هەرێمى کوردستان بە قۆناغێکى سەختى کەمئاویدا تێدەپەڕێت، ئەمەش پەیوەستە بە دوو فاکتەرەوە کە یەکەمیان گرێدراوى گۆڕ‌انى ئاو و هەوایە لە دونیا و فاکتەرى دووەم پەیوەندى بە کەمى هۆشیارى خۆمانەوە هەیە بەرامبەر بە هەدەردان و گلدانەوە و بەکارهێنانى ئاو. لەم بارەوە د. کاروان سەباح حەمەساڵح، بەڕێوەبەرى گشتیی سەرچاوەکانى ئاو لە وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى هەرێمى کوردستان، لەم گفتوگۆیەیدا پەنجە لەسەر هەندێک بابەتى گرنگ دادەنێت:
ـ لەم چەند ساڵەدا ڕێژەى بارانبارین کەم بووەتەوە، ئاستى کەمبوونەوەکە و کاریگەرییەکانى کەمى بارینەکە لەسەر هەرێمى کوردستان چین؟
د. کاروان: بە گوێرەى داتاکانى بەڕێوەبەرایەتى كه‌شناسی و وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ بەداخەوە ڕێژە‌ی بارانبارین ئەمساڵ، ٥٠% که‌می كردووه. هەرچەندە بە پێى ناوچەکان دەگۆڕدرێت. لە نەخشەى بارینى شەش مانگى بارانیی ئەمساڵ (لە مانگى ١٠ تا ٤) سێ زۆنمان هەیە.
زۆنى یەکەم: لەم زۆنەدا لە خوارووى کەمتر لە ٨٠% باران باریوە کە ئەو شوێنانەش بریتین لە هه‌ر دوو ناوچه‌ی مه‌یدان و به‌مۆ له گه‌رمیان، كانی ماسی له دهۆك، ڕواندز و پیرمام له هه‌ولێر، ماوه‌ت له سلێمانی. ئەم زۆنە بچووکترین زۆنە لە هەرێمى کوردستان(لە نەخشەکەدا ڕەنگى سەوزە).
زۆنى دووەم: لەم زۆنەدا کەمتر لە ٥٠% باران باریوە کە بەشى هەرە زۆرى ناوچە سنوورییەکانى باکوور و ڕۆژهەڵات و باشوورى ڕۆژئاواى هەرێمى کوردستان دەگرێتەوە. ئەم زۆنە زۆترین پانتایی لە هەرێمى کوردستان گرتووەتەوە (لە نەخشەکەدا ڕەنگى زەردە).
زۆنى سێیەم: لەم زۆنەدا کەمتر لە ٢٠% باران باریوە کە بەشى هەرە زۆرى ناوچە سنوورییەکانى ناوەند و خواروو و باکوورى ڕۆژئاواى هەرێمى کوردستان دەگرێتەوە(لە نەخشەکەدا ڕەنگى قاوەییەکى ڕوونە).
ـ دەرەنجامى ئەم گۆڕانکارییە مەترسى لەسەر خەڵک و کشتوکاڵ دروست دەکات؟
د. کاروان: داتاكان مایه‌ی سه‌رسوڕمانن. ته‌نانه‌ت هه‌ندێك جار له به‌رده‌م شیكردنه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنیان تووشی ئاسته‌نگ ده‌بین، بۆ نموونه له‌م ساڵدا له شه‌ش مانگی بودجه‌ی ئاوی كه له مانگی ١٠ تا مانگی ٤ ـه، ئه‌و ڕێژە ئاوه نوێبووه‌وه‌ی كه هه‌مانه، نه‌گه‌یشتووه‌ته ٦ ملیار مه‌تر سێجای ئاو! له كاتێكدا له ساڵانی ئاسایی ئه‌م ڕێژە‌یه له سه‌رووی ٢٠ ملیارەوە بووه. سه‌باره‌ت به ڕووباره‌كانیش هه‌مان شته، بۆ نموونه ڕووباری سیروان به ڕاده‌یه‌كی زۆر مه‌ترسیدار كه‌می كردووه كه كه‌مكردنه‌كه‌ی ده‌گاته نزیكه‌ی ٧٠٠ ملیۆن سێجا! خابوور كه‌متره له نیو ملیار، زێی گه‌وره له دوو ملیار و نیو زیاتره له كاتێكدا ئه‌م زێیه شاده‌ماری ئاوی هه‌رێمی كوردستانه! به گشتی داتاكان ئه‌و ڕاستییه ده‌خه‌نه ڕوو كه ڕێژە‌ی ئاوی نوێبووه‌وه زۆر كه‌م و مه‌ترسیداره، كه ده‌كاته یه‌ك له‌سه‌ر سێی حاڵه‌تی ئاسایی ئاوی نوێبووه‌وه له شه‌ش مانگی وه‌رزی بودجه‌ی ئاوی ئه‌مساڵ، واته نزیكه‌ی ٧٠%ـی ئاوی نوێبووه‌وه‌مان له هه‌رێمی كوردستان له ده‌ست داوه.
