سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

لە سلێمانی ژمارەیەک دەرۆزەکەر دەستگیرکران

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگه‌ی سلێمانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌م ده‌ستگیركردنی 15 ده‌رۆزه‌كه‌ری له‌ شاره‌كه‌ ڕاگه‌یاند، جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ له‌و هه‌ڵمه‌ته‌یان به‌رده‌وام ده‌بن.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ ده‌ڵێت “دوای سکاڵای ھاووڵاتییان کە دەرۆزەکاران لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکان بوونەتە ھۆی بێزارکردنیان، مەفرەزەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ھەڵمەتێکیان بۆ دەستگیرکردنیان دەست پێ کرد”.

ڕاشیگه‌یاند “ئەمڕۆ چوارشه‌م مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی ڕێککاریی 15 دەرۆزەکاریان دەستگیر کرد کە یەکێکیان بەناوی فاڵگرتنەوە و نوشتە و جادووەوە ھاووڵاتییانی فریوداوە”.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند “ھەڵمەتەکانی پۆلیسی سلێمانی بەردەوام دەبێت بۆ دەستگیرکردنی دەرۆزەکاران و ئەو کەسانەی بەناوی نوشتە و جادووەوە ھاووڵاتییان فریو دەدەن”.

جێی باسه‌ دوێنێ سێشه‌م مەفرەزەکانی پۆلیس توانیبوویان چوار تۆمەتباری ئافرەت دەستگیر بکەن کە ھێرشیانکردبووە سەر ھاووڵاتییەک و بڕێک پارەیان لی دزیبوو.