سەعید هەرکی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان: ئەگەر پەرلەمان بەم شێوەیەی ئێستا پەک بخرێت فراکسیۆنی پارتی هەنگاوی دیکە دەنێت

تاکە لایەن کە تەئکید لەوە دەکاتەوە ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت پارتییە، پێداگری دەکات کە ھەڵبژاردن لە کات و ساتی خۆیدا بەڕێوە بچێت، بۆ ئەوەش ھەموو ھەولێک دەدات و نایەوێت چی دیکە پەرلەمان پەک بخرێت. بە گوتەی پەرلەمانتاران و بەرپرسانی کۆمیسیۆن، ئەگەر بڕیاری یەکلاکەرەوە لەو مانگەدا نەدرێت و کۆمیسیۆن کارا نەکرێتەوە، ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ناکرێت و دوا دەخرێت بۆ بەھاری ساڵی داھاتوو.

تا ئێستا پرسی کۆمیسیۆن یەکلایی نەبۆتەوە و ھەندێک لە لایەنەکان پڕۆژەیان بۆ ھەمواری یاساکە پێشکەش کردووە، ئەمەش بیانووە بۆ ئەوەی ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا نەكرێت، چونکە تا کۆمیسیۆن نەبێت ناتواندرێت ھیچ کارێکی دیکە بکرێت.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەرسوومێکی ھەرێمی دەر کردووە و تێیدا ڕۆژی ١-١٠-٢٠٢٢ـی بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کردووە و کۆمیسیۆنیش ڕاگەیاندووە، پێویستیی بە شەش مانگە بۆ ئامادەکارییەکانی ھەڵبژاردن.
دوای دیاریکردنی وادەی ھەڵبژاردن، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن.
بەپێی یاسا پێویستە ھەڵبژاردن لە ماوەی ٦٠ ڕۆژی پێش کۆتاییھاتنی خولی ئێستای پەرلەمان بەڕێوە بچێت، ئەم خولەی پەرلەمان لە ڕۆژی ٦/١١ی ئەمساڵ کۆتایی دێت، واتە پێویستە لە نێوان ٦ی ئەیلوول تا ٦ی مانگی ١١ی ئەمساڵ ھەڵبژاردن بکرێت”.
سەعید ھەرکی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، بۆ “ھەولێر” دەڵێت: “ھەر بابەتێک ڕەھەندی نیشتمانیی ھەبێت پێویستی بە ڕێککەوتنی لایەنەکان ھەیە، پارتی بڕیاری داوە دەست بە دانوستاندن بکات لەگەڵ لایەنەکان بەتایبەتی یەکێتی و گۆڕان، بۆیە دەبێت بابەتی کۆمیسیۆن بە گفتوگۆ و لێک تێگەیشتن چارەسەر بکرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەش پارتی پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە ھەڵبژاردن لە کات و ساتی خۆیدا بەڕێوە بچێت، بۆ ئەوەش ھەموو ھەوڵێک دەدات و نایەوێت چی دیکە پەرلەمان پەک بخرێت، بەڵکو دەیەوێت پەرلەمان ھەرچی زووە کۆ بێتەوە و کۆمیسیۆن کارا بکرێتەوە، بۆ ئەوەی دەست بە ئامادەکاری بکات بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، چونکە ھەموارکردنەوەی یاسای کۆمیسیۆن و کورسی پێکھاتەکان ھەموو بیانوویە، بۆ ئەوەیە ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا نەکرێت، چونکە ھەندێک لایەن دەزانن ئەگەر ھەڵبژاردن بکرێت ژمارەی کورسییەکانیان بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم دەبنەوە.
ھەرکی، ڕوونیشیکردەوە:” دیاریکردنی وادەی دانیشتنی پەرلەمان لە دەستەڵاتی سەرۆکی پەرلەمان دایە، دەبێت ئەو بانگھێشتی پەرلەمانتاران بکات بۆ کۆبوونەوە، بەڵام ئەگەر پەرلەمان ھەروا پەک خرا، فراکسیۆنی پارتی ھەندێک ھەنگاو دەنێت، بۆ ئەوەی کۆبوونەوەی پەرلەمان بکرێت، چونکە پەرلەمان ھەر ئەوە نییە کۆبێتەوە و یاسای کۆمیسیۆن ھەموار بکاتەوە، یان کۆمیسیۆن کارا بکاتەوە، بەڵکو زۆر پڕۆژە یاسای گرنگ ھەن لە پەرلەمان کە پەیوەندییان بە ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە ھەیە، بۆیە پێویستە ھەرچی زووە پەرلەمان کۆبێتەوە و ئەو پرۆژانە پەسەند بکات و ببنە یاسا و بکەونە خزمەتی خەڵکی کوردستانەوە، کە ھەتا ئێستا دیار نییە پەرلەمان کەی کۆ دەبێتەوە”.
