ئەندامێکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان:ئه‌و كه‌سانه‌ی له سه‌ر حیسابی گشتی، پاره‌یان به شێوازی لابه‌لا خه‌رج كردووه، رێكاری توندیان له‌گه‌ڵ ده‌گیرێته‌به‌ر
به‌گوێره‌ی ئه‌و راپۆرته‌ی دیوانی چاودێری دارایی بۆ په‌رله‌مانی كوردستان هاتووه، به‌شێك له بودجه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا له سنووری پارێزگای سلێمانی به ناڕوونی خه‌رج كراوه، لیژنه‌ی ده‌ستپاكی سه‌ردانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانیان كردووه و ئاشكراكراوه، 1.6 ملیار دینار له سنووری پارێزگای سلێمانی به‌هه‌ده‌ردراوه.
له‌لیلا عه‌بدولجه‌بار، ئه‌ندامی لیژنه‌ی ده‌ستپاكی له په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ پاراستنی هاووڵاتیان له سه‌ره‌تاسه‌ری هه‌رێم بودجه‌یه‌كی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا ته‌رخانكردبوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌لایه‌ن خێرخوازانیشهوه پاره‌یه‌كی زۆر هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ته‌رخانكرابوو.
گوتیشی: دوای ئه‌وه‌ی ده‌نگۆیه‌ك بڵاوبوویه‌وه، كه ئه‌و پاره‌یه به شێوه‌یه‌كی گونجاو خه‌رج نه‌كراوه، دیوانی چاودێری دارایی لیژنه‌ی بۆ به‌دواداچوونی چۆنیه‌تی خه‌رجكردنی ئه‌و بودجه‌یه دروست كرد، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و راپۆرته گه‌یشته ده‌ست ئێمه، بینیمان ژماره‌یه‌ك سه‌رپێچی تێدایه، تێبینیمان له‌سه‌ر هه‌بووه، كه پاره به شێوه‌یه‌كی لابه‌لا خه‌رج كراوه، كه رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی دارایی له‌به‌رچاو نه‌گیراوه.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لیژنه‌ی ده‌ستپاكی له په‌رله‌مانی كوردستان روونیكرده‌وه، وه‌كو ئه‌ركێك له نزیكه‌وه به‌دواداچوونمان كرد، راپۆرته‌كه و چۆنیه‌تی خه‌رجكردنی پاره‌كه‌مان به‌راورد كردووه، سه‌ردانی سه‌رجه‌م پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان‌مان كردووه، سه‌ردانی پارێزگای سلێمانیش كراوه، بۆ ئه‌وه‌ی له نزیكه‌وه ستافی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی ببینین.
روونیشكرده‌وه، جیاوازییه‌ك له‌گه‌ڵ راپۆرته‌كه و ستافی ته‌ندروستی سلێمانی له رووی ژمارهكانهوه هه‌یه، هه‌ندێك ورده‌كاری بۆ ئێمه ئاشكرابووه، كه پێشتر روون نه‌بووه، به‌ڵگه‌ی زیاتر كه‌وتووه‌ته ده‌ستمان، به‌ڵام ئێمه كه‌س تۆمه‌تبار ناكه‌ین، چونكه ده‌زگای لێكۆڵینه‌وه و دادوه‌ری هه‌یه.
له‌لیلا عه‌بدولجه‌بار جه‌ختی له‌وه كرده‌وه، بڕیار دراوه، بانگهێشتی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار بكرێت، ئه‌گه‌ر ساخبێته‌وه پاره به‌هه‌ده‌ر درابێت، ئه‌وا رێگه‌ی یاسایی و دادگا هه‌یه، ئه‌و كه‌سانه‌ی له سه‌ر حیسابی گشتی، پاره‌یان به شێوازی لابه‌لا خه‌رج كردووه، رێكاری توندیان له‌گه‌ڵ ده‌گیرێته‌به‌ر.