دهقی پهیامی وهزیری تهندروستی:
رۆژی جیهانی پەرستاران پیرۆزبێت .
به بۆنهی 12ی ئایار … (رۆژی جیهانی پهرستاران) …
پیرۆزبایی و سوپاس و پیزانینی خۆمان و وەزارەتی تەندورستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرجەم پەرستارانی جیهان بەگشتی و خوشک و برایانی پەرستاران و کارمەندانی تەندروستی مرۆڤدۆست و ماندونەناس لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی دەکەین.
هاوڵاتیانی خۆشەویست…
ڕۆژێکی جیهانی لە ساڵدا تەنها ڕۆژێک نیە بەرامبەر پیرۆزی ئەم پیشەیە و دڵسۆزی پەرستاران، بەڵکو پەیامێکی گەورەی مرۆڤدۆستیە بۆ بەبیرهێنانەوەی کۆمەڵگە و حکومەت و بەشداربووانی ناو سیستەمی تەندروستی کە بۆ هەموومان پەرستار جێگرەوەی دایک وباوک و خوشک و براکانمانە لە ناو دامو دەزگا تەندروستیەکان هەم بۆ خۆپارێزیمان هەم بۆ نەخۆشەوانیمان و کەمکردنەوەی ئازارە دەروونی و جەستەییەکان.
ڕۆڵی پهرستاران و کارمەندانی تەندروستی لە ڕۆژانی ئاسایی لە پڕاکتیزەکردنی پیشەکەیان و تەنانەت له تهواوی پێشهات و قهیران و کارەساتەكانی ڕابردوو و ئێستاشدا دەبینین کە چۆن پێشهنگ و پێشمهرگه ئاسابوونە له قەیرانی دارایی و بەتایبەتی لە ڕۆژانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستان لە سەنگەری شەڕەف و بەرگریکردن لەگەڵ برا پێشمەرگە قارەمانەکان و لە پێشوازی و خزمەتکردنی ئاوارە و پەناهەندەکان و خزمەتکردنی هاوڵاتیان و نەخۆشان لە دامودەزگا تەندروستیەکان هەردەم له هێڵەكانی پێشهوه بوونە لە ڕووداوە جۆراوجۆرەکان بەتایبەتی لە دواهەمین قەیرانی جیهانی بڵاوبوونەوە و تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا کە پەرستاران و کارمەندانی تەندروستی شانبەشانی خوشک و برایانی پزیشکان و دڵسۆزانی وڵات بوونە فریادڕەس و رزگارکەری سەدان هەزار هاوڵاتی به گیانی مرۆڤدۆستانە و نیشتمانپەروەرانە بهوپهڕی لێهاتوویی ڕووبهڕووی ههموو قۆناغهكانی گهڕان و پشكینین و چارهسهری بوونەوە و ڕۆڵی بهرچاو و نمونهییان بینی تا ڕادەی خۆبەختکردن و قوربانیدان بە خۆیان و خانەوادەیان کە هەردەم وەکو ئەستێرەی گەشاوە لە ئاسمانی مرۆڤایەتیدا دەگەشێنەوە و دەبنە ههوێنی پتەوی دڵسۆزان بۆ بەرەوپێشبردنی ڕەوشی تەندروستی و خزمهتگوزاری تهندروستی له كوردستانی خۆشەویست.
بەم بۆنەیەوە سەری ڕێز و نەوازش بۆ هەموو قوربانیانی ناوەندەکانی تەندروستی و تەندروستکاران دادەنوێنین کە بەهۆی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و ڕوداوەکان گیانیان بەخشکرد. سڵاو ڕێزی بێ پایانمان بۆ کەسوکار و خانەوادەی سەربەرزیان، هیوای تەمەن درێژی و ژیانێکی ئاسودە بۆ هەمووان دەخوازین.
پەرستارانی خۆشەویست …
حکومەتی هەرێمی کوردستان و وهزارهتی تهندروستی وێڕای ڕێز و سوپاسگوزاری و دهستخۆشی لە ئهرك و ماندووبونی یەکە بە یەکەی پەرستاران و کارمەندانی تەندروستی، پاڵپشتی و پشتیوانی تهواوی ماف و داخوازیهكانتان دهبێت بە پابەندبوونمان بە فەراهەمکردنی داوا ڕەواکان، دووپاتی دەکەینەوە کەوا پهرستاران و کارمەندانی تەندروستی له پێشتر و ئێستاشدا کۆڵەگەی سەرەکی و بڕبڕەی پشتی خزمەتگوزاری و بنەمای پێشخستنی سیستەمی تەندروستینە، پێویستیان به مافی زیاتر و سازكردنی زهمینهی لهبارتر ههیه بۆ پێشخستنی زیاتری تواناكان و خۆشگوزەرانیان، دەرەنجام بۆ پتەوکردنی جومگەکانی چاکسازی لە سیستەمی تەندروستی کە دەبێت سوود لە تواناو پسپۆڕیەتی خزمەتگوزاری پەرستاری وەربگرین و ببنە ڕەگی خزمەتگوزاری تەندروستیەکی پێشکەوتوو بۆ گەیشتنمان بە ئایندە و داهاتووی گەشی تەندروستی لە هەرێمی کوردستاندا.
لە کۆتایدا … جارێکی تر سڵاو له خزمهت و ماندوبوونتان، دووباره پیرۆزه ڕۆژی جیهانی پهرستاران.
د. سامان حسین بەرزنجی
وەزیری تەندروستی
حکومەتی هەرێمی کوردستان
12ی ئایار