عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی لە کۆتایی ئەمساڵدا سەرژمێریی نیشتمانی بكات

پرسی سەرژمێریی دانیشتووانی عێراق و هەرێمی کوردستان دووبارە لە لایەن وەزارەتی پلاندانانی عێراقەوە دەورووژێنرێت و، ئەگەر حکوومەتی نوێ دابمەزرێت و بودجەی پێویست بۆ وەزارەتەکە دابین بکرێ، ئەوا لە کۆتایی ئەمساڵدا سەرژمێرییەکە دەکرێت و بە شێوەی ئەلیکترۆنی بەڕێوە دەچێت.

وەک ئاشکرایە لەوەتەی عێراقی فیدراڵ دامەزراوە، باس لە سەرژمێری دەکرێت، بەڵام بە هۆکاری جیاوازی، سیاسی، ئەمنی، ئابووری و یاسایی نەکراوە. بڕیار بوو ساڵی ٢٠٢٠ پڕۆسەکە بەرێوە بچێت، بەڵام بۆ ساڵی ٢٠٢١ دوا خرا، ساڵی رابردووش لەبەر پرسی هەڵبژاردن بۆ ئەمساڵ دواخرا؛ ساڵانی پێشتریش هەوڵی هاوشێوە هەبووە بەڵام سەریان نەگرتووە.
وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشکرای کرد، دەستی بە ئامادەکاری کردووە بۆ ئەوەی لە کۆتایی ئەمساڵدا لە سەرانسەری عێراقدا سەرژمێری بكرێت.
عەبدولزوهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رای گەیاند، دەبوایە دەمێک پێش ئێستا لە عێراق سەرژمێری بکرێت و بە وردی ژمارەی دانیشتووانی عێراق دیاری بکرێت، بەڵام بۆ هۆکاری جیاواز دوا کەوتووە و، زۆربەی ئەو هۆکارانەش بە ویستی عێراق نەبوون.
ناوبراو، روونی کردەوە لە ساڵی ٢٠٢٠ نەتوانرا یاسای بودجە لە کاتی خۆیدا تێپەڕێنرێت و پاشان سەرهەڵدانی کۆرۆنا نەیهێشت پڕۆسەی سەرژمێری بەڕێوە بچێت. دواتر لە ساڵی ٢٠٢١یشدا بودجەی پێویست بۆ وەزارەتی پلاندانانی عێراق تەرخان نەکرا؛ لەو ساڵەشدا هەڵبژاردنی پەرلەمان بەڕێوە چوو و نەدەکرا لە یەک کاتدا دوو هەنگاوی گرنگ بنرێت، بۆیەش تا ئێستە نەتوانراوە سەرژمێری بکرێ.
بە گوتەی هینداوی، ئەمساڵیش وەزارەتەکەیان هەموو ئامادەکارییەکی پێویستی بۆ بەڕێوەبردنی سەرژمێری كردووە، بەڵام لەگەڵ دوو کێشە بەرەوڕوون، یەکەمیان ئەوەیە هێشتا حکوومەتی نوێی عێراق پێک نەهاتووە، دووەمیش ئەوەیە بودجەی ساڵی ٢٠٢٢ پەسند نەکراوە.
بڕی ئەو بودجەیەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق پێویستییەتی تا هەڵمەتی سەرژمێری لە تەواوی عێراق بەڕێوە ببات ١٢٠ ملیار دینارە، کە بە دۆلار دەکاتە ٨٢ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دۆلار. سەرژمێرییەکە بە دەست ناکرێت، بەڵکوو بە ئامێری تەبلێت یان ئایپاد دەکرێت و سەرجەم ئەو ئامێرانەش بە ناوەندی نیشتمانیی کۆکردنەوەی زانیارییەکانەوە بەستراونەتەوە. کاتێک فەرمانبەرەکە زانیارییەکان دەخاتە ناو ئامێرەکە راستەوخۆ بۆ ناوەندی ئامار و زانیاریی نیشتمانیش دەگوازرێنەوە.
بۆ ئەوەی پڕۆسەکە دەست پێ بکات، ئەوا وەزارەتی پلاندانانی عێراق پێویستی بە ١٥٠ هەزار ئامێری تەبلێت هەیە و جگە لەمە تەواوی ئەو کەسانەی قەرارە سەرژمێرییەکە بکەن و زانیارییەکان کۆ بکەنەوە، دەبێ بەشداری لە خول و راهێنانی پێویستدا بکەن و رابهێنرێن، بۆ ئەوەی هیچ کێشەیەک روو نەدات و سەرژمێرییەکە سەرکەوتوو بێت. هەروەها پێویستە پێشتر وەک تێست لە چەند پارێزگایەک بەڕێوە بچێت و تاقی بکرێتەوە و دواتر کەم و کورتییەکانی نەهێڵدرێن.
ئەو ژمارەیەی بۆ دانیشتووانی عێراق راگەیەنراوە ژمارەیەکی خەمڵێنراوە و بریتییە لە ٤١ ملیۆن و ١٥٠ هەزار کەس کە لەو ژمارەیە ٥٠.٥%یان لە رەگەزی نێر و ٤٩.٥%یان مێن. گەشەی ژمارەی دانیشتووانیش لە ساڵێکدا بە ٢.٦% دەستنیشان کراوە.
ئەنجامدانی سەرژمێری لە هەموو وڵاتێک رۆڵێکی گرنگی هەیە لە بوارەکانی ئابووری سیاسی و پلاندارێژی بۆ گەشەی وڵات لەسەرجەم بوارەکان و دەبێتە بەرچاوڕوونییەک بۆ داهاتووی وڵات و، بنەمایەکی زانستی بۆ سەرجەم هەوڵ و پڕۆژەکانی پێوەندیدار بە داهاتووی وڵات و دابینکردنی پێداویستییەکان.
دواین جار کە لە عێراق سەرژمێری کرابێت بۆ ساڵی ١٩٩٧ دەگەڕێتەوە، ئەوکاتیش سەرژمێرییەکە بۆ تەواوی عێراق نەکرا و هەرێمی کوردستانی نەگرتەوە.
پرسی سەرژمێری بۆ هەرێمی کوردستان بە تایبەتی دانیشتووانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە گرنگ هەژمار دەکرێت. لە سەردەمی بەعسدا دیموگرافیای سەرجەم ئەو شوێنانە گۆڕدراوە و دواتریش حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق نەک دۆخەکەیان ئاسایی نەکردووەتەوە بگرە لە دوای ساڵی ٢٠١٧ەوە هاوشێوەی سەردەمی بەعس دەستیان بە گۆڕینی دیموگرافی کردووە، بۆیەش کورد دەبێت بە بایەخەوە لەو پرسە بڕوانێت.

ھەواڵی زیاتر