مووچەخۆرانی سلێمانی دژی بە تاڵان بردنی مووچەکانیان خۆپێشاندانیان کرد

قەیرانە سەپێنراو و دروستکراوەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی پێدەنێتە نزیکەی ٧ مانگ و دەسەڵاتی سیاسی ئەو سنوورە و ئیدارەی پارێزگاکەش هیچ ڕوونکردنەوەیەک بە خەڵکی نادەن و بەبای خەیاڵیاندا نایەت بۆ چارەسەری دۆخەکە هەنگاوێکی کرداریی بنێن.

بەهۆی نزیکبوونەوەی جەژن و زیادبوونی پێداویستیی هاووڵاتیان، خانەنشینان لەپێناوی وەرگرتنی مووچەکانیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە ناچاری شەوان ئێشک دەگرن و لەبەردەمی بیانی بانکەکان جێگای نووستن دادەنێن و دەنوون، بەشێکیشیان هەر لە نێو ئۆتۆمبێلەکانیان دەمێنننەوە. ئەو دۆخەی پارێزگای سلێمانی لە کاتێکدایە، لە هەردوو پارێزگای دهۆک و هەولێر، هیچ گرفتێک لە دابەشکردنی مووچەدا نییە و بە پێی خشتەی دابەشکردنی مووچە فەرمانبەران و خانەنشینان مووچەکانی خۆیان وەرگرتووە.
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان، لە دەسەڵاتدارانی پارێزگای سلێمانی دەپرسێت؛ خەڵک کامە سەرچاوەی دیکەی داهاتی هەیە هەتا ناچاری بکەن پاڵ پاڵێن بکەن بۆ مووچە؟
پێشەوا هەورامانی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت؛ ئەگەر تەدەخولات نەکرێت و هەڵوێست نەبێت لەچارەسەری کێشەی مووچە لەسلێمانی،بۆ جەژن فەقیرو هەژاری وا هەیە ناتوانن گۆشتی جەژنیش بکڕن!
ئەو پەرلەمانتارە ڕاشیدەگەینێت؛ بەس تەنها داهاتی مەرزەکانی سنووری سلێمانی زیاتر لە1٥٠ ملیار دینارە جگە پارەی ئاو و کارەبا و شارەوانی و تاپۆو ئەوداهاتانەی کە دەبێت بدرێتەوەحکوومەت و نایدەنەوە،تەنها ئەوە بەسە بیدەنەوە وەزارەتی دارایی بۆ ئەوەی نەبنە ئەو عیبرەتەی کە ئێستا بوون.
باس لەو گومانەش دەکات، کە یەکێتی لە ڕێگای ژمارەیەکی بانکییەوە، ئەو داهاتەی کە حکوومەت بۆ مووچەی فەرمانبەرانی سلێمانی دەنێرێت، یەکێتی دەیخاتە سەر ئەو ژمارە بانکییەی خۆیی و بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و کڕینی دەنگ لە هەڵبژاردندا بەکاری دەهێنێت. پێشتریش، ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاندبوو، یەکێتی بە پارەی مووچەی فەرمانبەرانی سلێمانی لە عێراق شەڕی پۆست و سەفەقاتی سیاسی دەکات. ئەم یارییە ترسناکەی دەسەڵات و ئیدارەی سلێمانی پێ ناچێت وا بە زوویی کۆتایی بێت و خەڵکیش لەو سنوورە بە تەواوی بێ ئومێد بوونە و، دوێنێ لە دەڤەری ڕاپەڕین مووچەخۆرانی سنوورەکە یەکەمین خۆپێشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی خۆیان دژی دەسەڵات و ئیدارەی سلێمانی پیشاندا.
چاودێرێکی سیاسی، لەوبارەیەوە قسەی بۆ “هەولێر” کرد و، ڕایگەیاند؛ ئێستا یەکێتی لە هەوڵی ئەوەدایە بەم هەنگاوانە بە سزادانی خەڵکی سلێمانی و ئەو ئەدا ناشرینەی لە ئیدارەدانی سلێمانی نیشانی دەدات، دەیەوێت بڵێت؛ حزبی پاشکۆ نیە! دەشڵێت؛ ئەو سیاسەتە هەڵەیەی یەکێتی لە سلێمانی پیادەی دەکات لەمێژە کۆن بووە و ئێستا خەڵکی سلێمانی لەوە تێگەیشتوون، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان مووڵکی تەنیا حزبێک نییە و چەندین حزبی کوردستانی بەشدار و بەرپرسن تیایدا و ئێستا ئەوەی ئاشکرا و ڕوونە ئەوەیە یەکێتی مەبەستی لەم سزادانەی خەڵکی سلێمانی ئەوەیە وا نیشان بدات حکوومەتە سزای خەڵکی سلێمانی دەدات، بەڵام هەر زوو ئەو پیلانە ئاشکرابوو.

ھەواڵی زیاتر