سەعید هەرکی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان:نابێت لەژێر هیچ فشارێکدا پەرلەمان پەک بخرێت

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت، سەرۆکی پەرلەمان لەژێر فشاری حزبەکەیدا پەرلەمانی پەک خستووە. ئەوەش پێچەوانەی یاسا و دەستوور و پەیڕەوی ناوخۆیە. دەشڵێ، ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن، چونکە پارتی جددییە لەوەی ھەڵبژاردن لە وادەییاسای خۆیدا بەڕێوە بچێت.

سەعید ھەرکی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ “ھەولێر” دەڵێت: “ھۆکاری ڕاگرتنی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان سەرۆکی پەرلەمانە، لەژێر فشاری حزبەکەی دایە نایەوێت کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بکرێن، بەوەش پەرلەمان پەک خراوە، ئەوەش لەبەر ئەوەیە تەمەنی کۆمیسیۆن درێژ نەکرێتەوە و ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا نەکرێت، ئێمەش وەکو پارتی ڕازی نابین پەرلەمان پەک بخرێت و کۆبوونەوەکانی پەرلەمان نەکرێن.
ھەرکی، گوتیشی:” ھەموارکردنەوەییاسای کۆمیسیۆن و کورسی پێکھاتەکان ھەموو بیانۆیە، بۆ ئەوەیە ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا نەکرێت، چونکەیەکێتی دەزانێت ئەگەر ھەڵبژاردن بکرێت ژمارەی کورسییەکانی بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم دەبنەوە.
ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕوونیشی کردەوە: “ئێمە وەکو پارتی لەگەڵ ئەوەداین ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، سەرۆکی ھەرێم ڕۆژەکەی دەسنیشان کردووە، کە دەکاتە ١ی ١٠، سەرۆکی حکوومەتیش لایەنەکانی ڕاسپاردووە ئامادەکاریی پێویست بکەن، بۆ ئەوەی ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، ئەوەش بەو مانایە دێت کە پارتی لەگەڵ ئەوەیە بە ھەر شێوەیەک بێت ھەڵبژاردن لەو کاتەی کە بۆ دیاری کراوە بکرێت.
سەعید ھەرکی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، جەختی لەوەش کردەوە: “ھەڵبژاردن ڕەھەندێکی نیشتمانییە، پێویستی بەوە ھەیە لایەنەکان لەسەری ڕێک بکەون، ئەگەر لایەنەکان لەسەر کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن گەیشتنە ڕێککەوتن مانگێک نابێتە کێشە بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا، بەڵام ئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت و داواکاری زۆری ھەندێک لایەن وا دەکات کە ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا نەکرێت، بۆیە پێویستە ھەرچی زووە پەرلەمانی کوردستان کۆبێتەوە و نابێت لەژێر ھیچ فشارێک کۆبوونەوەکانی پەرلەمان ڕابگیرێن، چونکە بەڕێوەنەچوونی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان پێچەوانەی یاسا و دەستوور و پەیڕەوی ناوخۆیە”.

ھەواڵی زیاتر