هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

سێ هاووڵاتیی بیانی له‌ ده‌ست چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ ڕزگار کران

هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ سێ هاووڵاتیی بیانی له‌ ده‌ست چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ رزگار ده‌كه‌ن و راده‌ستی كونسوڵخانه‌ی وڵاته‌كانیان ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی شادبوونه‌وه‌ به‌ كه‌سوكاریان.

ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌و باره‌یه‌وه‌ راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا رایگه‌یاند، هه‌ریه‌ك له‌ “ڤنسنت مارك ئه‌لیكسانده‌ر” و  “جین دیڤۆڵ” هاووڵاتی ئه‌مه‌ریكایی و “ئێمر ئێدوارس” هاووڵاتی بریتانیی له‌ ده‌ست په‌كه‌كه‌ رزگار كران.

ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ تۆمارێكی ڤیدیۆییدا وته‌ی هه‌رسێ هاووڵاتییه‌ بیانییه‌ رزگاركراوه‌كه‌ی بڵاوكرده‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، ئه‌و سێ هاووڵاتییه‌ “له‌ لایه‌ن رێكخستنه‌كانی په‌كه‌كه‌ له‌خشته‌ براون و خه‌ڵه‌تێندراون تا په‌یوه‌ندی به‌ ریزه‌كانی یه‌به‌شه‌وه‌ بكه‌ن له‌ قه‌زای شنگال به‌ مه‌به‌ستی شه‌ڕكردن له‌ دژی رێكخراوی داعش”.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: “ئه‌و هاووڵاتییه‌ بیانیانه‌ له‌ وته‌كانیاندا ئه‌وه‌یان ئاشكرا كردووه‌، ئه‌وان به‌ مه‌به‌ستی شه‌ڕكردن له‌ دژی رێكخراوی تیرۆریستی داعش په‌یوه‌ندییان به‌ چه‌كدارانی یه‌به‌شه‌وه‌ كردووه‌ نه‌ك په‌كه‌كه‌، به‌ڵام كاتێ: بارودۆخه‌كه‌ ده‌بینن و دڵنیا ده‌بنه‌وه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌وانی هێناوه‌ته‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێشتر پێیان وتراوه و ئه‌وانه‌ چه‌كداری په‌كه‌كه‌ن و شه‌ڕیان دژی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عێراقییه‌كان و سوپای توركیایه‌، كه‌ هاوپه‌یمانی وڵاته‌كانیانن، كاتێك ئه‌و راستییانه‌یان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ خه‌ڵه‌تێنراون، رێگای خۆده‌ربازكردنیان لێ ده‌گیرێت و ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كرێن و ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌‌”.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: “پاش ماوه‌یه‌كی درێژ و هه‌وڵێكی زۆر په‌یوه‌ندی به‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌وه‌ ده‌كه‌ن، دواتر هه‌رسێ هاووڵاتییه‌ بیانییه‌كه‌ له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌وه‌ رزگار ده‌كرێن و له‌ رێگه‌ی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راده‌ستی كونسوڵخانه‌ی وڵاته‌كانیان كراونه‌ته‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی شادبوونه‌وه‌ به‌ كه‌سوكاریان”.