لە ١٩ یەمین ساڵیادی ڕزگارکردنی کەرکووکدا، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک- گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تیایدا هاتووە؛ جەماوەری سەربەرزی کەرکووک و گشت کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە لەپێناو نەهێشتنی ئەو داگیرکاری و تاوانانەی دەرهەق بە گەل و خاك و سامان و ئازادی ئەم شارە دەکرێت هەموو ڕێگایەك دەگرینەبەر و، لەپێناو گەڕانەوەی شکۆو سەقامگیری و پێکەوەژیانی ئاشتییانە بۆ تەواوی پێکهاتە ڕەسەنەکانی کەرکووک هەموو هەوڵێك دەدەین.
لە پەیامەکەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە کەرکووک و گەرمیان، ئەوە خراوەتەڕوو؛ لە نۆزدەیەمین ساڵیادی ڕزگارکردنی کەرکووکی دڵی کوردستان لە ( 10ی نیسانی 2003) هاوکات لەگەڵ یەك ڕۆژ پێش ڕووخاندنی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس، لهم یادهدا جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی بنەماڵەی سهربهرزی شەھیدان و شەھیدانی ئەنفال و پێشمەرگە قارەمانەکان و جەماوەری ستەمدیدە و خۆڕاگری کەرکووک و دووزخورماتوو و خانەقین و مەندەلی و گەرمیان و مەخمور و گشت کوردستانییان بە هەموو پێکهاتەکانەوە دەکەین و، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی سەرکردەی نەتەوەییمان (بارزانیی نهمر) دادەنەوێنین و سڵاو لە ڕوحی پاکی ئەو سەرکردە نەمرە دەکەین کە کەرکووکی بە دڵی کوردستان ناونا.
ڕاشیانگەیاندووە؛ پێش نۆزدە ساڵ شاری کەرکووکی دڵی کوردستان بۆ دووەمین جار لە مێژووی پڕ خەبات و سەروەریی گەلەکەمان، کەرکووک وەك سومبولێکی خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانی ئازاد کرا، کە پێش ئەو کاتە ھاوپەیمانان بە پشتیوانی و ھاوکاریی پێشمەرگە نەبەزەکان لە ھەوڵی ڕزگارکردنی پارێزگای کەرکووک بوون و پلان داندرابوو کە لە (15ی نیسانی 2003) کەرکووک ڕزگار بکرێت. بە ھیمەتی ڕێکخستنە نھێنییەکان و پێشمەرگە قارەمانەکانی لایەنە کوردستانییەکان بەتایبەت ڕێکخستنەکان و جەماوەر و پێشمەرگەکانی پارتیمان، پارتی دیموکراتی کوردستان و ھێزی لەبننەھاتووی گەلی دڵسۆز و خوێنگەرمی شاری کەرکووک، کەرکوك و گشت قەزا و ناحیەکانی سەر بە کەرکووکی دڵی کوردستان، لە (10ی نیسانی 2003) لە دەستی حوکمڕانیی دیکتاتۆریەتی عێراق ڕزگار کرا.
ھەر بۆیە دەڵێین کەرکووک بە دەستی کەرکووکییە ڕەسەنەکان و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بە بێ ھاوکاریی ڕاستەوخۆی ھیچ ھێزێکی دەرەکی ڕزگار کرا.
هەر لە ناوەڕۆکی ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو؛ بە داخەوە بە پیلان و ھاوکاریی ھێزی دەرەکی و خیانەتکارانی (16)ی ئوکتۆبەری ناو ڕیزەکانی یەکێتیی نیشتمانی و میلیشیای حەشد و بیر شۆڤینییەکانی ناو عێراق، لە خیانەتی (16ی ئۆکتۆبەری 2017) ئەم شارە بریندارە ڕزگارکراوە، جارێکی دیکە داگیرکرایەوە و ئێستا هێزی نامۆ حوکمڕانیی ئەم شارە دەکەن، کە درێژەپێدەری هەمان عەقلیەتی بەعسن لە تەعریبکردن و گۆڕینی دیموگرافیا و سیمای ئەم شارە دێرینەی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانیەوە.
لەم یادە پیرۆزەدا جەماوەری سەربەرزی کەرکووک و گشت کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە لەپێناو نەهێشتنی ئەو داگیرکاری و تاوانانەی دەرهەق بە گەل و خاك و سامان و ئازادی ئەم شارە دەکرێت هەموو ڕێگایەك دەگرینەبەر و، لەپێناو گەڕانەوەی شکۆو سەقامگیری و پێکەوەژیانی ئاشتییانە بۆ تەواوی پێکهاتە ڕەسەنەکانی کەرکووک هەموو هەوڵێك دەدەین.