زانكۆیەكی هەرێمی كوردستان دەبێتە براوەی گەورەترین گرانتی ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتی

لە دەستكەوتێكی دیكەی نێودەوڵەتیدا، زانكۆیەكی هەرێمی كوردستان كە زانكۆی سۆرانە دەبێتە براوەی گەورەترین گرانتی ڕێكخراوی ئایرێكسی نێودەوڵەتی بە گوێرەی ئەم بردنەوەیە، لە زانكۆی سۆران سەنتەرێكی توێژینەوەی ئابووری دادەمەزرێت كە لەسەر ئاستی عێراق و لە جۆری خۆی یەكەم و تاكە سەنتەر دەبێت.

بە پێی ڕاگەیاندنی زانكۆی سۆران لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، تیمێكی لێهاتووی زانكۆی سۆران، بە سەرپەرشتیی م. ڕێباز چەتۆ پیرۆ و لەژێر چاودێریی پ. د. سیروان زەند، یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی، كاریان لە سەر پڕۆژەی كردنەوەی سەنتەرێكی توێژینەوەی ئابوری كرد كە لە ڕێگایەوە بتوانرێت هەلی كاری زیاتر بۆ قوتابیان، دەرچوان و دانیشتوانی سۆران بڕەخسێندرێت. لەم چوارچێوەیەدا پڕۆپۆزەڵی كردنەوەی سەنتەری ئابوورییان پێشكەش بە پڕۆگرامی ئایرێكس كرد. لە نێوان هەموو ئەو پڕۆپۆزەڵانەی كە لە سەر ئاستی عێراق پێشكەش كرابوون، پڕۆپۆزەڵی زانكۆی سۆران بە شایستەترین هەڵبژێردرا و گرانتە مەزنەكەی بردەوە.
بە گوێرەی ڕێكخراوی ئایرێكس پڕۆژەكەی زانكۆی لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق یەكەمە. لە سەر ئاستی هەرێمی كوردستان بە تەنیا و لە سەر ئاستی عێراقیش بە هاوبەشیی لەگەڵ زانكۆیەكی عەرەبی كار دەكات. بەم پێیە، بە پاڵپشتیی دارایی ڕێكخراوی ئایرێكس، سەنتەرێكی توێژینەوەی ئابوری لە زانكۆی سۆران دەكرێتەوە. كاری سەنتەرەكە ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستیی ئاستبەرزە بە جۆرێك كە توێژینەوەكان بتوانن گۆڕانكاریی ئەرێنیی گەورە لە زانكۆ، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، هەرێمی كوردستان و عێراق بهێتە كایەوە.
ڕێكخراوی ئایرێكس لەگەڵ حكومەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە عێراق هاوئاهەنگیی هەیە. زانكۆی سۆران پێشتریش توانیبووی متمانەی بەستنی یەكەمین كۆنفرانسی مۆدێلی نەتەوە یەكگرتووەكان لەم ڕێكخراوە بەدەست بهێنێت.