وەزارەتی تەندروستیی و کشتوکاڵ چەند بڕیارێکیان لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان دەرکرد

هەردوو وەزارەتی تەندروستیی و کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و پێداچوونەوە بە یاسا و رێنوێنییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وەزارەتی گفتوگۆی لەسەر کرا.

ئەمڕۆ سێشەممە 12/4/2022، وەزارەتی تەندروستی لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە: “د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی و بەڕێوەبەرانی گشتی کاروباری تەندروستی و پلان و تیمی وەزارەت، پێشوازیانکرد لە بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و تیمی یاوەری، لە کۆبوونەوەیەکدا بەمەبەستی تاوتوێکردن و پێداچوونەوە بە یاسا و رێنوێنییە هاوبەشەکانی نێوان وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی کشتوکاڵ بە تێروتەسەلی گفتوگۆی لەسەرکرا”.

ئاماژە بەوەش کراوە: “هەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا دەربارەی میکانیزمی خۆپارێزی و ڕێگەگرتن لە نەخۆشییە هاوبەشەکانی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵ و سەلامەتی خۆراکە سروشتی و کشتوکاڵییەکان و دروستکراوی بەرهەمە ڕووەکییەکان بۆ مەبەستی یەکخستن و پێداچوونەوە بە پێناسەی تەندروستی بەرهەمەکان و مەرجەکان و پێداویستییەکانی ڕێگەپێدان بۆ هاوردە و هەناردەکردن و کارە هاوبەشەکانی تایبەت بەپشکنینی بەرووبوومە کشتوکاڵیی و پەلەوەری و ئاژەڵداری و رووەکی و شیرەمەنییەکان لە نێوان هەردوو وەزارەتدا بەپێی یاسا و رێنوێنییەکان لە پێناو بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان”.

ئەوەش خراوەتە روو: “لە دیدارەکەدا کە تیمێکی پسپۆڕ لە هەردوو وەزارەت ئامادەبوون، بڕیاردرا کۆبوونەوەکانی تەکنیکی و هونەری لەنێوان پسپۆڕانی هەردوولا بەردەوام بێت لەپێناو بەرەو پێشبردنی زیاتری کارە هاوبەشەکان و بەبازاڕکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و پاراستنی تەندروستی هاووڵاتییان لە بەرووبوومی خراپ و ناتەندروست کە لە دەرەوە هاوردە دەکرێت لەگەڵ پێداچوونەوە بە ڕێکاری پشکنینی هاوبەش لە مەرزەکان و هەموارکردەوە بە یاسا و رێنوێنییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وەزارەت”.

ھەواڵی زیاتر