ئەنەکەسە داوا لە ئامریکا دەکات تا سنوورێک بۆ پەیەدە دابنێت by nusar22022-04-282022-04-287 “ئامانجی پەیەدە لەباربردنی ئەو هەوڵانەیە کەوا ئامریکا بۆ نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم دانوستاندنەکانی “کوردی ـ کوردی” دەیاندات”. ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سووریە “ئەنەکەسە”، داوا لە ئامریکا دەکات سنوورێک بۆ پێشێلکارییەکانی پەیەیەدە لە رۆژئاوای کوردستاندا دابنێت. لە رۆژانی رابردوودا 9 ئۆفیس و بارەگای ئەنەکەسە و حیزبەکانی پێکهێنەری ئەو ئەنجومەنە لە رۆژئاوای کوردستان لەلایەن پەیەدە/پەکەکەوە سووتێندراون و لەو بارەوە سکرتاریای گشتیی ئەنەکەسە رۆژی چوارشەممە 27/4/2022، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا رایگەیاند: “پەیەیەدە و دامودەزگا ئەمنیەکانی، لە رێگای پەلاماردانی ئەنەکەسە و سووتاندنی ئۆفیس و بارەگاکانی، سووکایەتییان بە ئاڵای کوردستان و سیمبولە نەتەوەییەکانی کورد کردووە و هەروەها بە سازدانی کۆبوونەوە لەژێر سیمبول و وێنە و دروشمەکانی پەکەکەدا و رفاندنی منداڵانی کورد و هەڕەشە کردن لە بنەماڵەی پێشمەرگەکانی رۆژ، ئاڵۆزی و ترس و دڵەڕاوکێیان لەناو خەڵکی رۆژئاوای کوردستاندا زیاد کردووە”. ئەنەکەسە دەستنیشانی کردووە کە ئامانجی پەیەدە لەو جۆرە هێرشانە ئەوەیە کە “ئەو هەوڵانەی کەوا ئامریکا بۆ ئامادە کردنی زەمینەیەکی ئەرێنی و نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم دانوستاندنەکانی “کوردی ـ کوردی” رۆژئاوای کوردستان دەیاندات، لەبار ببات. ئامانجێکی دیکەی پەکەکە لەباربردنی تێکۆشان و خەباتی سیاسی و هەروەها شاردنەوەی ئەو شکستانەیە کە تووشی بووە”. ئەنەکەسە لەوبارەوە دەڵێت “داوا لە هاوپەیمانەتی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی ئامریکا دەکەین لەبەر ئەوەی لەو ناوچەیەدا حزووری هەیە و لەگەڵ هەسەدە لە پەیوەندیدایە و هاوکات چاودێری و سەرپەرشتی دانوستاندنەکانی “کوردی ـ کوردی”ـش دەکات تاوەکوو رێکاری پێویست بگرێتە بەر و بە هەڵوێستێکی جیددی کەسانی پشت ئەو هێرشانە رابگەیەنێت و سزایان بدات”.