حکوومەتی هەرێم لە هەوڵەکانی دەستەبەرکردنی خوێندن لە دەرەوەی وڵات بەردەوامە

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێی هەر دوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و پەروەردە ژمارەیەک زەمالەی خوێندنی لە هەر دوو وڵاتی کۆریای باشوور و چین ڕاگەیاند. زەمالەکان تایبەتن بەوەزارەتی خوێندنی باڵا و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر و مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەر دوو فەرمانگە دەتوانن سوودی لێ وەربگرن.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕای گەیاند: لە کۆریاى باشوور لە چوارچێوەى ئەم پرۆژە هاوبەشەى کە بۆ دەرفەتى خوێندن لە ماوەى پێنج ساڵ لە نێوان سەنتەرى لێکۆڵینەوەى پەرپێدانى نێودەوڵەتى کۆریاى باشوور و حکوومەتى هەرێمى کوردستاندا هەیە، دوو کورسیى خوێندنى ماستەری بە شێوەى زەمالەی خوێندن، پێشکەش بە دامودەزگاکانى وەزارەتەکە کردووە.
زەمالەکان بۆ بوارەکانی سیاسەتى گشتى، سیاسەتى پەرەپێدان و بەڕێوەبردنى گشتین و، داوا کراوە هەر کەسێک مەرجە پێوەندیدارەکانی هەیە و ئارەزوی ئەوەی هەیە خوێندن لە زانکۆکانی کۆریاى باشوور تەواو بکات، داواکاری پێشکەش بکات کە لە ڕێی لینکێکەوەیە، کە وەزارەتەکە بڵاوی کردووەتەوە.
بەگوێرەی ئەو مەرجانەی دەستنیشان کراون پێشکەشکار دەبێت هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بێت و بە لایەنی کەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بەدەستهێنانی دوایین بڕوانامە. داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی ماستەر پێشکەش بکات و کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وەزارەتەکە تەنیا مۆڵەتی خوێندنی پێ دەدرێت واتا بە مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.
وەک خراوەتە ڕوو کاندیدی سەرکەوتوو لە لایەن کۆریاى باشوور پشتگیری دارایی دەکرێت، داوا کراوە لە ١٩ی ئەم مانگە تەواوی بەڵگەنامە و ئەم دۆکیۆمێنتانەی وەزارەتەکە داوای کردوون، پێشکەش بکرێن.
لە لایەکی ترەوە به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتی په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێریش، ڕای گەیاند بۆ مەبەستی خوێندن له‌ چین، بە ئامانجی سوودگه‌یاندن به ئاره‌زوومه‌ندانی هه‌ردوو كۆرسی ماسته‌ر و دكتۆرا، له‌ چه‌ند بواری جیاجیا زەمالەی ڕاگەیاندووە.
وەک باس کراوە ئه‌م زه‌ماله‌یه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی په‌روه‌رده‌كانی ناوه‌ندی هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری هه‌ولێر، ده‌شتی هه‌ولێر، شه‌قڵاوه‌، سۆران، خه‌بات، ڕواندز، مێرگه‌سۆر، كۆیه‌ و مه‌خموور ده‌گرێته‌وه‌، بۆیەش گشتاندن بۆ هه‌موویان كراوه‌.
ئەمەش خراوەتەڕوو کە زه‌ماله‌ی خوێندن له‌ چین له‌ ئه‌ستۆگرتنی سه‌رجه‌م تێچووی خوێندن و ژیان، له‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌یه‌ و بۆ قوتابیان دابین ده‌كرێت، هاوكات مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران ده‌توانن به‌ جێبه‌جێكردنی یاساكانی وه‌زارتی خوێندنی باڵا و توێژنه‌وه‌ی و زانستی و ڕێنوێنییه‌كانی په‌روه‌رده‌ سوودی لێ وه‌ربگرن.
زه‌ماله‌ی خوێندنی وڵاتان لەم ساڵانەی دواییدا زۆر کەم بووەتەوە و پێشتر ساڵانە بە دەیان زەمالەی خوێندن ڕادەگەیەنران و قوتابیان و فەرمانبەرانی وەزارەتە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان لێی سوودمەند دەبوون. هەرچەندە جاروبار هەندێک وڵاتی ئەورووپی یان باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا زه‌ماله‌ی خوێندنیان پێشکەش بە هەرێمی کوردستان کردووە.
پێشتر لە چوارچێوەی تواناسازیشدا بە هەزاران قوتابی و فەرمانبەری هەرێمی کوردستان لە ڕێی پڕۆژەیەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕەوانەی دەرەوە کراون و، ژمارەیەکی زۆریان بە بڕوانامەی بەرز گەڕاونەتەوە کوردستان و بەرهەمی ماندووبوونیان دەدروونەوە و خزمەت بە هەرێمی کوردستان دەکەن.
تەنگژەی دارایی هۆکار بوو لەوەی ئەو پڕۆژەیە بوەستێت و بەشێک لە قوتابیان لەسەر خەرجی خۆیان درێژەیان بە خوێندن دا هەرچەندە دواتر لە لایەن حکوومەتەوە قەرەبوو کرانەوە.

ھەواڵی زیاتر