رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاوی کردووەتەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ بەڵگەیەکی بۆ بوونی بنکەی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) لە هەولێر، نییە.
رۆژنامەکە لە راپۆرتێکدا، بەبێ ئاشکراکردنی ناوەکانیان، ئاماژەی بە گوتەی دوو بەرپرسی عێراقی کردووە کە گوتویانە، ”دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە بانگەشەکانی ئێران بۆ بوونی بنکەی مۆساد لە هەولێر راست نییە و تەنانەت “یەک بەڵگەشی نییە“.
ئەو دوو بەرپرسە عێراقییە پێیان وایە ئێران لە بوونی حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە هیچ چالاکییەک لەناو خاکی باشووری کوردستان لە دژی ئێران ناکەن، لە هەرێمی کوردستان نیگەرانە و دوای بۆردومانکردنی ماڵی شێخ باز، وەبەرهێنەری کورد، دەنگۆی بوونی بنکەی مۆسادی لە هەولێر بڵاو کردەوە.
بەرەبەیانی رۆژی 13-3-2022 سوپای پاسدارانی ئێران 12 مووشەکی ئاراستەی هەولێر کرد کە لەسەر ماڵی شێخ باز کەوتنە خوارەوە و جگە لە زیانی ماددی، هیچ زیانێکی دیکەی لێنەکەوتەوە.
یەکێک لەو دوو بەرپرسە عێراقییە رایگەیاندووە: حکوومەتی عێراق داوای لە ئێران کرد بەڵگەی بوونی بنکەی مۆساد لە هەولێر بخاتە روو، بەڵام ئێران ”سەرەڕای جەختکردنەوەی عێراق، هیچ بەڵگەیەکی نەبوو“.
پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ کە بەشداریی کۆبوونەوەکانی تایبەت بە رووداوەکەی کردووە، رایگەیاندووە: ئیرەج مەسجدی، باڵوێزی پێشووی ئێران لە بەغدا تەنیا تۆمەتی بوونی بنکەی مۆسادی ئاراستە کرد و بەڵگەی قەناعەتپێهێنەری نەخستە روو.
ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە دروستکردنی ئەو تۆمەتە بێبنەمایە، عێراقییەکان دەگەیەنێتە ئەو قەناعەتەی هێرشەکە کاردانەوەی ئێران بووە بەرامبەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق کە رۆژی 10-10-2021 ئەنجام درا و تێیدا لایەنە عێراقییەکانی نزیک لە ئێران شکستیان هێنا.
هەروەک رۆژنامەکە لە زاری دوو بەرپرسە عێراقییەکە بڵاوی کردووەتەوە، لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەناو خانووی شێخ باز کراوە و هیچ سەرەداوێک بۆ بوونی بنکەی مۆساد دەرنەکەوتووە و پاشماوەی خانووە مووشەکباران کراوەکە نیشانی دەدا کە خانووی هاووڵاتییەکی ئاساییە.