بازاڕی گیا بەهارییەکان جمەی دێت

ئەگەر رێت بە شەقامی سەرەکی سۆران بکەوێت، ھەر لە دوورەوە بۆن و بەرامەی گیا و رووەکی بەھاری بەرەو فرۆشیاران رێنوێنی دەکەن، لەوێ ھەموو جۆرە گیایەکت دەست دەکەوێت. پەکەکە زۆربەی رێگا و ناوچە سنوورییەکانی مینڕێژکردووە، ئەوەش وای کردووە کە ناوچە سنوورییەکان سەلامەت نەبن و کاسبکاران نەتوانن بگەن بە ھەموو شوێنێک.

بازاڕی ساخ کردنەوەی گیا بەھارییەکان لە شاری سۆران گەرمە، چەندین جۆر گیای بەھاری بەرچاو دەکەون لەوانە کەنگر، رێواز، کاردی، ھندرشە، لووشە، سۆریاس و چەندین جۆری دیکە.
لە مانگی ٢ تا کۆتایی مانگی ٥ خەڵک بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیان روو لە چیا و چۆڵەکانی ناوچە سنوورییەکان دەکەن بۆ ھێنانی گیا بەھارییەکان، کۆکردنەوە و فرۆشتنی گیا بەھارییەکان دەرفەتی کاری کاتییان بۆ ژمارەیەک لە ھاووڵاتی رەخساندووە، وەکو خۆیان دەڵێن، ئەو جۆرە گیا بەھارییانە بوونەتە سەرچاوەی ژیان و داھات، بۆ ئەوەی بژێوی ژیانی خۆمان پێ دابین بکەین.
گیا بەھارییەکان، بەھۆی تەندروستبوون و تامیان، خواستی زۆریان لەسەرە، فرۆشیاران بۆ ساغکردنەوەی بەرھەمەکانیان ھاوار دەکەن و کڕیار بۆ خۆی ڕادەکێشێت، یەکێک ھاواری کەنگر و کاردی دەکات، یەکێکی دیکە ھاوار دەکات لێرە کوارک، سترک و ھندرشە ھەیە، ئەگەر زوو نەگەیێ، نامێنێت.
ستار محیەدین، بۆ “ھەولێر” دەڵێت:” ھەموو بەیانییەکی زوو چەند کەسێک دەبین دوای بڕینی رێگایەکی زۆر بۆ شاخ و دەرەکانی ئیدارەی سۆران دەچین، ھەر رۆژێک روو لە ناوچەیەک دەکەین بۆ کردنی گیای بەھاری، دوای ماندووبوونێکی زۆر ئێوارەیەکی درەنگ دەگەڕێینەوە لە بازاڕ کڕیاری خۆمان ھەیە و ھەرچی ھەمانە پێیان دەدەین کە رۆژانە ٤٠ تا ٦٠ ھەزار دینارمان دەست دەکەوێت، رۆژی دواتر بە ھەمان شێوە دەچینەوە، بەڵام ئەمجارە دەچینە ناوچەیەکی دیکە.
لە ناو بازاڕی سۆران لە بەردەمی مام وەیسی عەبدوڵا، ھەرچی گیا بەھارییەکانە دەست دەکەوێت، ھەریەکە و نرخیان جیاوازە، دەڵێ، من تاقەتی ئەوەم نەماوە ھیچ کارێک بکەم و ناش توانم بچمە چیا و چۆلەکان، بەڵام لەگەڵ ھاتنی وەرزی بەھار ھەرچی گیای بەھاریت دەتەوێت ھەمە، لەگەڵ ھاتنی وەرزی بەھار پەیوەندی بەچەند کەسێکەوە لە بالەکایەتی دەکەم دەڵێم ھەرچی گیای بەھاری کردت بۆم بھێنە بە نرخێکی گونجاو لێت دەکڕم ئێستا ڕۆژانە کاتژمێر ٣ یەک پیکاب گیای بالەکایەتیم بۆ دێت و ھەر کیلۆیێک ٥٠٠ دیناری بۆم تێدا بێت دەی فرۆشمەوە، خۆزگە ھەر چوار وەرزی ساڵ بھار بوایە.
تارق زکری، بۆ “ھەولێر” درکاندی، رێواس، کەنگر، چۆرین، کاردی، کوارک، ھندڕش، لە چیا و چۆڵەکانی کوردستان دێت، ھەندێک کەس کاروپیشەیان ئەوەیە رۆژانە روو لە چیا و چۆڵەکان دەکەن، ئەو جۆرە گیایانە بۆمان دەھێنن و ئێمەش لێیان دەکڕین و دواتر بە ھاووڵاتییان دەفرۆشینەوە، کە ھەندێک لەو جۆرە گیایانە دەرمانن بۆ مرۆڤ”.
سەردار ئیسماعیل، ھاووڵاتییەکی ترە، بۆ “ھەولێر” روونیکرەوە:” چەندین ساڵە لە وەرزی بەھار لە رێگەی فرۆشتنی گیای بەھارە پارەیەکی باشمان دەست دەکەوێت، رۆژانە روو لە کوێستانەکانی برادۆست دەکەین، بۆ ھێنانی گیای بەھارە، بەڵام چەند ساڵێک دەبێت چوون بۆ ئەو شوێنانە زەحمەت بووە و ناتوانین وەک پێویست بگەین بە ھەموو شوێنێک، ئەوەش لەبەر بوونی پەکەکەیە لەو ناوچانە، رێگرن بۆ ئەوەی روو لە ھەموو ناوچەیەک بکەین، لەو شوێنانەی نینە مینڕێژیان کردووە، ئەمساڵ چەندین ھاووڵاتی لەو ناوچانە بەر مین و تەقەمەنی کەوتوونە و کەمئەندام بوونە”.

ھەواڵی زیاتر