حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی نەوت و گازدایە لەگەڵ حکوومەتی عێراق، بۆ ئەم مەبەستە شاندێکی رەوانەی بەغدا کرد، پەیامی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق ئەوە بوو، کە دەیانەێت لەسەر بنەمای دەستوور کێشەکانیان چارەسەر بکەن، بۆ ئەمەش پێویستە یاسای نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق دەر بکرێت.
ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان کۆ بووەوە و جەخت کرایەوە لەسەر ماف و دەستەڵاتە دەستوورییەکانی کوردستان، داکۆکیلێکردنیان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، بۆ ئەم مەبەستە حکوومەتی ھەرێم بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆ و دانوستاندن لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ بە ئاراستەی گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر دۆسیەی نەوت و گاز کە بەرژەوەندی گشتی ھەمووان لە خۆ بگرێت، لەگەڵ ئەمەش سازش لەسەر مافە دەستوورییەکانی کوردستان ناکەین.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ حکوومەتی عێراق بەردەوام جەختی لە گفتوگۆکردن و رێککەوتن بەگوێرەی یاسا و دەستوور کردۆتەوە، کە مافی خەڵکی ھەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگیرێت، بە رای بەشێک لە پسپۆڕانی دەستوور باشترین بژاردە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان گفتوگۆکردنە، چونکە حکوومەتی عێراق ناتوانێت ھیچ کات بە توندوتیژی و پەنابردنی بۆ بژاردەی سەربازی کێشەکان چارەسەر بکات.
لە یەکەم کۆبوونەوەی نێوان ھەولێر و بەغدا لەسەر دۆسیەی نەوت و بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، دەیانەوێت لەژێر سەرپەرشتیی ئەواندا کۆمپانیایەک بەناوی نەوتی کوردستان لە ھەولێر دابمەزرێنن داھاتەکەشی لە بانکێکی نێودەوڵەتی کۆ بکرێتەوە، بەڵام تا ئێستا لەسەر ئەم وردەکارییانە ھیچ رێککەوتنێک لە نێوان ھەولێر و بەغدا نەکراوە.
بێوار خنسی، راوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە “ھەولێر”ـی گوت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆچوونی خۆی لە بارەی نەوت و گاز و چارەسەرکردنی کێشەکان بەشێوەی بنەڕەتی گەیاندۆتە حکوومەتی عێراق، کە پێویستە بەپێی دەستوور کێشەکان چارەسەر بکرێن، بۆ ئەو مەبەستە یاسای نەوت و غاز بە ھاوبەشی ئامادە بکرێت و دەربکرێت لە پەرلەمان، ھەر دوو شاند ئامادەییان دەربڕیوە ھاوکاربن، بۆ ئەم مەبەستە بڕیارە گفتوگۆکان بەردەوامبن تا گەیشتن بە رێککەوتن.
راوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: “چوار ماددە لە دەستوور باسی نەوت و گاز دەکەن، شێوازی ئیدارە و کار لە ھەرێم و پارێزگاکان، ماددەی ١١٢ تەئکید لەوە دەکاتەوە ئەو رێککەوتنانەی پێش ٢٠٠٥ کراون، ئیدارە دەدرێن بەھاوبەشی، ئەو رێککەوتنانەی پاش ٢٠٠٥ کراون، بەپێی دەستوور ئەو ھەرێمە، یان ئەو پارێزگایە دەتوانێت ئیدارەدانی نەوت و گازی خۆی بکات، بۆیە ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی، بڕیارێکی تەواو نادەستووری و سیاسییە، مەبەستیش لێ سزادانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بوو، چونکە بەپێی ماددەی ١١٥ی دەستووری عێراق لە ھەر شوێنێک کە دەستەڵاتی حکوومەتی فیدڕاڵی نەبیت، دەستەڵاتی ھەرێمەکانە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ماددەی ١١٢ تەماشا دەکەین باسی ئەوە دەکات لە دوای پەسەندکردنی دەستووری عێراق یاسای نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق دەرکرابایە، کە دەرنەچوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە راوێژکردن لەگەڵ کۆمەڵێک یاساناس و دەستوورناسانی ناوخۆ و دەرەوە یاسای نەوت و غازی ھەرێمی کوردستان لە پەرلەمان دەرچوواند.
بێوار خنسی، ئاشکراشی کرد: “دادگای ئیتحادی لە قۆناغێکی زۆر ھەستیاردا بڕیارێکی نادەستوورییانەی لە دژی ھەرێم دا، بڕیارکە پێچەوانەی دەستوورە، لە کاتێکدا ململانێی دژوار لە نێوان ھێزە سیاسییەکان ھەیە بۆ رێکخستنی پەرلەمان و پێکھێنانی حکوومەت، دەبێت ھەرچی زووە پەرلەمان یاسای نەوت و غاز دەربکات، ئەمە لە کاتێکدایە ھەرێم یاسای نەوت و غازی ھەیە و پابەندە بە دەستوورەوە، ئەگەر خیلافێکیش لەسەر یاسای نەوت و غازی ھەرێمی کوردستان ھەیە کێشەکان بە لێک تێگەیشتن چارەسەر دەبوون، بەڵام ئەوان باس لەوە دەکەن نابێت ھەرێم نەوت ھەناردە بکات، ئەوەش پێچەوانەی دەستوورە، لەگەڵ ئەوەش حکوومەتی ھەرێم ئامادەی دەربڕیوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، ئەو ھەنگاوەی حکوومەت ناوە ھەنگاوێکی زۆر باشە، دەرگایەکی گەورەی کردەوە و نەیھێشت کێشەکان گەورەتر ببن، رێگەی لە ناحەزان گرت بۆ ئەوەی کێشەکە ئالۆزتر نەکەن، حکوومەتی ھەرێم ھەموو کارێک دەکات بۆ ئەوەی مافەکانی خەڵکی کوردستان بە دەست بھێنێت، ئەگەر حکوومەتی ناوەند ھەنگاوێک بێتە پێشەوە، بە تەئکید حکوومەتی ھەرێم دوو ھەنگاو دەچێتە پێشەوە، داواش دەکەین ئەو خولەی پەرلەمان رەشنووسی یاسای نەوت و گاز، بەشێوازێکی رێک و پێک گفتوگۆی لەسەر بکات، بۆ ئەوەی ببێتە بنەمایەک بۆ رێکخستنەوەی ئەو کەرتە.
بێوار خنسی، راوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، روونیشی کرەوە: “نەوت و گاز موڵکی عێراقە، ھی ھەرێمی کوردستانیشە، چۆن ئەوان مافیان ھەیە، ئێمەش بەو شێوەیە مافمان ھەیە، پێویستە ئەوان لە بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت لەگەڵمان ھاوکار بن، رێگای دانوستاندن لەسەر نەوت و گاز ھەنگاوێکی باشە، ئەگەر لەبەغدا ئیرادەیەکی سیاسی ھەبێت لەسەر بنەمای یاسا دەتوانن چارەسەرێک بدۆزنەوە بۆ بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت و گاز لە ھەموو عێراق، ھەروەھا ئۆمێدەوارین پەرلەمان کار بکات لەسەر کەرتی نەوت و گاز لەسەر بنەمای دەستوور، بۆ ئەوەی بە چ شێوەیەک کار لەسەر ئەو کەرتە بکرێت”.