شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی خانه‌نشینی هه‌رێم: هه‌ر خانەنشینێك پله‌ی بەرزتر لە شایسته‌ی خۆی وه‌رگرتبێت، لێی وه‌ردەگیرێتەوە

سه‌باره‌ت به‌ یه‌كلایكردنه‌وه‌ی دۆسییه‌ی خانه‌نشینانی پله‌باڵا له‌ هه‌رێمی كوردستان، حازم ئیسماعیل به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی خانه‌نشینی هه‌رێم له‌ لێدوانێكی تایبەت بۆ فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاریڕایگه‌یاند: له‌ یاسای چاكسازی، مادده‌یه‌ك هه‌یه‌ كه‌ باسی ئه‌وه‌ ده‌كات هه‌ركه‌سێك پله‌یه‌كی له‌ پله‌ی شایسته‌ی خۆی به‌رزتر وه‌رگرتبێت و پێی خانه‌نشین بووبێت، ده‌بێت لێی وه‌ربگیرێته‌وه.

هەر لەسەر به‌بنەمای ئه‌و مادده‌یه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی خانه‌نشینی هه‌رێم‌، ‌ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ ڕێکەوتی ٧/٤/٢٠٢١ی زایینی، نووسراوێكی كردووه‌ و لیستێک ناویشیان لەگەڵ‌ هاوپێچ كردووه بۆ ئەنجوومه‌نی وه‌زیران بۆ ئه‌وه‌ی پله‌كانیان بگۆڕدرێت.
بۆ نموونه‌ یه‌كێك خۆی ڕاوێژكار بووه‌ و به‌ پله‌ی بریكاری وه‌زیر خانه‌نشین كراوه،‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه‌ بۆ پله‌ی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی كه‌ ڕاوێژكار بووه‌.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی خانه‌نشینی هه‌رێم زیاتر گوتی: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌دا نییه‌ ئه‌و پله‌یان لێ وه‌ربگرینه‌وه،‌ بۆیه‌ ئێمه‌ ته‌نها به‌ نووسراو داوا له‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ده‌كه‌ین بۆ گۆڕینی ناوونیشان یان ڕاستكردنه‌وه‌ی پله‌كه‌یان بۆ پله‌ی شایسته‌ی خۆیان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش لیژنه‌یه‌كمان هه‌یه‌ كاریان له‌سه‌ر ناوه‌كان كردووه‌ و به‌ لیستێك ناوه‌كان ڕه‌وانه‌ی ئه‌نجوومه‌ن ده‌كه‌ین بۆڕاستكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی خانه‌نشینان و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ پله‌ی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان.
سه‌باره‌ت به‌وانه‌ی كه‌موكوڕی له‌ دۆسییه‌كانیان هه‌یه‌ حازم ئیسماعیل ڕایگه‌یاند: ده‌بێت ئه‌و كه‌سانه‌ خۆیان بگونجێنن و هه‌ركاتێك خزمه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان گه‌ڕانده‌وه‌ وه‌ك خزمه‌تی (پێشمه‌رگایه‌تی یان دابڕان و ئاواره‌یی) و ته‌مه‌نیشی له‌ ٤٥ ساڵ تێپه‌ڕیبوو و خزمه‌تیشی گه‌یشته‌ ١٥ ساڵ، ئه‌وكات ده‌توانێت خانه‌نشین بێ.