کەم بارین هۆکاریشە بۆ کەمبوونەوەى ئاوى ژێر زەوی، لەم بارەوە دەبێت چ بکرێت؟
د. کاروان: كه‌مبارانی کاریگەریی لەسەر ئاوی ژێرزه‌وی هەبووە و به‌رده‌وامیشە و ئاوێكی زۆری ژێرزه‌ویشمان به‌رده‌وام ده‌رهێناوه و بیرمان لێداوە و لێش دەدرێت، بۆیە كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێم دونیابینییه‌كی جیاوازی بۆ ئەم پرسە هه‌یه پلانى هەیە بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌كارهێنانی ئاوی ژێرزه‌وی و زیادکردنیشى. ئاستی ئاوی ژێرزه‌وی له هه‌رێمی كوردستان زۆر كه‌می کردووە، بۆ نموونه بیری ئاوی مه‌لائۆمه‌ر ١٠٠ مه‌تر كه‌می كردووه و له پێده‌شتی هه‌ورامان و شاره‌زوور كه ناوچه‌یه‌كی زۆر ئاوییه، نزیکەى ١٠ مه‌تر كه‌می كردووه، واته، ئه‌مه‌ش زه‌نگێكی مه‌ترسیداره، چونكه ئه‌م ئاوه به ته‌نها مافی ئێمه‌ی به سه‌ره‌وه نییه، به‌ڵكوو مافی نه‌وه‌كانی داهاتوویشیان به سه‌ره‌وه‌یه، چونكه ئه‌م ئاوە به ملیۆنان ساڵ دروست بووه، هاوكات ئه‌م ئاوه خه‌زانێكی ستراتیژییه و سه‌رمایه‌یه‌كی ستراتیژی و سیاسیشی هه‌یه و ده‌بێت بیپارێزین.
ـ کشتوکاڵى هەرێمى کوردستان مەترسى لەسەر نییە بە هۆى ئەو کەمئاوییەى کە باستان کرد؟
د. کاروان: هه‌ندێك ناوچه‌ی هه‌رێم ناكرێت هه‌مان حیسابی ساڵانی حه‌فتا و هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌می بۆ بكرێت، له ڕابردوو ئه‌گه‌ر چه‌ند ساڵێك باران مسۆگه‌ر و ساڵێك نامسۆگه‌ر بووبێت، ئێستا به پێچه‌وانه‌وه‌یه ساڵێك باران مسۆگه‌ر و چه‌ند سالێك نامسۆگه‌ره، بۆیە پێویستمان به داڕشتنه‌وه‌ی سیاسه‌تێكی نوێی كشتوكاڵی هه‌یه! ده‌بێت كۆتایی به چاندنی گه‌نم له‌و ناوچانه بهێنرێت کە تووشى کەم ئاوى بوونەتەوە و لەبرى ئەوە جۆ یان هه‌ر به‌روبومێكی تر كه پێویستی به ٢٠٠ ـ ٢٥٩ ملم بارانی ساڵانه هه‌بێت بچێنرێت، بۆیه له‌مه‌شدا پێویستمان به دابه‌شكاری چاندنی به‌روبومه كشتوكاڵییه‌كان هه‌یه، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به تایبه‌ت كابینه‌ی نۆیه‌م ئێستا كار له‌سه‌ر چه‌ند جۆرێكی نوێی بنه‌تۆ ده‌كات كه وا ده‌كات به‌رگه‌ی بارانێكی