوە، بۆ نموونە من 245 هەزار دەقم لە رستە و وشە خستووەتە سیستەمەکەوە، دەتوانم بڵێم 2 ملیۆن و 380 هەزار و 800 داتامان خستووەتە نێو سیستەمەکەوە.” بەپێی کۆمپانیای گووگڵ نزیکەی هەشت ملیۆن کەس بە زمانی کوردی (سۆرانی) قسە دەکەن و زۆربەیان لە عێراقن، کۆمپانیاکە ناوی هەریەک لە بۆکان جاف، میدیا غازی زادە، رۆشنا عومەر عەبدولڕەحمان، سامان وەیسیپوور، سەرچیا خوڕشید-ی هێناوە، کە رۆڵیان لەو کارەدا هەبووە و سوپاسی کردوون. پێشتر گووگڵ زمانی کوردی (کورمانجی سەرووی) بۆ خزمەتگوزاریی وەرگێڕانەکەی زیادکردبوو، ئێستا زمانی کوردی (سۆرانی) بەردەستە بۆ ئەو کەسانەی خواستی وەرگێڕانیان هەیە، تەواوی ئەو زمانانەی لە ئێستا خزمەتگوزاریی وەرگێڕانی گووگڵ بەردەستن، 133 زمانن. بۆکان جاف، بەکالۆریۆسی لە زمانی ئینگلیزیدا هەیە، ئەو یەکێکە لەو کەسانەی خولیایەکی زۆری بۆ تەکنەلۆژیا هەیە، بە سەرکەوتنی خۆی و هاوڕێیەکانی تەواو دڵخۆشە و گوتی: “ئەو رۆژەی زیادکردنی شێوەزاری سۆرانی بۆ زمانەکانی گووگڵ راگەیێندرا لە خۆشیدا مۆبایلەکەم فڕێدا و هاوارم کرد.”