د. ئارام برادۆستی، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی ھەولێر لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان و ڕاپرسی، بۆ “ھەولێر” گوتی: “بەپێی یاسای ھەڵبژاردن دەبێت ھەر چوار ساڵ جارێک ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان بکرێت، بۆ بەرێوەچوونی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ھەموو ئەگەرێک کراوەیە، لەرووی فەنییەوە خەریکە دەگەینە قۆناغێک بەتایبەتی ئەگەر بڕیاری یەکلاکەرەوە لەو مانگەدا نەدرێت، بە تەئکید ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ناکرێت و دوادەخرێت، تەنیا پارتی تەئکید لەوە دەکاتەوە ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، ئەگەر ھەڵبژاردن دوا بخرێت، کۆمیسیۆن پێویستی بە ماوەیەکی کەم ھەیە، ئەوەش کێشە نابێت، بۆیە تا ئێستا ھەموو ئەگەرێک کراوەیەوە.
بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی ھەولێر لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان و ڕاپرسی، جەختی لەوەش کردەوە: “بارودۆخی ھەرێمی کوردستان گرێدراوە بە بەغداوە، ئەگەر ڕەوشی بەغدا بە تەوافوق یەکلا ببێتەوە، کێشەکانی ھەرێمی کوردستان ئاسانتر یەکلا دەکرێنەوە، ئەوەی دیکەش لەرووی فەننیەوە بەر لە ھەموو شتێک کۆمیسیۆن کارا بکرێتەوە، تا دەست بە ئامادەکاری بکات بۆ ھەڵبژاردن، ئەوەش پێویستی بە سازانی لایەنەکان ھەیە.
برادۆستی، گوتیشی: “پێویستە لایەنەکان بیر لەوە بکەنەوە ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی ناراستەوخۆ بە بەغداوە نەبەستنەوە، ھەوڵ بدرێت ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، لەبەر ئەوەی لە ڕابردوو ئەزموونێکی باشی دیموکراسی پیشان داوە و زۆربەی جارەکان ھەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیان بەڕێوە چوونە، ژمارەیەکی زۆر لە نوێنەری وڵاتان لە ھەولێر ھەن، نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان بە ھەمان شێوە، ئاگاداری بارودۆخەکەنە، ھەتا بە ھەڵبژاردنیشەوە، بۆیە ھەوڵ بدەین نموونەیەکی جوان پیشان بدەین، بۆ ئەوەش دەبێت ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، ھەر بەربەستێک لەبەردەم بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بۆ ئەزموونی ھەرێمی کوردستان باش نابێت، لە ڕوانگەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە زۆر ئەرێنی نەبێت، ئەگەر ھەر ھەوڵێک ھەبێت بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن، دەبێت ھەوڵ بدرێت لە مانگی ٤ی ساڵی داھاتوو ھەڵبژاردن بکرێت، چونکە ئەو کاتە بۆ ھەرێمی کوردستان لەھەموو ڕوویەکەوە باشە، ئەو کاتەش بارودۆخ گونجاوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش، ئەوە لەسەر ڕێککەوتنی لایەنەکان دەمێنێتەوە کە بە چ شێوازێک بیر دەکەنەوە”.

ھەواڵی زیاتر