كه‌متر و پله‌یه‌كی وشكی زیاتر بگرێت و به‌رهه‌م بداتەوە. ئه‌و شوێنانه‌ی كه پشت به باران و دێمی ده‌به‌ستن، زۆربه‌یان كه‌وتوونه‌ته به‌شی باشووری هه‌رێمی كوردستان، كه له خوار ناوچه‌ی چیا سارده‌كانه‌وه ده‌ست پێ ده‌كه‌ن، كه ناوچه‌كانی ده‌شت و پێده‌شت و ناوچه‌ی بانه‌كان ده‌گرێته‌وه، به‌ڵام له‌به‌ر گۆڕانی ئاو و هه‌واوه مسۆگه‌ری باران له‌و ناوچانه نه‌ماوه، بۆیه به باش نازانرێت له‌و ناوچانه پشت به گه‌نمی دێمی ببه‌سترێت، چونكه ده‌ركه‌وتووه زۆربه‌ی ساڵه‌كان به زه‌ره‌ری جووتیاران شكاوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌و ناوچانه‌ی باران تێیاندا مسۆگه‌ره ناوچه‌ی چیایین، به‌ڵام كێشه ئه‌وه‌یه كه ئه‌و ناوچانه ڕووبه‌ری كشتوكاڵیان زۆر كه‌مه، كه ئه‌مه‌ش گرفتێكی سروشتییه، به‌ڵام ده‌كرێت و ده‌توانین كاریگه‌رییه‌كانی كه‌م بكه‌ینه‌وه.
ـ کەمئاوى و گۆڕانە کشتوکاڵییەکان، مەترسى ناخەنە سەر گوندەکان؟
د. کاروان: له‌و ئامار و ڕووپێوییانه‌ی كردوومانن و له‌و ڕاپۆرته‌یشی كه پێشكه‌شی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵمان كردووه، به داخه‌وه داتاكان باش نین و پێویستی به هۆشیاربوونه‌وه هه‌یه له ئاستی داموده‌زگه حكومییه‌كان و له ئاستی كۆمه‌ڵگه و له ئاستی ڕێكخراوه‌كان، ئێمه له ڕووپێوی خۆمان كه له ڕاپۆرته‌كه‌مان بۆ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ به‌رز كردووەتە‌وه، به داخه‌وه نیوەى گونده‌كانی هه‌رێمی كوردستان مەترسى کەمئاوییان لەسەرە. بۆیە لەم چوارچێوەیە دەکەوینە به‌رده‌م به‌رپرسیاریه‌تی و پێویست ده‌كات هۆشیار بین، بۆ نموونه كاتێك بڕیاری دروستكردنی به‌نداو ده‌درێت ئه‌م بابه‌ته به سیاسی ده‌كرێت، له كاتێكدا ئێمه ڕاستگۆین و هیچ مامه‌ڵه‌یه‌كی سیاسی له‌گه‌ڵ ئاو ناكه‌ین، كه لێره و له‌وێ هه‌ڵای بۆ دروست ده‌كرێت و ده‌خرێته ناو چوارچێوه و ڕاڤه‌ی سیاسی. ئێمه پێویستمان به گلدانه‌وه‌ی ئاو و دروستكردنی به‌نداو هەیە، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش پێویسته پشتگیریی كۆمه‌ڵگه و میدیا هه‌بێت، چونكه دۆخه‌كه باش نییە.
