ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ڕایگەیاند؛ بۆ ئەو هاوبەشانەی لە دەرەوەی شارەكانن و پێوەریان نەبەستاوە، نرخی كرێی ئاو لە 80 هەزارەوە بۆ 10 هەزار دینار بەڕێژەی 90% داشكاندنیان بۆ دەكەین و ئەوانەی ناو شارەكانیش لە 80 هەزارەوە بۆ 20 هەزار دینار كەم دەكرێتەوە، داواش لە هاووڵاتییان دەكەین بە خێرایی بچن پێوەرەكانیان ببەستن بۆ ئەوەی لەم بڕیارەی كابینەی نۆیەمی حكوومەت سوودمەند بن.
دوێنێ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند؛ زیاتر لە 300 هەزار هاوبەشی ئاو تاوەكو ئێستا پێوەریان نەبەستاوە بۆیە كرێی ئاویان بە 80 هەزار دینار بۆ هەر مانگێك بۆ هەژمار دەكرا، بەڵام دوای ئەوەی لەلایەن دامودەزگەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە لە ماوەكانیڕابردوودا داخوازیی هاووڵاتییانمان پێگەیشت بۆ كەمكردنەوەی ئەو 80 هەزار دینارەی كرێی ئاو، ئێمەش لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و لیژنە تایبەتەكانمان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ دیراسەی ئەو داواكاریانەمان كرد و دواتر بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانمانبەرزمان كردەوە و پێشنیازەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ كەمكردنەوەی كرێی ئاو بۆ ئەوانەی پێوەریان نەبەستاوە لەلایەن سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەند كران.
سەبارەت بە داشکاندنەکانیش، ڕایگەیاند؛ لە 80 هەزارەوە لەناو سەنتەری شارەكان بۆ 20 هەزار دینار واتە بەڕێژەی 75% كەمكراوەتەوە. هەروەها بۆ ئەوانەیشی لە دەرەوەی شارەكان و كۆمەڵگە و قەزا و ناحیەكانن لە 80 هەزارەوە بۆ 10 هەزار دینار واتە بەڕێژەی 90% كەمكراوەتەوە. بۆ شوێنە بازرگانییەكان و كاسبكاران و پیشەوەران، كەمكردنەوەی كرێی ئاو لە 200 هەزار دینارەوە بەڕێژەی 40% كەمكراوەتەوە.
ڕاشیگەیاند؛ فەرمانگەكانی ئاو و ئاوەڕۆ لە سەرجەم شار و شارۆچكەكان لەڕێگەی ئەو پرۆژانەی هەیانە كە زیاتر لە 81 پرۆژەن و زیاتر لە 5 هەزار بیری ئاویش هەیە،ڕۆژانە بڕی ئاوی خواردنەوە بە بڕی دوو ملیۆن و زیاتر لە 684 مەتر سێجا ئاو بۆ هاووڵاتییان دابین دەكرێت، تێچووی بەرهەمهێنانی هەر مەتر سێجایەك ئاویش لەسەر حكوومەت 335 دینار دەكەوێت.
گوتیشی: بەرهەمهێنانی ئاو یەكێكە لە ئەولەویەتەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كاری جیدی بۆ كردووە و هەر شار و شارۆچكەیەكیش پێویستی بە پرۆژەی ئاو هەبووبێت، حكوومەت بڕیاری باشی بۆ دەدات و كاری لەسەر كردووە، دوا بڕیاریش پرۆژەی ئاوی چەمچەماڵ بوو كە لە ماوەی داهاتوودا دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوەوە. چونكە هاووڵاتییان چەقی بایەخپێدانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانن، لە هەر كوێ داخوازییەكیان هەبووبێت بەهەند وەردەگیرێت و ئەم بڕیارەی ئێستاش دەچێتە خانەی بایەخپێدانەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەت بە هاووڵاتییان.