ئاسایشی سلێمانى ئەو پیاوە دەستگیردەکات کە 15 چەقۆى لە هاوژینەکەی دابوو 

ئاشتی عەبدوڵا، بەرپرسی بەشی جێندەر لە نووسینگەی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ (11ی ئایار/ مایۆی 2022)، له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌سیبووك ده‌ستگیركردنی ئه‌و تۆمه‌تباره‌ی پشتڕاست كرده‌وه‌، كه‌ 5 رۆژ به‌ر له‌ ئێستا به‌ چه‌قۆ هێرشی كردبووه‌ سه‌ر هاوسه‌ره‌كه‌ی و گوتی: “دەستخۆشی لە هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی دەکەین، کە شەوی رابردوو ئەو تۆمەتبارەیان دەستگیرکرد، کە چەقۆی لەهاوسەرەکەی دا و هەڵاتبوو”.

رۆژی 6ی ئەم مانگە، لە گەڕەکی زەرگەتەی شاری سلێمانی، ژنێکی تەمەن 25 ساڵ بە چەقۆ لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بریندارکرا، لە کاتی رووداوەکەدا کەسوکارەکەی بە کوردستان24یان راگەیاند، ژن و مێردەکە کێشەیان هەیە و دۆسیەی جیابوونەوەیان لە دادگایە

بە گوێرەی زانیاریەکانی کەسوکاری ژنەکە، هاوسەرەکەی پێشتریش بەهۆی توندوتیژی خێزانییەوە دەستگیرکراوە و دواتر بە کەفالەت ئازاد کراوە.

رائید راز فریا، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە سلێمانى رايگەیاندبوو، ژنەکە لە کاتێکدا لە ماڵی دایکیدا بووە، هاوسەرەکەی هێرشیکردووەتە سەری و بە چەقۆ لێیداوە.

ھەواڵی زیاتر