پارێزگاری دهۆک: سەرۆکی حکوومەت ئامادەیی بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی شنگال نیشان داوە

پارێزگاری دهۆک ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵە و ئامادەیی خۆیان بۆ هەر جۆرە هاوکارییەکی پێویستی خەڵکی لێقەوماوی شنگال نیشان داوە.

د. عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند: بەهۆی گرژییەکانی نێوان سوپای عێراق و چەکدارانی پەکەکە ئێستا زیاتر لە هەزار و 711 خێزان بەرامبەر بە 10 هەزار و 261 کەس ئاوارەبوونە و پەنایان بۆ سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ هێناوە.

ڕاشیگەیاند: مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵن و ئامادەیی حکوومەتی هەرێمیان بۆ هەر جۆرە هاریکارییەکی پێویست بۆ خەڵکی لێقەوماوی شنگال نیشان داوە.

د. عەلی تەتەر لە کۆنگرەکەدا ئەوەشی خستەڕوو کە “داوا لە هەموو هێزە نایاساییەکان و هەر ڕێکخراوێک کە بانگەشەی کوردایەتی دەکات و دڵی بە کوردایەتییەوەیە دەکەین، ڕێز لە ئیدارەی شنگال و خەڵکەکەی بگرن، نەبن بە هۆکاری ئاوارەبوونی خەڵکی دەڤەرەکە.”

جەختیشی کردەوە کە لە هەڵبژاردنی 10ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، خەڵکی دەڤەرەکە خۆیان بڕیاریان دا کە دەیانەوێت کام ‌هێز و لایەنە لە دەڤەرەکە بمێنێت.

پارێزگاری دهۆک داواکارییەکی ئاراستەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد بۆ بەهاناوەچوونی پەنابەران، ئاماژەی بەوە دا کە “داوا لە HCR و UN و ڕێكخراوە خێرخوازی و وڵاتان دەکەین هاوکاری پەنابەران بکەن.”

ئەمەش لەکاتێکدایە تاوەکو ئێستا دەیان هەزار پەنابەر کە بەهۆی شەڕی داعشەوە ئاوارەبوون لە زیاتر لە 15 کەمپی سنووری پارێزگای دهۆک دەژین.

ھەواڵی زیاتر