هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

نێچیرڤان بارزانی: حكومه‌تى عێراق له‌به‌رده‌م ئه‌ركێكى ياسايى و ئه‌خلاقى دايه بۆ قه‌ره‌بووى كه‌سوكارى ئه‌نفالكراوان 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەیادی 34 ساڵەی ئەنفال پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: حكومه‌تى فيدراڵى عێراق له‌به‌رده‌م ئه‌ركێكى ياسايى و ئه‌خلاقى و مرۆييدايه‌ بۆ ‏ئه‌وه‌ى قه‌ره‌بووى لێقه‌وماوان و كه‌سوكارى ئه‌نفالكراوان بكاته‌وه‌ تا هه‌ندێك له‌ برينه‌كانيان ساڕێژ ببن.

لە پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی هاتووە: “ئه‌مڕۆ 14ى نيسان به‌وپه‌ڕى رێز و شكۆوه‌ يادى (182) هه‌زار هاووڵاتيى ‏بێتاوانى كوردستان ده‌كه‌ينه‌وه‌ و سه‌رى رێز و نه‌وازش له‌به‌رده‌م گيانى پاكى شه‌هيداندا ‏داده‌نوێنين كه‌ ساڵى 1988 له‌ يه‌كێك له‌ دڕندانه‌ترين تاوانه‌كانى مێژوودا، ‏ده‌سه‌ڵاتى ئه‌وساى عێراق جينۆسايدى كردن و گيانيان سپارد.‏ ئه‌نفال كه‌ به‌ هه‌شت قۆناغ ژماره‌يه‌كى زۆرى ناوچه‌كانى هه‌رێمى كوردستانى گرته‌وه‌، تا هه‌تايه‌ په‌ڵه‌يه‌كى ره‌شه‌ به‌ نێوچه‌وانى مێژوو و ئه‌نجامده‌رانييه‌وه‌ و ‏به‌رپرسياريه‌تيى ته‌واوى مرۆڤايه‌تييه‌ كه هه‌رگيز رێگه‌ نه‌دات ئه‌م تاوانانه‌ له‌ هيچ ‏شوێنێكى سه‌رزه‌مين دووباره‌ ببنه‌وه‌ و به‌ هه‌موو شێوه‌يه‌ك رێى لێ بگيرێت”.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا ئاماژەی بەوەداوە: “له‌ كاتێكدا هه‌رێمى كوردستان به‌ دۆخێكى هه‌ستياردا تێده‌په‌ڕێت، باشترين ياد و ‏به‌رز راگرتنى يادى شه‌هيدانى ئه‌نفال و ته‌واوى شه‌هيدانى كوردستان، ته‌بايى و ‏پێكه‌وه‌يى و يه‌كڕيزيى هێز و لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كان و پێكهاته‌كانيه‌تى له‌پێناو ‏مسۆگه‌ركردن و پاراستنى مافه‌ ده‌ستوورييه‌كان و قه‌واره‌ى سياسى و فيدراڵى و ‏داهاتووى هه‌رێمى كوردستاندا. له‌ كاتێكدا دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراق ئه‌نفالى به‌ جینۆساید و تاوانى دژى ‏مرۆڤایه‌تى و تاوانى جه‌نگ ناساندووه‌، له‌م ياده‌دا داواكارين و دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ ‏حكومه‌تى فيدراڵى عێراق له‌به‌رده‌م ئه‌ركێكى ياسايى و ئه‌خلاقى و مرۆييدايه‌ بۆ ‏ئه‌وه‌ى قه‌ره‌بووى لێقه‌وماوان و كه‌سوكارى ئه‌نفالكراوان بكاته‌وه‌ تا هه‌ندێك له‌ برينه‌كانيان ساڕێژ ببن”.

نێچیرڤان بارزانی، دەڵێ: “لە هه‌رێمى ‏كوردستانيش هه‌رچى له‌ توانادايه‌ ده‌بێ خزمه‌تى باشترى خانه‌واده‌ و كه‌سوكارى ئه‌نفالكراوان بكرێت و هه‌وڵه‌كان بۆ ‏ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى ناوچه‌ ئه‌نفالكراوه‌كان و گێڕانه‌وه‌ى روفاتى شه‌هيدان به‌رده‌وام بن. هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تيش له‌ هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بين بۆ ناساندنى ئه‌نفال وه‌ك جينۆسايد”.