لەسەر بڕیاری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سێ نەخۆشخانەی دەروونی بۆ ئافرەتانی دەغەزدار دەکرێتەوە

لە ئایندەیەكی نزیكدا سێ نەخۆشخانەی دەروونی بۆ ئافرەتان دەكرێتەوە و وەزارەتی تەندروستی ئەركی چارەسەری نەخۆشان لە ئەستۆ دەگرێت و وەزارەتی كاریش ئەركی چاودێری نەخۆشانی لە ئەستۆ دەبێت.

د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، ڕایگەیاند كاری ئەو سێ نەخۆشخانەیە كۆتایی هاتووە و بەمزوانە ئەو سێ نەخۆشخانەیە بۆ چارەسەری نەخۆشییە دەروونییە درێژخایەنەكانی ئافرەتان دەكردێتەوە.
د. سامان بەرزنجی و خاتوو كوێستان محەمەد واژویان کرد لەسەر ڕێنمایی تایبەت بە کردنەوەی سێ نەخۆشخانە بۆ نەخۆشانی دەروونی تایبەت بە ژنان لە (هەولێر، سلێمانی و دهۆک). دوا بەدووای واژووكردنی یاداشتەكە د. سامان بەرزنجی و كوێستان محەمەد لە بارەی ناوەڕۆكی یاداشتەكەوە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی هاوبەش ناوەرۆكی یاداشتەكەیان خستە روو.
كوێستان محەمەد وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی گوتی: هەموو ئەو ژنانەی نەخۆشی درێژخایەنی دەروونیان هەبوو، كە لەسەر شەقامەكان دەبوون، لە لایەن دادوەرەوە زۆر جار ڕەوانەی شێڵتەرەكان یانیش خانەی بەساڵاچووان دەكران، ئەمەش كاریگەری نەرێنی لەسەركەیسەكانی ئێمە دەبوو، خۆشبەختانە دواجار ڕێزدار جەنابی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر كردنەوەی ئەم سێ نەخۆشخانەیە (هەولێر، سلێمانی، دهۆك) هەربۆیە ئێمەهەمووئامادەكارییەكمان كردوە و لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەم نەخۆشخانانە پێكەوە پێشوازی لەنەخۆشەكان دەكەن.
پاشان د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم گوتی: بە سووپاسەوە بەڕێز كاك مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕەزامەندی لەسەر كردنەوەی ئەم سێ نەخۆشخانەیە دا، وە بودجەی پێویستی بۆ تەرخانكرا و لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەم نەخۆشخانانە دەكەونە بواری كار و خزمەتكردن.
وەزیری تەندروستی گوتیشی: ئەم نەخۆشخانانە كێشەیەكی گەورە لە كۆمەڵگەی ئێمە چارەسەر دەكات، هەروەك ڕوونە لای هەمووان مافی ئافرەت و هەمیش تەندروستی ئافرەت ڕەهەندێكی گەورەی هەیە، هەر لە چاودێری تەندروستی سەرەتایی و لە ڕووی كۆمەڵایەتیشەوە. لە بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، چەندین ڕەهەندی گرنگ بۆ ئافرەتان خۆی دەبینێتەوە لە مافی ئافرەت و تەندروستی و پێشخستنی كەرتی تەندروستی.
وەزیری تەندروستی گوتیشی: لە لایەن وەزارەتی تەندروستی نەخۆشخانەی تایبەت بە پیاوان هەیە و چەندین ساڵە خزمەت دەكەن و چەندین نەخۆشیش چارەسەركرا ون، و پاش وەرگرتنی چارەسەری پێویست توانراوە بگەڕێندرێنەوە نێو كۆمەڵگە.

ھەواڵی زیاتر