هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

لە‌ سلێمانی كارگە‌یە‌ك داخرا

لە راگەیەندراوی قایمقامیەتی سلێمانی ئاماژە هاتووە: “بەهۆی پابەندنەبوون بە مەرجەکانی کارکردن و پاراستنی گیانی کرێکارەکان، لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی کارگەی ماستەرستیلی تایبەت بە توانەوەی ئاسنی لە ناوچەی تانجەرۆ داخست”.

شیرین حەمەساڵح، سەرۆکی لیژنەی سەلامەتی کرێکار لە لیژنە هاوبەشەکان رایگەیاند: “لەو کارگەیەدا هیچ مەرجێکی سەلامەتی کرێکار و مەرجە تەندروستییەکان پەیڕەو نەکراوە، بەتایبەت بنکەی تەندروستی و ئەمبۆلانس و ئامێری سۆنەری مواد کە مادە تەقەمەنییەکان ئاشکرا دەکات لەناو کارگەکەدا نەبووە”.

گوتیشی: “بە بڕیاری قایمقامی سلێمانی ئەو کارگەیە داخراوە، تا ئەوکاتەی پابەندی مەرج و رێنماییەکان دەبێت و خاوەنەکەیشی رووبەرووی یاسا دەکرێتەوە”.