ملیۆنێک و ٧٠٠ هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ھۆتێل و مۆتێلەکانی ھەرێمی کوردستان پڕ ببوون لە گەشتیاران کە زیاتر لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە ھاتبوون، لەم جەژنەدا ھاتنی گەشتیار بۆ ھەرێمی کوردستان ژمارەی پێوانەیی تۆمار کرد. بەپێی ئاماری دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان تەنھا لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵ ملیۆنێک و ٧٠٠ ھەزار گەشتیار ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان.

بەھۆی جیاوازی پلەکانی گەرما، بەرقەراری ئاسایش و خزمەتگوزاریی زیاتر، بۆ جەژنی رەمەزان سەدان ھەزار گەشتیار روویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە، بەجۆرێک ھەندێکیان شوێنی مانەوەیان لە ھۆتێل و مۆتێلەکان دەست نەدەکەوت، بەوەش ناچار بوون لەسەر شەقام و ناو ئۆتۆمبێلەکانیان بخەون.
ھاتنی جەژنی ڕەمەزان جووڵەیەکی باشی خستە بازاڕەوە و ھاووڵاتییان لە کەشێکی ئارامدا و تا درەنگانی شەو لە بازاڕ دەمانەوە، لەم جەژنەدا بەراورد بە جەژنی رابردوو دوو بەرامبەر ژمارەی گەشتیاران زیادی کردووە، لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵ ملیۆنێک و ٧٠٠ ھەزار گەشتیار سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە، زۆربەی گەشتیارانیش لە خواروو و ناوەڕاستی عێراقەوە ھاتبوون.
بە گوتەی بەرپرسانی کەرتی گەشتیاری لە ھەرێمی کوردستان ژمارەی ئەو گەشتیارانەی کە لەو چەند رۆژەدا سەردانی ھەرێمیان کردووە لە سەرووی پێشبینیەکان بووە و ئاماری ھاتنی گەشتیارانیش بۆ ھەرێم دڵخۆشکەرە و ھاتنی گەشتیاران ژمارەیی پێوانەیی تۆمار کردووە، تەنیا لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵ ٦٧١ ھەزار گەشتیار روویان لە پارێزگای ھەولێر کردووە، دھۆک ٥٠٠ ھەزار گەشتیار و لە سنووری ئیدارەی سلێمانی ٥٠٠ ھەزار گەشتیار، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ زۆرترین گەشتیار سەردانی ھەرێمی کوردستان بکەن.
دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، پلانێکی باشی داناوە، بەپێی پلانەکە پێشبینی دەکرێت زۆرترین گەشتیار روو لە ھەرێمی کوردستان، بکەن، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمیش، بەرنامەڕێژی و پلانی ستراتیژی داڕشتووە بۆ ئەوەی حکوومەت وەک یەکێک لە سەرچاوەکانی داھات پشت بە کەرتی گەشتیاریی ببەستێت، لە پلاندایە ژمارەی گەشتیاران تا ٢٠٢٥ بگەیەنێتە ٧ ملیۆن گەشتیار، کە ئێستا زیاتر لە ھەزار و ٣٠ شوێنی گەشتیاری لە ھەرێمی کوردستان ھەن، لەگەڵ ٦٢٥ ھۆتێل و ٣٣٤ مۆتێل و ٧١ گوندی گەشتیاری، لەگەڵ ٨٠٠ کافتریا و ریستورانت.
گەشتیاران بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش روو لە سەیرانگا و شوێنە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستانیان کرد، حەیدەر عەبدوڵڵا، گەشتیارێکی خوارووی عێراقە، بۆ “ھەولێر” گوتی:” کوردستان زۆر خۆشە، رۆژبەرۆژیش خۆشتر دەبێت، ھەڵوێستی خەڵکی کوردستانیش لەگەڵ ئێمە زۆر باشە و لە ھەموو رووێکەوە ھاوکاری ئێمە دەکەن، بەڕاستی دیمەن و شتی زۆر جوانمان بینی، ئەوەش وا دەکات کە زووتر سەردانی کوردستان بکەینەوە.
ئامینە محەمەد، گەشتیارێکی دیکەیە، بۆ “ھەولێر” دەڵێ:” لە ھەرێمی کوردستان ھەموو ئاسانکارییەک بۆ گەشتیاران کراوە، ئەوەش جێگەی دڵخۆشیە و زۆر سوپاسی حکوومەت و دەزگا ئەمنییەکان دەکەین کە بەردەوام رێنمایی ئێمەی گەشتیاران دەکەن بۆ ئەوەی کاتێکی خۆش لە شوێنە گەشتیارییەکان بەسەر ببەین.
سیروان حوسێن، بەرپرسی راگەیاندنی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران، بۆ “ھەولێر” دەڵێت:” ھاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانی لە دەروازەی نێوەدەوڵەتی حاجی ئۆمەران بەردەوامی ھەیە و لە رۆژانی پشووی جەژنی رەمەزان گەشتیارێکی زۆر لەو دەروازەیە ھاتووچۆیان کرد، تەنھا لە رۆژانی پشوو زیاتر لە ١١ ھەزار گەشتیار لە دەروازەکەدا ھاتووچۆیان کردووە، زیاتریان خەڵکی رۆژھەڵات و ئێران بوونە و بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش روویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە.
بارزان محەمەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئیدارەی سۆران، بۆ ھەولێر درکانی:” ئیدارەی سۆران، لە رۆژانی جەژن و رۆژانی دواتر پێشوازی لە نزیکەی ٧٠ ھەزار گەشتیار و سەردانیکەر کرد کە لە شار و پارێزگاکانی عێراق و ناوخۆی ھەرێمی کوردستان گەشتیان بۆ ئەم سنوورە کردبوو، لەم ژمارەیە نزیکەی ١٥ ھەزار گەشتیار لە شوێنەکانی حەوانەوە ھۆتێل، مۆتێل، گوندی گەشتیاری و کەپری گەشتیاری مابوونەوە و لە رۆژانی جەژنی رەمەزان لەکەشێکی پڕ لە ئارامی و ئاسایشدا جەژنیان بەرێکرد”.

ھەواڵی زیاتر