ئەمڕۆ پێنج شەممە 14-4-2022 سی و چوار ساڵ بەسەر تاوانی قێزەونی ئەنفالدا تێدەپەڕێت.
لە شاڵاوی ئەنفالدا نزیكەی 182 هەزار هاووڵاتی شەهیدبوون. قۆناخی گەرمیانی شاڵاوەكە لە 14ی نیسانی ساڵی 1988 دەستیپێكرد و ئەو رۆژەش وەكو ساڵیادی ئەو شاڵاوە لە هەرێمی كوردستان دەستنیشانكراوە و یادی دەكرێتەوە.
لە ساڵی 1988، سەدام حسێن سەرۆكی ئەو كاتەی عێراق، لەژێر ناوی سورەتی ئەنفال، تاوانی ئەنفالی بەسەرپەرشتیی عەلی حەسەن مەجیدی ئامۆزای بە چەند قۆناغێك بەرامبەر گەلی كورد جێەبەجێ كرد.
بەهۆیەوە 182 هەزار لە ئافرەت و پیاو و منداڵی لە بیابانەكاندا زیندە بە چاڵ كرد و زیاتر لە چوار هەزار گوند و 30 ناحیە و سێ هەزار و 100 مزگەوت و 100 كڵێسا خاپور كران.
هەر بەم یادەوە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لە یادی (34) ساڵەی شەهیدانی پڕۆسەكانی ئەنفالدابەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە ،كە ئەمەش دەقەكەیەتی:-
كەس و كاری سەربەرزی شەهیدان…
ئەمڕۆ 34 ساڵ تێپەردەبێت بەسەر گەورەترین شاڵاوی كۆمەڵكوژی و جینۆسایدكردنی گەلی كوردستاندا ، ئەنفال بەشێك بوو لە زنجیرە و پلانێكی دڕندانەی دوژمنانی گەلەكەمان بۆ لێسەندنەوەی ناسنامەی بوون و ژیان و سڕینەوەی بوونی نەتەوەییمان لەسەر خاك و زێدی ڕەسەنی خۆمان.
ڕژێمی بەعسی ڕووخاو جگەلە خاپوور كردنی گوندەكان و ئەنفالكردنی خەڵكەكەی و كۆكردنەوەی هاووڵاتیان لە ئۆردوگا زۆرە ملێكاندا، مەرامی سڕینەوە و لەناوبردنی خەڵكە سڤیلەكەی و تێكدانی ژینگە و كەلتور و زمان و جینۆسایدكردنی گەلەكەمان بوو بەگشتی، پاش تێپەڕ بوونی كەمتر لە (3) سێ ساڵ بەسەر ئەو شاڵاوە دڕندانەیەی ئەنفالداو لە ساڵی 1991 خەڵكی ستەمدیدەی كوردستان ڕاپەڕین و بەیەكجاری كۆتاییان بە زوڵم و ستەمی دەیان ساڵەی بەعس هێنا لە كوردستان
كەس و كاری قوربانیانی جینۆسایدی ئەنفال
لەم یادەدا ئەوە وەبیر دەهێنینەوە كە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق لە پاش چەندین دانیشتنی دادگاكەیان لەسەر كەیسی ئەنفال، دواجار لە ڕۆژی 24/6/2007 پاڵپشت بە سەرجەم بڕگە و ماددە یاساییەكانی دادگاو وتەی شایەد حاڵەكان و لەژێر ڕۆشنایی ڕێككەوتننامەو پەیماننامە نێودەوڵەتیە پەیوەندیدارەكان گەیشتە ئەو بڕیارەی كە پڕۆسەكانی شاڵاوی بەناو (ئەنفال) جینۆسایدە، هەر بۆیە كۆی پڕۆسەكەی بە جینۆساید ناساندو بڕیاری بە سزا گەیاندنی ئەنجامدەرانیشیدا.
بۆ بەرزو پیرۆز ڕاگرتنی یادی شەهیدەكانمان لە مەرگەساتەكانداو بە تایبەتیش یادی شەهیدانی ئەنفال، ساڵانە وەزارەتمان یادی شەهیدانی ئەو كارەساتە دەكاتەوە و یادو بیرەوەریان بەرز و پیرۆز ڕادەگریت
كەس و كاری سەربەرزی شەهیدانی جینۆساید و تاقانەكانی جینۆساید
وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لە كاتێكدا درێژە بە هەوڵەكانی دەدات بۆ بە نێودەوڵەتیكردنی كەیسی ئەنفال و بە جینۆساید ناساندنی، لە هەمان كاتدا بەردەوام پەرۆشی خزمەتكردنی زیاتری كەس و كاری شەهیدانی ئەنفال و كیمیاباران و زیندانیانی سیاسی و تاقانەكانی جینۆسایدە… هەر بۆیە جارێكی تریش جەخت لەسەر داواكاری ڕەوای خەڵكی كوردستان و كەسوكاری قوربانیان دەكەینەوە بۆ ئەوەی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ چیدی پرسی قەرەبوو كردنەوەی زیان لێكەوتوانی دەستی ڕژێمی پێشوو دوا نەخات و لە چوارچێوەی ماددەی (132)ی دەستووری عێراقدا بەم ئەركە یاسایی و دەستووریەی خۆی هەستێت و لە هەمان كاتدا زەمانەتی ئەوە بدات كە ئەمجۆرە كۆمەڵكۆژیانە لە عێراقی نوێدا هەرگیز دووبارە نابێتەوە.
نەمریی بۆ شەهیدانی ئەنفال و سەرجەم شەهیدانی كوردستان
سەربەرزی بۆ خانەوادە كانیان.
وەزارەتی كاروباری شەهیدان و