شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی دۆخی شنگال بڵاوکردەوە

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی گرژییەکانی نێوان سوپای عێراق و چەکدارانی پەکەکە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بەپێویستی دەزانین هاووڵاتییان لە ڕووداوە ئەمنییەکانی شەوی ڕابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆی قەزای شنگال ئاگادار بکەینەوە.

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق لەبارەی دۆخی شنگال ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردۆتەوە و تێیدا هاتووە “کۆمەڵێک چەکداری بەناوی (یەبەشە) لە ڕێگەی سنوونێ و خانەسۆر ڕێگریان لە هاتووچۆی هاووڵاتییان کردووە، بەتایبەت گوندەکانی نزیک ئەو ناوچانە، هێزە سەربازییەکانی فەرماندەی ڕۆژئاوای نەینەوا ئۆپەراسیۆنێکیان دەست پێ کرد بۆ کردنەوەی ئەو ڕێگەیانە، بەڵام چەکدارانی (یەبەشە) بە قەناس و چاندنی مین و ئامێری تەقەمەنی هێرشیان کردە سەر هێزەکانمان.”

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە “هێزەکانمان لەسەر بنەمای سەپاندنی دەسەڵاتی یاسا وەڵامی ئەو هێزانەیان دایەوە و ڕێگەی هاتووچۆی هاووڵاتییانیان کردەوە.”

لە ڕاگەیەنراوەکە ستایشی ڕۆڵی هاووڵاتییانی ئەو دەڤەرە دەکات و ئاماژەی بەوە داوە کە “جێی خۆیەتی باسی ڕۆڵی ئەو هاوکارییە مەزنانەی هاووڵاتییان بکەین کە یارمەتی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانیان دا بۆ گێڕانەوەی دۆخەکە بۆ کاتی ئاسایی خۆی و ڕەتکردنەوەی هەموو ڕەفتارە نایاساییەکان.”

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق لە ڕاگەیەنراوەکەدا جەختی کردۆتەوە کە “فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان فەرمانی داوە کە دەستکراوەبن و بەتووندی وەڵامی هەر ڕەفتارێک کە ئاسایشی هاووڵاتییان دەخاتە مەترسییەوە، یان هەر کردارێک دەسەڵاتییان لاواز بکات،  بدەنەوە.”

ھەواڵی زیاتر