پەکەکە دەست لە پیلانگێڕی دژی خاک و خەڵکی هەرێمی کوردستان هەڵناگرێت، لەو پێناوەشدا باکی بەوە نییە خەڵکی ڕۆژئاوا بەکار بهێنێت و بیانکات بە قوربانی سیاسەتی دوژمنکارانە کە پێی سپێردراوە و، ئەویش دڵسۆزانە بەجێی دەگەیەنێت.
بە پێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی “دارکامازی” کادرەکانی پەکەکە لە دانیشتنێکی نهێنیدا لە شاری قامیشلۆ، بەرپرسانی بەڕێوەبەریی خۆسەریان ڕاسپاردووە، خۆپیشاندانێک دژ بە هەرێمی کوردستان لە شاری حەسەکە بەڕێوە ببەن.
لە زانیارییەکانی ئەو پێگەیەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو، پەکەکە فەرمانی بە سەرجەم کارمەندانی دامەزراوەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر کردووە کە خۆپیشاندانێک دژ بە هەرێمی کوردستان ئۆرگانیزە بکەن و هەروەها بۆخۆشیان لەو خۆپیشاندانانەدا بەشدار بن و هەول بدەن سیمایەکی جەماوەریی پێ بدەن.
ئەم هەوڵەی پەکەکە لەدوای ئەوە دێت، لەماوەی ڕابردوودا بەهۆی ئەوەی چەکدارانی پەکەکە سنووری پیشخابووریان بەکار دەهێنا بۆ هاوردەکردنی چەکدارانی خۆیان بۆ خاکی هەرێمی کوردستان و دروستکردنی پشێوی و چەند جارێکیش هێرشی چەکداریان کردە سەر ئەو سنوورە، حکوومەتی هەرێم ناچار بوو بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سنووری خۆی لەگەڵ ڕۆژئاوا ئەو دەروازەیە دابخات و بەمەش خەڵکی ڕۆژئاوا تووشی گوزەرانێکی خراپ هاتنەوە، بەڵام دواتر پەکەکە تەسلیمی مەرجەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆوە تا حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش سنوورەکەت بە ڕووی ڕۆژئاوادا کردەوە.
ئێستا جارێکی دیکە پەکەکە لە هەوڵی ئەوەدایە لەڕێگای شەڕ فرۆشتن و ئیستیفزازکردنەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دروستکردنی پشێوی، حکوومەتی هەرێم ناچار بکاتەوە بە داخستنی سنووری خۆی لەگەڵ ڕۆژئاوا.
ماوەی مانگێک دەبێت، پەکەکە و دامودەزگا و پێوەندەکانی هێرشێکی چڕ و پڕی میدیاییان دژی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندووە، لە هێرشەکانیاندا دەیانەوێت ڕای گشتی بەوە چەواشە بکەن، پارتی دیموکراتی کوردستان، یارمەتیی سوپای تورکیا دەدات بۆ هێرشکردنە سەر پەکەکە، لە کاتێکدا پەکەکە لەسەر خاکێک بووەتە کە ماڵی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانە و هەموو هەوڵێکی پارتی دروستکردنی سەقامگیرییە لەسەر ئەو خاکە.
ماڵپەڕەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، لە هەفتەی ڕابردوودا دەیان کادری پەکەکە بە هاوکاریی ئیستیخباراتی هەسەدە لە پارێزگای حەسەکە، کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانیان ساز کردووە و تێیدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر زیادبوونێکی سەربازیی لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی پەکەکە لە هەرێمی کوردستاندا، باسیان لە ستراتژیەکی ئەمنی کردووە.
دەشڵێن؛ دەسنیشانیشیان کردووە کە کادرەکانی پەکەکە، دەزگاکانی راگەیاندنی بەڕێوەبەریی خۆسەریان ئاراستە کردووە کە لە دژی پارتی دیموکراتی کوردستان، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی “ئەنەکەسە” و هێزی “پێشمەرگەی رۆژ” بابەت بڵاو بکەنەوە. هاوکات بەدواداچوون بۆ سەرجەم ئەو پێگە و لاپەڕەی چالاکان، رۆژنامەوانان و دەزگاکانی راگەیاندن بکەن کە دژ بە باشووری کوردستان بابەت بڵاو دەکەنەوە.
پەکەکە لە ڕێگای خۆپێشاندانی زۆرە ملێ و بەکارهێنانی کادرەکانی خۆی لەو جۆرە خۆپێشاندانە زۆرە ملێیانە دەیەوێت بڵێت، خەڵکی کوردستان دژایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن لە ڕۆژئاوا، لە کاتێکدا ئەوە هەر سیاسەتی هەڵەی پەکەکە بوو، ڕۆژئاوای تووشی برسیەتی کرد، تا لەو ڕێگایەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان تۆمەتبار بکات.