پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

پەکەکە بەهانە دەداتە تورکیا بۆ داگیر کردنی خاکی ھەرێمی کوردستان

سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە لەناو خاکی ھەرێمی کوردستان دەست پێ کردووە. بە گوتەی شارەزایان، پەکەکە لەپێناو بەرژەوەندی ھەندێ لایەن و وڵات، دژایەتی ھەرێمی کوردستان دەکات، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، ھەندێک لایەن بۆ بەرژەوەندی خۆیان و تێکدانی بارودۆخی ھەرێمی کوردستان، ھاوکاری پەکەکە دەکەن تا بەردەوامی بەو دژایەتیەی قەوارە و خەڵکی ھەرێمی کوردستان بدات.

سەرەڕای فشارە ئابووری و سیاسییەکانی حکوومەتی عێراق لەسەر ھەرێمی کوردستان، لە لایەکی دیکە دەستبەسەر داگرتنی داھاتی سلێمانی و نەگەڕاندنەوەی بۆ گەنجینەی حکوومەت، پەکەکەش لە ناوچە سنوورییەکان بیانوو دەداتە دەست تورکیا، بۆ ئەوەی ھێرش بکاتە سەر ناوچە سنوورییەکان، کە بە ھەزاران خەڵکی سڤیل زەرەرمەند بوونە.
مانەوەی پەکەکە لە سەر خاکی ھەرێمی کوردستاندا مەترسییە بۆ سەر قەوارەی سیاسی ھەرێم و ئاسایشی نەتەوەیی کوردســـتان، پەکەکە بە کردەوەکانی مێژووی خۆی ســـەلماندویەتی کە لە ھەموو بەشەکانی دیکەی کوردستاندا دژی بەرژەوەندییە نەتەوایەتییەکانی کوردە، ئەوەشی نەشاردووەتەوە کە بیری کوردایەتی و دەوڵەتی کوردی پێ دواکەوتوویی و مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ستراتیژی خۆی و، بەرەنگاری دەبێتەوە.
بەھۆی ناکۆکی و ململانێی سیاسی لە نێوان ھەردوولادا، تورکیا لە ساڵی ٢٠١٧ لەشکرکێشی بۆ سنووری ھەندێک ناوچە دەست پێکردووە و بە مەودای زیاتر لە ٣٠ کیلۆمەتر لە ھەندێک ناوچە داخلی خاکی ھەرێمی کوردستان بووە، بەھۆی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا تەنیا لە سنووری پارێزگای دھۆک تاوەکو ئێستا ٣٨٥ گوند چۆڵکراون و ٣٣٪ـی خاکی پارێزگاکە بووەتە ناوچەی قەدەخەکراو، ھەروەھا لە چوار ساڵی رابردووش ٣٤ کەسی سڤیل کوژراون و ١١ کەسی دیکەش بریندار بوونە.
ئاراس محەمەد، دانیشتووی سنووری ئامێدییە، بۆ “ھەولێر” روونیکردەوە:” ھەموو ساڵێک چاومان لەوەیە وەرزی بەھار بێت، بۆ ئەوەی لەگەڵ چەند گەنجێکی ناوچەکە پێکەوە روو لە چیاو چۆلەکان بکەین، بۆ کۆکردنەوەی گیای بەھارە، بھێنینەوە و لە بازاڕ بیانفرۆشینەوە، بەڵام بەھۆی شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا کاری ئێمە ئەستەم بووە و مەترسی لەسەر ژیانمان ھەیە و ناتوانین بگەین بە ھەموو شوێنێک، بۆیە داوا لە پەکەکە دەکەین خۆ لە گوند و ئاواییەکان دوور بخاتەوە، خاکی ھەرێمی کوردستان بەجێ بھێڵێ تا ئێمەش بە ئاسوودەی روو لە چیاوچۆلەکانی خۆمان بکەین و بەرھەمی خۆماڵی کۆبکەینەوە بۆ ئەوەی کەمێک داھاتمان دەست کەوێت.
بەھزاد مستەفا، چاودێری سیاسی، بۆ “ھەولێر” گوتی:” زۆرجار حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لێدوانێک دەدات یان ھەڵوێستێکی دەبێت، دەبینین بەشێک لە لایەنەکانی ھەرێمی کوردستان دژایەتی ھەڵوێستەکە دەکەن، پێویستە خەڵکی ھەرێمی کوردستان، بە تێکڕای لایەنە سیاسییەکانەوە پەکەکە شەرمەزار بکەن و ھەمووان دژایەتی ئەو سیاسەتانە بکەن کە ئێستا گرتۆتەبەر”.
مستەفا، ئاشکراشی کرد:” پەکەکە بۆ ئەوە دروست بووە بارودۆخی ھەر چوار پارچەی کوردستان تێک بدات، چونکە ئامانجی سەرەکی پەکەکە شکست پێھێنانی پڕۆژەی نەتەوەی کوردە لە ھەر چوار پارچەی کوردستان، ئەگەرنا پەکەکە چی دەکات لە ھەرێمی کوردستان، کە شوێنی راستەقینەی خەباتی ئەوان باکووری کوردستانە، بەداخەوە پەکەکە نەک نەیتوانیوە ھیچ گوندێکی باکووری کوردستان ئازاد بکات، بەڵکو بوونەتە ئاستەنگ لەبەردەم کوردەکانی باکوور.
لەلایەکی دیکەوە گرژییەکانی نێوان پەکەکە و ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لە سنووری قەزای شنگال بەردەوامن و خەڵک لە دڵەڕاوکێدا دەژیت و داوا دەکەن رێککەوتنی شنگال کە لە نێوان ھەولێر و بەغدا کراوە جێبەجێ بکرێت، ھۆزان خورشید، چالاکوانی سیاسی، بۆ “ھەولێر” گوتی:” پەکەکە ھەرگیز ئامانجی ئارامی نییە و لە ھەر شوێنێک بێت ئامانجی دروستکردنی نا ئارامییە و نایەوێت لەو شوێنەی لێیەتی خەڵکی بحەسێتەوە، بەڵکو پلانی وڵاتانی ھەرێمی جێبەجێ دەکات، کە ئەوەش لە بەرژەوەندی عێراق و خەڵکی ناوچەکە نییە.
ئەو چالاکوانە، ئاشکراشی کرد:” پەکەکە وەک بەرنامەی ھەمیشەیان ئەجندای ھەرێمی جێبەجێ دەکات، ھەر کاتێک فشارێکی ناوخۆی یان دەرەکی بۆ سەر ھەرێمی کوردستان ھەبێت، پەکەکە لە سنوورەکانەوە دۆخێکی ناسەقامگیر دروست دەکات، بۆیە داوا دەکەین پەکەکە سنووری ھەرێمی کوردستان جێبھێلێت، چونکە میوانێکی نەخوازراو نەویستراوە و بەڵایەکی گەورەیە بۆ کوردانی ھەر چوار پارچە”.