ـ لە کابینەى نۆیەم بڕیارى دروستکردنى ٧ بەنداوى گەورە درا، ئەمە دۆخەکە باشتر ناکات؟
د. کاروان: كابینه‌ی نۆیه‌م زۆر جه‌خت له‌سه‌ر پرسی ئاو ده‌كاتەوە و بایه‌خی جددی بۆی هه‌یه، ئێمه ده‌بێت له داتا و ستراتیژە‌وه ده‌ست پێ بكه‌ین، پاشان له‌سه‌ر بنه‌مای پلان چاره‌سه‌ر بۆ دۆخه‌كان دابنێین. هاووڵاتی مافی خۆیه‌تی ئاوی هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌م جۆره كار و پڕۆژانه كاتێكی زۆری ده‌وێت، به تایبه‌ت كه ڕەنگه بۆ دۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستان ده‌سخستنی پاره ئاسان نه‌بێت، به گوێره‌ی ڕووپێوییه‌كه‌ی ئێمه نزیكه‌ی ٦٧٠ پۆند ده‌توانێت كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات، كه ئه‌مه‌ش پاره‌یه‌كی زه‌به‌لاح و زه‌وییه‌كی زۆری ده‌وێت، به تایبه‌ت كه پێویستی به دیراسه‌یه‌كی وردتر هه‌یه. هه‌روه‌ها دوای دروستكردنیان ساڵانه پێویستی به چاكسازی ده‌بێت. ئێمه چه‌ند پۆندمان له هه‌ولێر، قه‌ره‌داغ و گه‌رمیان دروست كردووه و خزمه‌تێكی زۆری خه‌ڵكیان كردووه، بۆ نموونه له سنووری گه‌رمیان به هۆی پۆنده‌وه خه‌ڵكێكی زۆر توانیویانه سوود له ئاوی خواردنه‌وه و به‌خێوكردنی مه‌ڕوماڵات و كشتوكاڵ ببینن، به داخه‌وه هه‌ندێك پڕۆژە‌مان هه‌یه ده‌ستدرێژیان كراوه‌ته سه‌ر، بۆ نموونه به گوێره‌ی ئه‌و ڕاپۆرتانه‌ی به ده‌ست ئێمه ده‌گات خه‌ڵكێك هه‌یه ئاو به نایاسایی ده‌فرۆشنه‌وه، واته ئێمه بۆ خزمه‌تی ئاژە‌ڵداری و كشتوكاڵ و ئاوی خواردنه‌وه دروستمان کردوون، كه‌چی خه‌ڵكێك هه‌یه به جۆرێكی تر سوودی لێ ده‌بینێت.
ـ گۆڕ‌انى ئاو و هەوا لە هەرێمى کوردستان بە چ ئاراستەیەکمان دەبات؟
د. کاروان: گۆڕانی ئاو و هه‌وا بابه‌تێكی جیهانییه و كاریگه‌ری به‌سه‌ر هه‌موو جیهان هه‌بووه و زه‌وی به‌ره‌و وشكتربوون چووه و ده‌چێت، به پێویستی ده‌زانم هه‌موومان به هاووڵاتیانیشه‌وه ئاماده‌یی ئه‌وه‌مان تێدا بێت بۆ دۆخێكی وشكتر له ئێستا، كه به‌دڵناییه‌وه ڕووبه‌ڕووی وشكبوونێكی زیاتر ده‌بینه‌وه! به پێی توێژینه‌وه‌كان تا ئاستی ٦٠% ئاوی سه‌رزه‌وی له هه‌رێمی كوردستان كه‌م ده‌بێته‌وه، چونكه باران كه‌م ده‌بێته‌وه و به‌فربارین به‌ره‌و له‌ناوچوون ده‌چێت، كێشه‌كه هه‌ر ئه‌وه نییه باران كه‌می كردووه، به‌ڵكو ڕیتمی بارانبارانیش گۆڕانی به سه‌ردا هاتووه، بۆ نموونه ئه‌و بارانه‌ی پێشتر به مانگێك ده‌باری، ئێستا به دوو ڕۆژ ده‌بارێت، ئه‌مه‌یش لافاو دروست ده‌كات و له بری قازانج زیانی ده‌بێت. وه‌ك ئاماژە‌م بۆ كرد ده‌بێت بۆ هه‌موو ئه‌گه‌رێكی دروستبوونی لافاوی گه‌وره و وشكبوونێكی تۆقێنه‌ر ئاماده بین. چاره‌سه‌ر دوو شته: یه‌كه‌میان كه‌مكردنه‌وه‌ی زیانه‌كان و دووەمیان: خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ ئه‌م وشكییه.