پارتی وادەی بەستنی کۆنگرەی دیارکرد

پارتی دیموکراتی کوردستان، وادەی بەستی کۆنگرەی 14ی دیارکرد و لیژنەکانی ئامادەکاری بۆ کۆنگرە دەستبەکار دەبن.

مەحموود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی خستەروو و رایگەیاند: “لە کۆبوونەوەکەدا پرسی کۆنگرە و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر، بۆ ئەو ئاستەنگانەی کە هاتوونە پێش، هەروەها پرسی چاکسازی لەناو حکومەت، دوای گفتوگۆ بڕیاری پێویست لەبارەیانەوە درا”.

گوتیشی: “جگە لەو پرسانە هەندێک بۆشایی لە پۆستەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی هەبوو، لە ماوەی رابردوو چەند تێکۆشەرێکمان لەدەستدابوو، ئەندامانی یەک بۆ پڕکردنەوەی شوێنی ئەوان دیارکران”.

گوتەبێژی پارتی، گوتی: “سەبارەت بە دۆخی ناوخۆ ئێمە وەک پارتی لەگەڵ ئەوەداین هەڵبژارن لەکاتی خۆیدا بکرێت، هەروەها لێکنزیکبوونەوەی لایەنەکان لەسەر بنەمای پرسە نەتەوەیی نیشتمانییەکان و بەرژەوەندییە گشتییەکان هەبێت”.

ئەوەشی خستەڕوو: “دەربارەی دۆخی عێراق هەوڵەکانمان چڕکردووەتەوە لە سبەیەوە زنجیرەیەک کۆبوونەوە دەکرێن، بۆ ئەوەی ئەو داخراوەی لە پرۆسەی سیاسیی هەیە بکرێتەوە، لەگەڵ رەوتی سەدر و لایەنە سوننەکان شاندێکمان وەک “هاوپەیمانی رزگاری نیشتمانی” گفتوگۆ لەبارەی دۆخەکە دەکەن و دواتر دانوستان لەگەڵ لایەنەکان دەکەین”.

لەبارەی دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان مەحموود محەمەد رایگەیاند: “حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک پڕۆژەی یاسایی هەیە بۆ بەرنامەی چاکسازی و بەردەوام پڕۆژەکان دەنێرێت بۆ پەرلەمان، بۆ ئەوەی پەسند بکرێن و بکرێن بە یاسا، کەواتە پەرلەمان تەنیا بۆ ئەوە نییە هەڵبژاردن بکرێت یان نا، بۆیە ئێمە پێمان باشە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بەردەوام بن و ئەو ئاستەنگانەی هەن بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن”.

سەبارەت بە بەستنی کۆنگرەی 14ی پارتی ئاشکرای کرد: “بەداخەوە بەهۆی ئەو دۆخەی هاتبووە پێش کۆنگرەی 14ی پارتی زۆری بەسەردا تێپەڕی، بڕیار دراوە و دەسەڵات دراوە بە مەکتەبی سیاسی لیژنەکانی ئامادەکاری دەستبەکاربن، لە مانگی 10 تا 11ی ئەمساڵ کۆنگرە دەسبەستین”.

وتەبێژی پارتی لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتی ئەوەی خستەڕوو: “پێمان باشە لەسەر ئاستی باڵا یەکتر بینین، بۆ ئەوەی لێکنزیک بوونەوە هەبێ و کێشەکان چارەسەر بکرێن، بەڵام لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گشتی و بنەما نەگۆڕەکانی نیشتمانی”.

ھەواڵی زیاتر