هەزاران یەکەى نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینانى کوردستان دروست دەکرێن 

بەمەبەستى چارەسەرکردنى کێشەى نیشتەجێبوون لە هەرێمى کوردستان، لەسەر راسپاردەى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، هەزاران یەکەى نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینانى کوردستان دروست دەکرێن.

ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ د. محەمەد شوکری، سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنانى هەرێمى کوردستان، سەبارەت بە دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون، لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: لە قۆناغى یەکەمدا ٢٠ هەزار یەکەى نیشتەجێبوون بۆ کەمدەرامەت و کرێنشینان دروست دەکرێن، کە لە هەشت شوێنى سەرەکیی دەبن، کە چوار پارێزگاو چوار یەکەى سەربەخۆن و بەشێوەى یەکسان دابەش دەکرێت.

گوتیشی: لە ماوەى 15 رۆژدا، وەك دەستەى وەبەرهێنان دەرخستەى پڕۆژەکە و شێوازى جێبەجێکردنى دیارى دەکەین و بانگێشتى وەبەرهێنەران دەکەین. لەگەڵ ئەوەشدا، هەوڵ دەدەین لە زووترین کاتدا ئەو پڕۆژانە جێبەجێ بکەین و هەموو پرۆسەکەش لەژێر چاودێریى حکوومەتى هەرێمى کوردستاندا دەبێت.

باسی لەوەش کرد، کە بۆ دروستکردنى ئەو یەکانە بانگهێشتى وەبەرهێنەران کراوە، دواتر بە بڕێکى دیاریکراوى قستى مانگانە، ئەو یەکانە رادەستى کەمدەرامەتان دەکرێن، هەروەها سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستانیش رای سپاردوون، تاوەکو هەموو هاوکارییەکیان بکرێت، بۆ ئەوەى ئەو پڕۆژەیە سەرکەوتوو بێت.

سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنانى هەرێمى کوردستان گوتیشى: کۆمەڵێک پێوەرمان هەیە بۆ ئەوەی بتوانین پڕۆژەکە جێبەجێ بکرێت و هیچ رۆتینێکیش لەبەردەم پێدانى مۆڵەتەکاندا نابێت، بۆ ئەوەى ئەو پڕۆژەیە بە ماوەیەکى دیاریکراو دروست بکرێت.

لەبارەى بڕی پارە و شێوەى پارەدانەکە، د. محەمەد شوکری، سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنان گوتى: دروستکردنى یەكەكان بەپێی ڕێژەى نیشتەجێبوون دەبێت و بۆ ئەو کەمدەرامەتانە دەبێت، کە تواناى دابینکردنى یەکەى نیشتەجێبوونیان نییە، ئینجا بە شێوەى مانگانە پارەکە دیاری دەکرێت و هێشتا بڕی پارەکە دیار نییە.

ھەواڵی زیاتر