لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆی ئەنجومەنى وەزیرانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، پڕۆژە یاساى “دەستەى متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پڕۆگرامەکانى پەروەردە و خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان ـ عێراق” پەسەند کرا.
حكومهتی ههرێمی كوردستان بڵاویكردهوه، ئەم دەستەیە دڵنیاکەرەوەى زانستى متمانەبەخشینە بە دامەرزاوەکانى هەردوو وەزارەتى پەروەردە و وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لە رێگەى هەڵسەنگاندن و بەخشینى بڕوانامەى متمانە بە دامەزراوەکان، کار لەسەر دڵنیابوونەوە لە کوالێتى پەروەردە و خوێندن لە هەرێمى کوردستان دەکات.
ئاماژه بهوهش كراوه، ئامانجى سەرەکى ئەم دەستەیەش لە هەڵسەنگاندن و پێدانى بڕوانامەى متمانە، پاراستنى کوالێتى پەروەردە و خوێندنە بە شێوەیەکى یەکسان بۆ سەرجەم قوتابیان لە رێگەى دروستکردنى کولتوورى هەڵسەنگاندن و بەرەوپێشچوونى بەردەوام و دڵنیابوونەوە لە بەرزکردنەوەى ئاستى پەروەردەیی و زانستى دامەزراوەکان و بەدیهێنانى ئامانجە گشتییەکانى دامەزراوەکانى پەروەردە و خوێندن بە مەبەستى پێگەیاندنى نەوەیەکى بەرپرسیار و هۆشیار و بەرهەمدار.
بڕیارە ئەم دەستەیە خاوەن کەسایەتى مەعنەوی و سەربەخۆی دارایی و کارگێڕی بێت و پێوەرى گونجاو بۆ چەسپاندنى بنەماکانى متمانەبەخشین بە پێوەرە کارپێکراوە نێودەڵەتییەکان دابنێت، تا دڵنیا بێتەوە لەوەى دامەزراوەکانى پەروەردە و خوێندن، پەیڕەوى پێوەر و ستانداردە نێودەوڵەتییەکان دەکەن و بەمەش پشتیوانى لە هەردوو وەزارەتى پەروەردە و خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەکرێت، كه ئهمه یەکەمجارە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، دەستەیهكی وا پەسەند دەکرێت.