وشكەساڵی گوندەكانی گەرمیان چۆڵ دەكات

بەهۆی كەمبارانی و هەروەها كەمکردنی ئاوی باڵەجۆ، جووتیارەكانی گەرمیان بەناچاری ماونەتەوە و پلانیان داناوە گزندەكانیان چۆڵ بكەن، چونكە وەكوو خۆیان باسی دەكەن، ئەگەر كشتوكاڵت نەبێت چی بكەیت لە گوند.

كاوە عەباس، جووتیارە لە یەكێك لە گوندەكانی ناوچەی گەرمیان، ئەو بەنیگەرانییەوە دەڵێت بۆ ئەمساڵ بەرهەمی گشتوكاڵمان نییە، چونكە وشكەساڵی رووی تێ كردووین و پڕۆژەی ئاوی باڵەجۆش ئاوەكەی كەمی كردووە ناگاتە گوندەكەیان، بۆیە لە كشتوكاڵ کەوتوونە.
ئەو جوتیارە دەڵێت: ”ئەمساڵ هیچمان نەچاندووە، ئەگەر ساڵی رابردوو بەباشی چاندنمان كردبێت، بۆ ئەمساڵ رێژەی چاندنی بەرهەم بووەتە سفر“.
بەشێك لە جووتیارەكان پێیان وایە، هەر گوندێك كشتوكاڵی لێ نەما، جا بە هەر هۆكارێكەوە بێت، دەبێ چۆڵی بكەیت، چونكە بەبێ كشتوكاڵ ژیانت ناچێت بە ڕێوە، بۆیە دەڵێن ئێمە هەر دەبێت گوندەكانمان چۆڵ بكەین و لەسەر كات وەستاوە.
پڕۆژەی ئاوی باڵەجۆ كە سەرچاوەكەی ئاوی سیروانە، ٣٠هەزار دۆنم زەوی لەسنووری خانەقین بەراو دەكات، بەڵام بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی سیروان، ١٥هەزار دۆنم زەوی گوندەكانی مێخاس ئاویان پێ ناگات؛ هەربۆیە ئەوانیش ناتوانن كشتوكاڵ بكەن و ناچارن شوێنەكەیان چۆڵ بكەن.
وشكەساڵییش یەكێكی ترە لەو كێشانەی لە گەرمیانی داوە، چونكە ئەمساڵ وەكو پێویست باران نەباریوە، ئەمەش وای كردووە، بەرهەمی كشتوكاڵی و زەویوزار وەكو پێویست بەرهەمی گەنم و جۆی نەبێت.
بۆ ئەوەی وشكەساڵی پەیدا نەبێ، پێویست دەكات ساڵانە ٥٠٠ ملم باران ببارێت، بەڵام لە گەرمیان نەگەیشتووەتە ٣٠٠ ملم، ئەمەش وای كردووە، وشكەساڵی بدا لە ناوچەکە.
گوندەكانی سنووری حاجی قەرە و قولە، كە ژمارەیان ١٠ گوند دەبێت، ئەوانیش بەهۆی كەمئاوییەوە زیانێكی زۆریان کرد و هەڕەشەی چۆڵكردنی گوندەكانیان دەكەن.
یەكێك لە جوتیارەكان بە ناوی (یاسین عەزیز)، دەڵێت ساڵی پاریش بەرهەمی چاندووە و بە زیان لێی چووەتە دەرەوە، بۆ ئەمساڵیش زیانەكە دوو بەرامبەرە، بۆیە بیر لەوە دەكاتەوە بۆ ساڵی داهاتوو گوندەكەی چۆڵ بكات و ئیتر كاری جووتیاری نەكات.
كامەران عەبدوڵا، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی خانەقین، دان بەوەدا دەنێت كە ئەوان وەكو پێوست نەبوونە بۆ ئەوەی چارەسەری كێشەی كەمئاوکەوتنی ئەو گوندانە بكەن، بەڵام ئاماژە دەدات، ئەوان لەهەوڵدان تا بتوانن لەرێگەی بیری ئیرتیوازییەوە، ئاو بۆ جووتیارەكان دابین بكەن، تا لەو رێگەیەوە درێژە بە كاری جووتیارەتی بدەن.
بەرهەمی ئەو گوندانە زۆر زۆرە، بەتایبەت لەڕووی دابینكردنی دانەوێلەوە، بەڵام بۆ دوو ساڵ دەچێت بەرهەمی دانەوێڵە لەو گوندانە بە رێژەی ٦٠% كەمی كردووە.

ھەواڵی زیاتر