وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و پەیمانگەی گۆتەی ئەڵمانی رێكه‌وتنێكیان واژووكرد

وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ئاشكرای ده‌كات، یاداشتێكی لێکتێگەیشتنی هاوبەشیان له‌گه‌ڵ پەیمانگەی گۆتەی ئەڵمانی لە بوارەکانی گەشەپێدان، پەروەردە و فێرکردن واژووكرد.

وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكیان بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، ئه‌مڕۆ (سێشەممە 10ـی ئایار / مایۆی 2022)، ئالان حەمەسەعید ساڵح، وه‌زيرى په‌روه‌رده‌، بەیاوەری بەرێوەبەری گشتیی دیوان و بەرێوەبەری گشتیی ئامادەیی و پیشەیی لە وەزارەت، پێشوازىان  له “كلمنتس زمنتر” کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا  و  “ئەنەيس بيوليكی” بەڕێوەبەری پەیمانگەی گۆتە ئەڵمانی و شاندێکی یاوەری لە هەرێمی کوردستان کرد.

هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ راشیگه‌یاند، له‌گه‌ڵ شاندی ئه‌ڵمانی جه‌ختیان لە پتەوکردنی  پەیوەندی نێوان ھەردوولا كرده‌وه‌، بەتایبەتی لە بوارەکانی گەشەپێدانی پەروەردە و فێرکردن و پەرەپێدانی قوتابخانە ئەڵمانییەکان لە هەرێمی كوردستان.

وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، یاداشتێكی لێکتێگەیشتنیان لەگه‌ڵ پەیمانگەی گۆتەی ئه‌ڵمانی بۆ ماوەی چوار ساڵ  واژووکرد.