مەسیحیەکان لە کوردستان بە ئارامی و لە عێراق لەژێر هەڕەشەژیان گوزەر دەکەن

بەرێوەبەری کاروباری مەسیحی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، مەسیحیەکان لە هەرێمی کوردستان زۆر بە ئارامی دەژین و شوێنی پێکەوەژیانە، بەڵام لە عێراق بەردەوام هەڕەشەیان لەسەرە و لەژێر هەڕەشە ژیان گوزەر دەکەن.

خالید ئەلبێرت، بەرێوەبەری کاروباری مەسیحی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: “هەرێمی کوردستان شوێنی پێکەوەژیانە بۆ هەموو پێکھاتەکان بێ جیاوازی، مەسیحیەکان لە هەرێمی کوردستان لە ئارامیەکی تەواو دەژین و هەموو مافەکانیان پێ دراوە و ھیچ کێشەیەکیان نیە و بەھی خۆیان دەزانن، بەڵام لە عێراق پێچەوانەیە و دوای ڕووخانی ڕژێم تا ئێستا بەردەوام تەعدایان لێ دەکرێت”.
خالید ئەلبێرت گوتیشی، مەسیحیەکان لە عێراق بەتایبەت لە بەغدا بەردەوام هەڕەشەیان لێ دەکرێت و تەنانەت ئەوانەی بۆخۆیان کارێکیش بکەن هەڕەشەیان لێ دەکرێت و ئارام نین و لە مەترسیدان و لە دۆخێکی خراپ ژیان گوزەر دەکەن”.
ئەلبێرت باسی لەوەکرد: “بەھۆی ئەو دۆخە خراپەی لە عێراق هەیە مەسیحیەکان لە ملیۆنێک و هەشت هەزار تەنها نیو ملیۆنی ماوە ئەوانەی دیکە کۆچیان بۆ دەرەوە کردووە، ئەوانەی ماویشن بەشی هەرەزۆری لە هەرێمی کوردستان دەژین”.

ھەواڵی زیاتر