بە ئامادەبوونی 83 وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش ئەمڕۆ چوارشەممە لەسەر بانگهێشتی ناسر بۆریتە وەزیری دەرەوەی مەغریب و ئەنتۆنی جەی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە شاری مەراکیش کۆبوونەوە.
هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش دوای کۆبوونەوەکە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشییان لەبارەی جموجۆڵ و هێرشەکانی ئەم دواییەی تیرۆریستانی داعش بڵاوکردەوە.
لە بەشێکی ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە “لە کۆبوونەوەکەدا وەزیرەکان گرنگیی تەرخانکردنی هاوکاری پێویستی هاوپەیمانانیان بۆ هاوبەشەکانیان لەدژی داعش دووپات کردەوە.”
ئەوەش خراوەتەڕوو کە “هاوپەیمانێتییەکە لە دابینکردنی پشتیوانی هێزی پێشمەرگە کوردستان و هێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆ لەناوبردنی داعش بەردەوام دەبێت.”
لە ڕاگەیەنراوەکە هاوپەیمانیێتییەکە جەختی لەسەر بەهێزکردنی تواناکانی هێزە هاوبەشەکانیان کردووەتەوە لە عێراق و سووریا بۆ لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش.