هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

وەزارەتی كاروباری شەهیدان: له‌ هه‌وڵداین حکومەتی فیدڕاڵ به ئەرکی یاسایی و دەستوری خۆی هەستێت

دەقی ڕاگەیەندراوی وه‌زاره‌ت:


بەیاننامەی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لە 35 هەمین ساڵیادی كیمیابارانكردنی بالیسان و شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتی.
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانی جینۆساید
35 ساڵ لەمەوبەر و لە 16 ی نیسانی ساڵی 1987 دا رژێمی بەعسی ڕووخاو تاوانێكی تری خستە سەر زنجیرە تاوانەكانی خۆی كە لە چوارچێوەی كۆمەڵكوژی و لە ناوبردنی گەلی كوردستان جێبەجێی دەكرد، لەو ڕۆژەدا رژێمی لە ناوچوو بەچەكی كیمیاوی قەدەغەكراوی نێو دەوڵەتی گوندی شێخ وەسانان و بالیسان و گوندەكانی دۆڵی خۆشناوەتی چەند جارێك بۆمباران كرد و لە ئەنجامدا چەندین شەهید و برینداری لێكەوتەوە ،كە هەر ئەوكات ژمارەیەك لە بریندارەكان دوور لە هەموو بەها مرۆییەكان لەلایەن رژێمی بەعسەوە زیندە بەچاڵكران كە لە دوای ڕاپەرین و ئازادكردنی هەرێمی كوردستان رووفاتی ژمارەیەك لەو شەهیدانە لە گۆڕێكی بەكۆمەڵدا لە كارگەی قیری هەولێر دۆزرانەوە و گەڕێندرانەوە زێدی باوك و باپیرانیان و بە ڕێز و شكۆ وە بەخاك سپێردرانەوە ،لە لایەكی تریشەوە بەشێكی زۆری بەركەوتووانی چەكی كیمیاوی ئەو ناوچانەش كە ڕزگاریان بووە تا ئێستاش شوێنەواری ئەو چەكە بەجەستەیانەوە ماوە و كاریگەری خراپی لەسەر تەندرووستیان بەجێ هێشتووە.
خەڵكی تێكۆشەری بالیسان و شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتی ،تاقانەكانی جینۆساید
مێژوو شاهیدی خۆراگری و قوربانیدانی دەڤەرەكەتانە، كە هەمیشە پشتیوان و پاڵپشتی شۆڕشەكانی گەلی كوردستان بوون و لەمێژووی كوردایەتیدا لاپەرەی ڕەنگینتان بەخوێن نەخشاندوە و بەرگری و خۆڕاگریتان لەبەرانبەر مەترسیدارترین چەكی كۆكوژی كیمیاوی شكستی بە پلان و پیلانی دوژمنان هێنا و ئێوەش سەربەرزانە لە سەر خاكەكەی خۆتان مانەوە.
خەڵكی خۆڕاگری دۆڵی خۆشناوەتی
لەكاتێكدا ئێمە لە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان بەردەوامین لە خزمەتی زیاتری كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوان و بەركەوتووانی چەكی كیمیاوی و تاقانەكانی جینۆساید لەو سنورە و هەموو كوردستان ، لەهەمانكاتدا لە هەوڵداین بۆ ئەوەی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ لەچوارچێوەی ماددەی 132 ی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا به ئەركی یاسایی و دەستووری خۆی هەستێ بۆ بە دیهێنانی دادپەروەری و قەرەبووكردنەوەی قوربانیانی ئەو كۆمەڵكوژییە .
درود بۆ شەهیدانی جینۆسایدی بالیسان و شێخ وەسانان و دوڵی خۆشناوەتی و سەرجەم شەهیدانی گەلی كوردستان
سەربەرزی بۆ كەسوكاریان.
وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان
16-4-2022