ئەمڕۆ خەونی نەخۆشانی تالاسیمیا بەدی دێت و نەخۆشخانەكەیان لە هەولێر دەكرێتەوە

ماكوان عێزەت – هه‌ولێر

بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەكان ژمارەی تووشبووانی تالاسیمیا لە زیادبووندایە، سەرۆکی کۆمەڵەی تالاسیمیا لە هەولێر بە پێویستی دەزانێت كە خێزانەکانی هەڵگری ئەو نەخۆشییە هۆشیار بکرێنەوە کە منداڵ نەخەنەوە.

هەشتی ئایاری هەموو ساڵێک لە لایەن ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی بۆ تووشبووانی نەخۆشیی تالاسیمیا دیاریکراوە، تاوەك خێزانەكان هۆشیار بكرێنەوە، هەروەها لەهەرێمی كوردستانیش لە پاڵ هۆشیاری، كاردەكرێت بۆ هاندانی هاووڵاتیان بۆ بەخشینی خوێن بۆ توشبووانی تالاسیمیا.
ئیبراهیم ئەحمەد، سەرۆکی کۆمەڵەی تالاسیمیا لە هەولێر نایشارێتەوە كە کە لە هەرێمی کوردستاندا ساڵانە ژمارەی تووشبووانی تالاسیمیا لە زیادبووندایە، بە بڕوای ئەو هۆکاری زیاد بوونەكەش دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی کە لە شارەکانی كوردستان هیچ سەنتەرێكی تایبەت و توێژەرێکی کۆمەڵایەتی نییە تاوەك ئەو خێزانانەی هەڵگری تالاسیمیان راوێژیان لەگەڵدا بکرێت کە دەبێت منداڵ نەخەنەوە.
ئیبراهیم ئەحمەد، ئاماژەی بەوەشدا بۆ ئەمساڵ لە هەولێر نەخۆشخانەی تایبەت بە توشبووانی تالاسیمیا دەكرێتەوە كە ئەو نەخۆشخانەیە چەندین سوودی بۆ نەخۆشانی تالاسیمیا هەیە كە چەندین ساڵە لە چاوەڕوانی ئەو نەخۆشخانەیەدان، هەر بۆیە نەخۆشخانەكە ڕۆژانە پێشوازی لە 50 نەخۆش دەكات بۆ ئەوەی خوێن وەربگرن، هەروەهامانگانە پێویستمان بە هەزار و دووسەد بتڵ خوێن هەیە بۆ ئەوەی بیبەخشینە نەخۆشەكان.
لە لایەن خۆشیەوە، كۆچەر كەریم، ‎سەرۆكی كۆمەڵەی تالاسیمیای سلێمانی ئاماژەی بەوەدا وەزارەتی تەندروستی وخوودی وەزیری تەندروستی هەماهەنگن بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان و گەیاندنی بە لایەنی پەیوەندی دار، هەروەها گوتیشی، ئەوان چاویان لەوەیە كە كار بكرێت بۆ ئەوەی منحەی نەخۆشانی تالاسمیا زیاد بكرێت چونكە بارگرانی زۆریان لەسەرە و مانگانە بەلایەنی كەمەوە پێویستە سێ جار سەردانی نەخۆشانە بكەن بۆ وەرگرتنی خوێن، هەروەها چاومان لەوەشە كە ئەو توشبوانەی تائ ێستە بێبەشن لە وەرگرتنی ئەو منحەیە ناویان بگەڕێتەوە.
لە هەرێمی کوردستان تووشبووانی تالاسیمیا ناو بەناو رووبەڕووی چەندین کێشە دەبنەوە بە تایبەت نەمانی دەرزی. لە ئێستەدا دۆخی تووشبووانی تالاسیمیا لە هەولێر مامناوەندە، بەڵام لە لایەن كۆمەڵەكەیانەوە هێشتا دڵخۆشنین بەوەی كە بەگوێرەی خواستی نەخۆشەكان كێشەكان چارەسەر كرابن بۆیە چاویان لە حكومەتە بە هانایانەوە بچیت.

پاشخان:

  • تالاسیمیا نەخۆشییەکی درێژخایەنە، تێکچوونێکی بۆماوەیی خوێنە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی رێژەی خڕۆکەسوورەکانی خوێن لە جەستەی مرۆڤ، ئەم نەخۆشییە دەبێتە هۆی تووشبوون بە کەم خوێنی و شەکەتکردنی جەستە، نەخۆشییەکە چەند جۆرێکی هەیە. بەپێی خەمڵاندنەكانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ساڵانە سێ هەزار تووشبووی تالاسیمیا بەهۆی زۆربوونی ماددەی ئاسن لە جەستەیان دەمرن.
    -2021-05-08 لە شاری هەولێر لە گەڕەکی رووناکی بەردی بناغەی نەخۆشخانەیەکی سەردەمییانەی تایبەت بە نەخۆشانی تالاسیمیا دانرا. ئەمڕۆش بڕیار وایە ئەو نەخۆشخانەیە بكرێتەوە و هیوای زۆرێک لە نەخۆشانی تالاسیمیا بەدی دەهێنێت.
  • بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، سەدملیۆن کەس هەڵگری خەسڵەتەکانی نەخۆشییەکەن و لە هەر دەهەزار لەدایکبوونێکی نوێ 4.4 منداڵیان هەڵگری ئەم نەخۆشینەن.
ھەواڵی زیاتر