بۆ تاوتوێکردنى بابەتە زانستى و دارایى و کارگێڕییەکانى زانکۆکانى کوردستان، ئەنجوومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر کۆبۆوە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا بۆ هەردوو پرسى بۆڵۆنیا پرۆسێس و هەڵسەنگاندن و پەرەپێدانى پرۆگرامەکانى خوێندن لە کۆلێژەکانى یاسا، لە کۆتایى مانگى حوزەیرانى ئەمساڵ دوو کۆنفرانسى زانستى ئەنجام بدرێت.
بەسەرپەرشتى د. ئارام محهمهد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبوونى بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى و سەرجەم سەرۆک زانکۆ حکومییەکان، کۆبوونەوەى ژمارە 3ى ئەنجوومەنى وەزارەت لە دیوانى وەزارەت بەڕێوەچوو.
لەسەرەتاى کۆبوونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لەپاڵ باسکردنى ڕەوشى خوێندن و ئاستى زانستى و ئەکادیمى زانکۆکانى کوردستان و چاڵاکییە زانستییەکان، ئاماژەى بە گرفتە دارایى و کارگێڕى و زانستییەکانى زانکۆکان کرد، بۆ ئەمەش نەخشە ڕێگەى پێویست بۆ چارەسەرکردنى گرفتەکان خرانەڕوو. دواتریش بۆ دەوڵەمەندکردنى پڕۆژە زانستییەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و زانکۆکان، بڕیاردرا چەند کۆنفرانسێکى زانستى جیا ئەنجام بدرێت و سیاسەت و ستراتیژى وەزارەت و نەخشە ڕێگەى کارکردنى زانکۆکان بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەکان بخرێتەڕوو.
لەو چوارچێوەیەشدا سەبارەت بە پەرەپێدانى بۆڵۆنیا پرۆسێس و داڕشتنەوەى چوارچێوەیەکى نیشتمانى بۆ جێبەجێکردنى، هەروەها بۆ مەبەستى پێداچوونەوە و پەرەپێدانى پرۆگرامەکانى خوێندن لە کۆلێژەکانى یاسا لە زانکۆکانى کوردستان، دواى گفتوگۆیەکى وردو هەڵسەنگاندنى زانستى، ئەنجوومەنى وەزارەت بڕیاریدا لە کۆتایى مانگى حوزەیرانى ئەمساڵ دوو کۆنفرانسى فراوانى زانستى بۆ هەردوو بابەتەکە ئەنجام بدرێت.
لەبارەى پرسى خوێندنى تەکنیکیش لە هەرێمى کوردستان، د. ئارام محمد قادر ڕایگەیاند: بایەخدان بەخوێندنى تەکنیکى و پیشەیى لە هەرێمى کوردستان کارەکانى بە باشى ڕێچکەى خۆیان گرتووە و پڕۆژەى خوێندنى پیشەیى کارى جددى بۆ کراوە، لەو چوارچێوەیەشدا ژمارەیەک پڕۆپۆزەڵ ئاراستەى وەزارەتەکەمان کراون بۆ کردنەوەى خوێندنى پیشەیى تایبەت لە هەرێمى کوردستان، بۆ ڕایىکردنى کارەکانیش لیژنەیەکى تایبەت پێکهێندراوە بۆ هەڵسەنگاندنى پڕۆژەکان، وتیشى: لەگەڵ وەزارەتى پەروەردە هاوتەریب بۆ خوێندنى تەکنیکى و پیشەیى لەکارداین.
لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بە جێبەجێکردنى سیستمى ئەلیکترۆنى لە دامەزراوەکانى خوێندنى باڵاى کوردستان کرد و ڕایگەیاند: جێبەجێکردنى سیستمى ئەلیکترۆنى لە دامەزراوەکان یارمەتیدەرمان بووە بۆ ئەوەى بتوانین خێراتر و کاراتر خزمەتگوزارییەکانمان پێشکەش بە هاووڵاتیان بکەین و ڕۆتین و بیرۆکراسیەتى کارگێڕى کەم بکەینەوە، لە لایەکى دیکەشەوە دەرفەتى چەسپاندنى بنەماکانى شەفافیەت و کەمکردنەوەى خەرجى بەڕێوەبردن دەڕەخسێنێت، بۆیە سەرۆک زانکۆکانى ڕاسپارد لەپاڵ هەوڵەکانیان بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنى سەرجەم سێکتەرەکانى خوێندنى باڵا بایەخى زیاتر بەم بوارە بدرێت، چونکە جێبەجێکردنى ئەم سیستەمە کاریگەرى لەسەر ژیانى هاووڵاتیان و مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکارانى زانکۆ و دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا دەبێت.