سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ باڵيۆزى ڕووسيا كۆبووه‌وه‌

پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2022/5/11 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى ‏‏هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز ئيلبروس كوتراشێڤ باڵيۆزى ڕووسيا له‌ ‏‏عيراق‎ ‎و شاندێكى ياوه‌رى كرد.‏

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا دوايين پێشهاته‌ سياسييه‌كانى عيراق و دواكه‌وتنى پرۆسه‌ى ‏‏هه‌ڵبژاردنى سه‌ركۆمار و پێكهێنانى حكوومه‌تى تازه‌، په‌يوه‌ندييه‌كانى ڕووسيا له‌گه‌ڵ ‏‏عيراق و هه‌رێمى كوردستان و په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، تاوتوێ ‏كران.‏

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى جه‌ختى له‌ پێويستيى گفتوگۆ و گه‌يشتنى هێز و لايه‌نه‌ ‏‏عيراقييه‌كان و هاريكاريى هاوبه‌شييان بۆ‌ لێكگه‌يشتن و ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر ‏‏تێپه‌راندنى به‌ربه‌ست و سه‌ختييه‌كانى به‌رده‌م پرۆسه‌ى سياسى له‌ وڵات، كرده‌وه‌.‏

شه‌ڕ و پێكدادان له‌ ئۆكراينا و كاريگه‌رى و لێكه‌وته‌كانى، ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی ‏کۆبوونه‌وه‌که‌ بوو، هه‌ردوولا هیوایان خواست به‌ زووترین کات کۆتایی به‌ شه‌ڕ و ‏پێکدادان بێت.‏

‎ ‎دوايين ‏پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى ‏هاوبه‌ش، ‏ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون كه‌ به‌ڕێز كونسولى گشتيى و ‏رووسيا له‌ ‏هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوو.