مەرج و ڕێنمایی نوێ بۆ کۆمپانیاکانی حەج و عومرە ڕاگەیەندرا

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان مەرج و ڕێنمایی نوێی بۆ دامەزراندنی کۆمپانیاکانی حەج و عومرە ڕاگەیاند.

بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردۆتەوە تێیدا هاتووە “هەرکەسێک ئەمساڵ کۆمپانیای حەج دابمەزرێنێت ساڵی داهاتوو بەشدار دەبێت لە تیروپشکی کۆمپانیاکان بۆ گواستنەوەی حاجیان.”

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە بەرێوەبەرایەتییەکەیان ئاسانکارییەکی  زۆری کردووە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت بە تەنها کۆمپانیای عومڕە دابمەزرێنن.

بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ڕاگەیەنراوەکە ڕوونی کردۆتەوە کە “بە مەبەستی  ڕێکخستن و ئەنجامدانی چاکسازی و کارئاسانی زیاتر و کەمکردنەوەی ڕۆتین و ڕەخساندنی دەرفەتی کاری زیاتر بۆ هاووڵاتییان بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج وعومرەی هەرێمی کوردستان، مەرج و ئەرک و رێنمایی نوێ بۆ ئەو کەسانە بڵاو دەکاتەوە کە خوازیارن کۆمپانیای عومرە بە تەنها یاخود کۆمپانیای حەج و عومرە دابمەزرێنن.”

ئاماژەی بەوەش داوە کە لە گرنگترین ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە مەرجەکاندا کراوە لەمڕۆوە هەر هاووڵاتییەک خوازیاری ئەوە بێت لە بواری عومرەدا کاربکات دەتوانێت داواکاری پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومڕەی پارێزگاکەی خۆی بکات ئەگەرچی پێشتر حەجیشی نەکردبێت.

هەر لە ڕاگەیەنراوەکە بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ئاگاداری هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە کە هەرکەسێک خوازیاری ئەوە بێت کە لەبواری حەج و عومرەدا کاربکات و مەرجەکانی تێدابێت دەتوانێت لەمڕۆوە داواکاری پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومڕەی پارێزگاکەی خۆی بکات بە مەبەستی وەرگرتنی مەرج و ڕێنمایی و ئەرکەکان و  ئەنجامدانی ڕێککارەکانی پێویست بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی کۆمپانیای حەج و عومڕە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە ئەو مەرج و ئەرک و ڕێنمایییانە ئەو کۆمپانیانەیش دەگرێتەوە کە لە ساڵانی ڕابردوودا دامەزراون و چەندین ساڵە لە بواری حەج و عومڕەدا کاردەکەن بە مەبەستی پابەندبوونیان بە مەرج و ئەرکەکان تاوەکو بە شێوەیەکی باشتر خزمەتی حاجیان و عومڕەکاران بکەن.

ھەواڵی زیاتر