هەوڵێکی نوێ هەیە بۆ نزیک بوونەوەی لایەنەکان و پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق

٦ مانگ بەسەر هەڵبژاردنی مانگی ئۆکتۆبەری پەرلەمانی عێراقدا تێپەڕیووە و تا ئێستا هەوڵەکانی پێکهێنانی حکوومەت سەرکەوتنیان بەدەست نەهێناوە. هۆکاری ئەوەی پێکهێنانی حکوومەت بەو ئاقارەی ئێستا گەیشتووە، ئەوەیە کوتلە و لایەنە سیاسییەکانی عێراق دابەشبوون بەسەر دوو بەرەدا و هەردوو بەرەکەش توانای پەکخستنی دانیشتنەکانی پەرلەمانیان هەیە.

لە نوێترین پێشهاتدا، موقتەدا سەدر 40 رۆژ مۆڵەتی داوە بە تەواوی کوتلەکانی پەرلەمان، بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆمار و پێکهێنانی حکوومەت. ئەمەش وای لە لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کردووە کۆبوونەوەی جددی بکەن لە پێناوی نزیک بوونەوە لە سەدر و بەشداریکردن لەو حکوومەتەی کە دەیەوێت پێکی بهێنێت. بە پێی زانیارییەکان و لێدوانی سەرکردەکانی نێو چوارچیوەی هاوئاهەنگی بێت، چوارچێوەی هەماهەنگی جوڵە و دەستپێشخەریەکی نوێی هەیە، چەند کوتلەیەکی تریش پێشنیازیان هەیە، کە دەیانەێت نزیک ببنەوه بۆ پێکهێنانی حکومەت، بۆیە ئەمە گۆڕانکاری تازەیە و لە چەند رۆژی داهاتوو ئەنجامەکەی دەبینین، ئەنجامەکانیش بەو شێوە دەبێت کوتلەی سەدری و چوارچێوەی هەماهەنگی پێکەوە حکومەت دروست دەکەن، چونکە هەردوو لایەنەکە بۆیان دەرکەوتوە بێیەکتری ناتوانن هەنگاو بنێن”.
بەڵام پرسیارەکە لەوەدا دروست دەبێت، ئایا سەدر ئامادەیە لە داواکارییەکانی بێتەوە خوارەوە کە سەرەکیترینیان پێکهێنانی حکوومەتێکی زۆرینەی نیشتیمانییە بێ بەشداریکردن بە هەموو لایەنەکان. سەدر چەندین جار ئەوەی دووپات کردووەتەوە بە ئەزموونی ڕابردوودا ناڕۆنەوە و پێکهێنانی حکوومەتێک سەرجەم لایەنەکانی بە ڕێککەوتن تێدابێت فەشەلی هێناوە و دەیانەوێت ئەزموونێکی نوێی حوکمڕانی لە عێراق تاقی بکەنەوە.
بە بڕوای چاودێرانی سیاسی عێراق، چوارچێوەی هەماهەنگی و نزیکەکانیان هەرچەند دەکەن نازانن چۆن خۆیان لەو دۆخە چەقبەستوە رزگار بکەن، بۆیە لە دوا کۆبونەوەیان لەگەڵیەکێتی، لەسەر ئەوە رێککەوتن کە لیژنەیەکی پێنج قۆڵی دروست بکەن و بە دەستپێشخەری تازەوه جارێکی تر بۆ رازیکردنی موقتەدا سەدر روو له حەنانە بکەن”.
شرۆڤەکارێکی سیاسیش ڕایگەیاندووە “چوارچێوەی هەماهەنگی پێشنیازی کردووە و لیژنەیەکی پێنج قۆڵی پێکهێناوه، تاکو لەگەڵ کوتلەی سەدری کۆببنەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی نایەوێت دوور لە کوتلەی سەدری حکومەت پێکبێنێت، چونکە کوتلەی گەورەیان بۆ دروست ناکرێت، من وەک چاودێرێکی سیاسی پێم وایە دەبێت چ لاینه شیعەکانیان سوننە و کورد، دەبێ سازش لە داواکاریەکانیان بکەن لە پێناورزگاکردنی ئەم وڵاتە.
ئیستا لایەنەکان بەباشی لەوە تێگەیشتوون، دواخستنی پێکهێنانی حکوومەت لە بەرژەوەندی هیچ کەسێکدا نییە و دەبێتە دەرفەتێک بۆ خۆ ڕێکخستنەوە و بەهێزبوونەوەی داعش، هەر بۆیە پێدەچێت لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە بەشێک لە داواکارییەکانیان بێنە خوارەوە و بۆ ڕازیکردنی سەدر چیتر کۆسپ نەخەنە بەردەم دانیشتنی پەرلەمان.
لای خۆیەوە، هۆشیار زێباری، کە کاندیدی پارتی بوو بۆ پۆستی سەرکۆمار و ئەگەر دادگای فیدڕاڵی لەژێر فشاری سیاسی بڕیاری ڕەتکردنەوەی نەدابا بەهێزترین کاندید بوو بۆ پۆستی سەرکۆمار، لە نوێترین لێدوانیدا، ڕایگەیاندووە؛ لە 6ی شوباتەوە بە ئەنقەست پرۆسەی سیاسی و پەرلەمانی لە عێراق پەکخراوە.
زێباری ڕاشیگەیاندووە؛ لە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لە 6ی شوباتی رابردوو، کە بە پاساوێکی لاواز رێگریکرا لە خۆکاندیدکردنم بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری نوێی عێراق، لەو کاتەوە پرۆسەی سیاسی لە عێراق پەکخرا، ئەگینا پرۆسەی سیاسی و پەرلەمانی لەسەر بنەمای دەستوور بۆ پێکهێنانی حکومەت بەرەوپێشەوە دەڕۆیشت”.
زێباری، جەختی لەوەش کردووەتەوە “ئەوان بە ئەنقەست ویستیان پرۆسەکە پەکبخەن، ئەگەرنا خاڵی کۆتایی لەسەری دێرە و بگەڕێنەوە بۆ رۆژمێری دادگا”.

پەیامنێری هەولێر

ھەواڵی زیاتر